عێراق فیلمی 'ئەزموون' بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە ئۆسکاردا هەڵبژارد
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی 'ئەزموون' لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی، دەرهێنەری کورد، وەک نوێنەی سینەمای عێراق بۆ بەشی پێشبڕکێی فیلمە بیانییەکانی ئۆسکاری 2023 بەربژێرکراوە.
'ئەزموون' بەرهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیاییە و ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتیی هەیە و تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک دیاردەی نێو کۆمەڵگە، لەوانە دیارەدەیەکی گرێدراوی بواری پەروەردەیە و سەختییەکانی لە باشووری کوردستان رووبەڕووی ژن دەبنەوە.
شەوکەت ئەمین کورکی بە رووداوی راگەیاند، مایەی دڵخۆشییە عێراق بەرهەمی سینەماکارێکی کورد بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە ئۆسکاردا هەڵدەبژێرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد سینەما و فیلمی پێشکەوتووی هەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە 2015 فیلمێکی دیکەی بەناوی 'بیرەوەرییەکانی سەر بەرد' بە هەمان شێوە بۆ نوێنەرایەتیکردن بەناوی عێراقەوە بۆ ئۆسکار نێردرا. گوتیشی "هیوادارم ئەمجارە فیلمەکەم بتوانێت بگاتە کورتەلیستی فیلمە بیانییەکانی ئۆسکار".
'ئەزموون' چیرۆکی خوێندکارێکی پۆلی 12 دەخاتەڕوو کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی نمرەیەکی باشە لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدا، بەڵام رووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەیبەن.
ئەم بەرهەمە سینەماییە براوەی چەندین خەڵاتی جیهانییە، لەوانە خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سانتا باربارا لە ئەمریکا، خەڵاتی رەخنەگرانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کارلۆڤی ڤاری لە چیک، خەڵاتی ژووریی مۆنس لە بەلجیکا و خەڵاتی 'سندووقی جەماوەری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان' لە 43یەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە لە میسر.
پێشتر خەڵاتی باشترین دیزاینی پۆستهری لە پێشانگەی گرافیکی 'تورکیا' بهدهستهێناوە، پۆستەرەکە لەلایەن ئۆندێر ساکیپ دۆندهر، هونهرمهندی گرافیست دیزاینکراوە.
لە فیلمەکەدا ئاڤان جەمال، ڤانیا سالار، شوان عەتووف، حوسێن حەسەن، هۆشیار نێروەیی و کۆمەڵێک ئەکتەری دیکە بەشدارن.
'ئەزموون' چوارەمین فیلمی بڵندی کورکییە و لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە.
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای 'میتۆس فیلم'ـی بەرلین و کۆمپانیای 'مەستی فیلم'ـی سلێمانییە، بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای 'ئاڕت هوود' لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.