ژینێ ئەتروشی باری تەندروستیی باشترە و دوو بەرهەمی نوێ بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ژینێ ئەتروشی، کە تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەیە، بەم دواییە باری تەندروستیی تێکچوو، بەڵام ئێستا تەندروستیی بەرەو باشتر دەچێت و ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی دوو بەرهەمی نوێ دەکات.
 
ئەفشین شوکری، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمێکی دوێتی لەگەڵ هونەرمەند ژینێ ئەتروشی تۆمارکردووە، ئەویش کەڤەرکردنی گۆرانییەکی کرمانجی سەرووە و بەم نزیکانە بڵاوی دەکەنەوە.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ژینێ ئەتروشی جگە لەم بەرهەمە، بەرهەمێکی دیکەی نوێی تۆمارکردووە کە لە تێکست و ئاوازی هونەرمەند هەردی سەلامییە و ئەو کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە و بەر لە هاتنی ساڵی نوێ بڵاودەکرێتەوە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، ژینێ ئەتروشی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە باری تەندروستیی تێکچوو، بەڵام ئەفشین شوکری، دەڵێت بۆ رووداو پەیوەندی بەو هونەرمەندەوە کردووە و گوتوویەتی "تەندروستم باشترە".
 
ژینێ ئەتروشی لە 1998 لەدایكبووە، خەڵکی دهۆکە، بەڵام لە نەرویج ژیاوە، چەند ساڵێکە دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەند گۆرانی و ڤیدیۆکلیپێکە.