هیوا سوعاد: 180 ملیۆن دینار بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر تەرخانکراوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای سێ ساڵ وەستانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، ئەمڕۆ حەوتەمین خولی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت و سەرۆکی فێستیڤاڵ دەڵێت، سێ جار داوکاریان پێشکیشکردووە تاوەکو رێگە بە سازکردنی دراوە و 180 ملیۆن دینار وەک بودجە بۆی دیاریکراوە.
 
هیوا سوعاد، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو زۆربەی شاندەکان گەیشتنە کوردستان و کاژێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ فێستیڤاڵەکە دەستپێدەکات، هیوای ئەوەشی خواست، هونەرمەندان و هونەردۆستانی لە هەولێر روو لە هۆڵە شانۆییەکان بکەن.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، سێ ساڵە بەڕێوە نەچووە، سەرۆکی فێستیڤاڵ، لەمبارەیەوە دەڵێت، هۆکاری بەڕێوە نەچوونی فیستیڤاڵەکە لە سێ ساڵی رابردوودا، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی بووە، بەڵام بەشی هەر گرنگی ئەوەبوو کە "تێنەگەیشتنێک بۆ گرنگی فێستیڤاڵەکە هەیە و جیاوازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ فێستیڤاڵەکانی کوردستان کراوە".
 
روونیشیکردەوە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، تاکە فێستیڤاڵە سێ ساڵە وەستاوە، لە کاتێکدا فێستیڤاڵەکانی دیکە بەردەوامن و بایەخیشیان پێدەدرێت. 
 
بڕیاربوو حەوتەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 27ـی ئازاری 2022 بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند جارێک سازکردنی رەتکرایەوە.
 
لەمبارەیەوە هیوا سوعاد دەڵێت، بۆ مانگی ئازار داوکاریمان پێشکێشکرد، بەڵام رەتکرایەوە، لە مانگی ئایار دووبارە داوایان کرد سازبکرێت، جارێکی دیکە رەتکرایەوە، مانگی ئاب جارێکی دیکە داوکارییان پێشکێشکرد و رەتکرایەوە، دواتر بە هەوڵی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەولێر و هونەرمەندان کۆبوونەوە و توانیان حکومەت رازی بکەن.
 
ئەوەی لە فێستیڤاڵەکەدا سەرنجڕاكێشە بەشداری گرووپی شانۆیی رووسیا و ئۆکراینایە کە ئێستا ئەو دوو وڵاتە لە جەنگدان و بەرهەمی هونەرمەندانی رووسیا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بایکۆتکراون.
 
سەرۆکی فێستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ، دەڵێت "پەیامی ئێمە ئەوەیە، کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی کە شوێنێکی سەقامگیرە و ئێمەی کورد بەردەوام هەوڵی ئاشتیخوازیمان داوە، دواتر ئۆکراینا و رووسیا کە دوو وڵاتی شەڕکەرن، لە هەولێرێکی سەقامگیر خۆیان دەبیننەوە، خۆی گرنگە دوو وڵاتی دژ بە یەک رازی بکەین لەسەر یەک تەختی شانۆ بەرهەمەکانیان نمایش بکەن".  
 
رەتکردنەوەی سازکردنی فێستیڤاڵەکە بەهۆی زۆری بودجەکەی بووە، هیوا سوعاد، بودجەکە ئاشکرا دەکات کە 180 ملیۆن دینارە و دەپرسێت ئەمە زۆرە؟ گوتیشی "خەڵکێک هەیە ئێوارەیەک یەک بۆنە ساز دەکەن، سی چل ملیۆنیان بۆ خەرج دەکرێت".
 
گوتیشی، هونەرمەندیان لە نۆ وڵاتەوە هێناوە و 15 شانۆگەری پێشکێش دەکەن و 230 هونەرمەندیان داوتکردووە و لە سێ هوتێل دەمێننەوە و رۆژانە خواردنیان بۆ دابین دەکرێت و خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ زێڕن.
 
چالاکییەکانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ، کاژێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2022، لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر دەستپێدەکات و تاوەکو 18 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت و بینینی شانۆگەرییەکان بە خۆڕاییە.
 
جگە لە بەرهەمی شانۆیی کوردستان، بڕیارە بەرهەمی شانۆیی لە وڵاتانی رووسیا، ئۆکراینا، ئیتاڵیا، تورکیا، میسر، تونس، سووریا، ئێران، پۆڵەند، لیبیا، ئوردن و عومان بەشداربن.
 
بڕیارە لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵدا، شانۆگەری 'شالیر و جادووگەرانی ماگبێس' لە کاژێر هە8:00ـی شەو لە هۆڵی پێشەوا نمایش بکرێت.
 
لە رۆژانی دواتر، رۆژانە سێ نمایشی شانۆیی لە سێ شوێنی جیاواز نمایش دەکرێن، ئەویش هۆڵی رۆشنبیری، هۆڵی میدیا و هۆڵی چالاکی قوتابخانەکانە و لە دوایین رۆژی فێستیڤاڵیش شانۆگەرییەک لە هۆڵی پێشەوا نمایش دەکرێت، دواتر خەڵاتەکان پێشکێش بە براوەکانی فێستیڤاڵ دەکرێن.