نەرمین کاوانی: کۆرۆنا لە شەو و رۆژێکدا لەپێی خستم
رووداو - هەولێر
نەرمین کاوانی، شانۆکار و هونەرمەندی بەنێوبانگی سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، لەبارەی نەخۆشییەکەی دەڵێت، ڤایرۆسەکەی بە سووکی گرتووە و تاوەکو ئێستا پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد نەبووە.
نەرمین کاوانی لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵە هونەرییەکانی رووداو لە رێگەی سکایپەوە، باسی لە سەرەتای تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە کرد و گوتی نیشانەکانی ڤایرۆسەکە "یەکشەممەی پێشوو، بە لەرزوتایەکی زۆر دەستی پێکرد، لەدوای شەو و رۆژێک بووە ئازار لە قاچ و دەست و سەرم کە وایلێکردم نەتوانم بڕۆم".
ئەو هونەرمەندە باس لەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی ژمارەیەکی زۆر تووشبووی کۆرۆنا روویان تێدەکات، ئەو دوو رۆژ خۆی گرتووە و نەچووەتە نەخۆشخانە "ئەمویست لە ماڵەوە خۆم چارەسەربکەم، بەڵام نەمتوانی زیاتر خۆم بگرم و چوومە نەخۆشخانەیەکی تایبەت، لەوێ پێیان گوتم سەرمات بووە".
نەرمین کاوانی بە گوتەی خۆی، سەرەتا باوەڕی نەکردووە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت، دەڵێت "دواتر چوومە نەخۆشخانەی شار و دوای پشکنین دەرکەوت کە من گومانی تووشبوونی کۆرۆنام لێدەکرێت".
ئەو هونەرمەند و شانۆکارەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، ئێستا چارەسەر وەردەگرێت "لەرز و تایەکی زۆرم هەیە و سکم تووندە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامێری هەناسەدانی دەستکردم بۆ دانەنراوە".
لەبارەی دۆخی تەندروستیی خۆی، ئەو هونەرمەندە دەڵێت، "پزیشکەکان بەباشیان زانی کە من لە نەخۆشخانە دەربچم، بەڵام بەو بەڵێنەی کە خۆم جیا بکەمەوە و کەس نەمبینێت. لەژێر چاودێریی پزیشکەکاندام و چارەسەر وەردەگرم".
نەرمین کاوانی پەیامی بۆ هاونیشتمانیان هەیە کە خۆیان لە ڤایرۆسەکە بپارێزن "داوایان لێدەکەم ئاگایان لەخۆیان بێت و خۆیان بپارێزن.. تکایە مەچنە قەرەباڵخییەوە، بۆ ئەوەی تووشی ئەو ئازارە نەبن کە من تووشی بووم".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، زۆرترین تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانین کە 810 کەسن و لەو ژمارەیە 246 کەسیان چاکبوونەتەوە و 23 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش هەزار و 324 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە 537 کەسیان چارەسەرکراون و 760 کەس ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا چالاکە. 27 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.