هێڵی لەڤ بە ئینگلیزی و عەرەبی گۆرانی بۆ مۆندیال دەڵێت
رووداو دیجیتاڵ
کەش و هەوای مۆندیالی 2022 تا دێت گەرمتر دەبێت و هەڵبژاردەی بەهێز ماڵئاواییان لە مۆندیال کرد، ئەویش هەڵبژاردەی بەڕازیل، هۆڵەندا، ئینگڵتەڕا، پورتوگال بوو، لەگەڵ ئەو گەڕموگوڕییە، هەونەرمەندانیش مۆندیالیان بە بەرهەمەکانیان گەرم و گوڕتر کردووە، لەوانە هونەرمەند هێڵی لەڤ.
هێڵی لەڤ، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'Go Go Ale Ale' بۆ مۆندیالی 2022 لە قەتەر، بڵاوکردەوە کە ئاوازی خۆیەتی و لە تێکستی پرێنس سلومو و زیزۆیە.
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لەلایەن محەممەد شێروانی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و دیمەنەکانی لەسەر قەڵای هەولێر وێنەگیراون و دیمەنی نێو کەمپی پەنابەر و ئاوارەکانی لەخۆدەگرێت، تێیدا چەند منداڵێک دەردەکەون کە تۆپیان بەدەستەوەیە.
هێڵی لەڤ، لە ڤیدیۆکلیپەکەدا درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتن، بەڕازیل و پورتوگالی پۆشیوە و بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی گۆرانی دەڵێت.
ڤیدیۆیەکی ڤیدیۆکلیپەکە بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمە، لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
'کوردیش باربی' دوایین بەرهەمی راپی، هونەرمەند هێڵی لەڤە و سێیەمی بەرهەمیەتی کە کۆمپانیای سۆنی بۆی بەرهەمدێنێت و بە زمانی ئینگلیزییە و لە 20ـی ئایاری 2022 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
هێڵی لەڤ، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'کوردیش باربی' نوێترین بەرهەمیەتی و لە کوردستان و ئەڵمانیا وێنەگیراوە و بە ستایلی راپی ئەمریکی گوتراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپەکە دەبێتە سێیەم کاری هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سۆنی و پێشتریش دوو بەرهەمی دیکەی بۆ بەرهەمهێناوە.
تێکست و ئاوازی راپەکە لەلایەن کۆمپانیای سۆنی دانراوە و هێڵی لەڤ و لیڕۆی کاری دەرهێنانیان بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە.
هێڵی لەڤ پێشتر بەرهەمێکی دیکەی دوێتی لەگەڵ ئاردیان بوجوپی، راپەری ئەلبانی – ئەڵمانی، بەناوی 'Guns & Roses' لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2018 بڵاوکردەوە و زیاتر لە 23 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.
ئەو هونەرمەندە یەکەم ڤیدیۆکلیپی بەناوی 'Risk It All' لە 2014 بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری لە کوردستان هەبوو، ساڵی دواتر ڤیدیۆکلیپێکی دیکەی بەناوی 'Revolution' بڵاوکردەوە و بە جلی سەربازی و چەک و فیشەکەوە لەم بەرهەمدا دەرکەوت.
بەرهەمەکانی ئەو گۆرانیبێژە کوردە دەنگدانەوەی جیهانییان هەبووە و سەرنجی میدیا جیهانییەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و چەندین کەناڵی بەناوبانگی جیهانی هەڤپەیڤینیان لەگەڵدا ئەنجامداوە.
هێڵی لەڤ ناوی تەواوی هێڵی ن عەبدوڵڵایە، گۆرانیبێژ، ئەکتەر، سەماکار و نمایشکاری جلوبەرگە، لە 16ـی تشرینی دووەمی 1988 لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و خۆی خەڵکی دهۆکی باشووری کوردستانە، دواتر لەگەڵ ماڵباتەکەی روویان لە تورکیا کردووە، دواتریش لە فینلەند نیشتەجێبوونە، دەستپێکی کاری هونەریی کەڤەرکردنی گۆرانی بووە و لە مایسپەیس و یوتیوب بڵاویکردوونەتەوە.
ئەو هونەرمەندە لە 2014 رێکخراوی لەڤ هاوسی دامەزراند کە ئامانجی هاوکاریکردنی خەڵک و مافی ئاژەڵانە.