چیا مەدەنی میوزیکی گۆرانییەکی مەزهەر خاڵقی نوێ دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
چیا مەدەنی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرهەمێکی میوزیکی بەناوی 'ئیشقی وڵات' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
'ئیشقی وڵات' یەکێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند مەزهەر خاڵقییە و لەلایەن هونەرمەند چیا مەدەنی میوزیکەکەی کەڤرکراوەتەوە و دابەشکردنێکی نوێی میوزیکی بۆ کراوە.
چیا مەدەنی لەبارەی ئەم بەرهەمە بە رووداوی راگەیاند، 'ئیشقی وڵات'، ئەوین و سۆزێکی خۆیەتی لە دوورە وڵاتەوە بۆ نیشتمان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دیمەنی ڤیدیۆکلیپەکە لە سوێد لەلایەن کوردە عومەر و دیمەنەکانی کوردستان لەلایەن هەڵمەت عومەرەوە وێنەگیراون و خۆیشی کاری دەرهێنان و مۆنتاژی بۆ کردووە.
چیا مەدەنی، کاری دابەشکردنی بۆ میوزیکەکە کردووە و ئامێری پیانۆی ژەنیوە و پەیام تۆنی، ئامێری ڤایۆلین و ڤیۆلای و کەریم قوربانی ئامیری چەلۆی ژەنیوە و ئومید راهرۆ، کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە.
چیا مەدەنی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە سوێد دەژی، وەک ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ و دەرهێنەر بەرهەمی هەیە و خاوەنی چەند گۆرانی و ڤیدیۆکلیپێکە.