دەروون سەعید ڤیدیۆکلیپێکی میوزیکی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
د. دەروون سەعید، میوزیکژەن و پزیشکی ددانە، بەرهەمێکی میوزیکیی بەناوی 'بێ کۆتا' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە، تێیدا ئاوازێک بە ئامێری کەمانچە دەژەنێت.
هونەرمەند دەروون سەعید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'بێ کۆتا' لە ئاواز، دابەشکردن، میکس و ماسترینگی زانا عەبدوڵڵاهی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ژمارەیەک ژەنیاری دیکە تێیدا بەشدارن.
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لەلایەن زێد ئەی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و داڤید عەباسی کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە و لە تۆەڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە.
دەروون سەعید، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە کارگەی کولتووری لە سلێمانی وێنەگیراو.
پێشتر دەروون سەعید و زانا عەبدوڵڵاهی بەرهەمێکی دیکەی هاوبەشیان هەبووە، ئەویش کەڤرکردنی میوزیکی گۆرانی 'دەنگی ساز دێ' بوو.
'دەنگی ساز دێ' یەکێک لە بەرهەمەکانی عەلی مەردان، هونەرمەندی کوردە و لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد گوتراوەتەوە و ئاوازەکەیشی کەڤەرکراوەتەوە.