ئیلیاس یاڵچنتاش کۆنسێرتێک لە هەولێر سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئیلیاس یاڵچنتاش، هونەرمەندی تورک، سەردانی هەولێر دەکات و کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی سازدەکات.
 
ریمۆند عەبود، رێکخەری کۆنسێرتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 18 ئەم مانگە کۆنسێرتێک بۆ ئیلیاس یاڵچنتاش، هونەرمەندی ناسراوی تورک سازدەکەن، تێیدا گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی پێشکێش بە هەوادارانی لە هەولێر دەکات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە لە درێژەی ئەو کۆنسێرتانە دێت کە ئەمساڵ بۆ هونەرمەندانی کورد و بیانی سازی دەکەن و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن و چەند ئەستێرەیەکی دیاری جیهان بۆ کوردستان دێنن.
 
رێکخەرانی کۆنسێرتەکە پێشتر کۆنسێرتیان بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و بیانی سازکردووە، دیارترینیان، عەدنان کەریم، سەنا بەرزنجە، راغب عەلامە و میریام فارس.
 
ئیلیاس یاڵچنتاش، لە 7 ئازاری 1989 لە شاری ئەرزینجانی تورکیا لەدایکبووە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا وەک گیتارژەن هاتووەتە نێو دنیای هونەر، لە 2014 بە گۆرانی 'İncir' بەشداری لە بەرنامەیەکی پێشبڕکێی بەهرەمەندان کرد و بەهۆیەوە ناسرا.
 
لە 2015 یەکەم ئەلبوومی گۆرانی و لە 2016 دووەم ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردەوە و ڤیدیۆکلیپەکانی بە سەتان ملیۆن بینەریان هەیە، یەکێک لەوانە ڤیدیۆکلیپی 'Icimdeki Duman'یە کە 173 ملیۆن بینەری هەیە.