لە هۆڵیوودەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ؛ گراندی و بەیلی لەدوای فیلمی Wicked پێکەوە دەردەکەونەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای سەرکەوتنە گەورەکەی لە فیلمی Wicked بەدەستیان هێنا، هەردوو ئەستێرەی جیهانی، ئاریانا گراندی و جۆناسان بەیلی، جارێکی دیکە پێکەوە دەردەکەونەوە، بەڵام ئەمجارە لەسەر تەختەی شانۆ.
 
بڕیارە ئەم دوو هونەرمەندە لە هاوینی 2027 لە شانۆی باربیکانی لەندەن، رۆڵ لە نوێکردنەوەی میوزیکاڵی بەناوبانگی Sunday in the Park with George ببینن.
 
ئاریانا و جۆناسان، هەواڵەکەیان بەشێوازێکی هونەری لە هەژماری ئینستاگرامی خۆیان بڵاوکردەوە و وێنەیەکی هاوبەشیان لەبەردەم تابلۆ بەناوبانگەکەی جۆرج سیرا داناوە، چیرۆکی شانۆگەرییەکە لەم تابلۆیەوە وەرگیراوە و بەشێک لە گۆرانییەکانی نێو شانۆگەرییەکەیان لەسەر نووسیوە.
 
ئەم دوو ئەستێرەیە، کە پێشتر لە رۆڵەکانی گلیندا و فیێرۆ لە فیلمی Wicked و بەشی دووەمی For Good بینەرانیان سەرسام کردبوو، ئێستا دەیانەوێت سیحری خۆیان لە هۆڵیوودەوە بگوازنەوە بۆ سەر شانۆکانی لەندەن. جێگەی باسە ئاریانا گراندی ساڵی رابردوو پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بوو، ئەمەش چاوەڕوانییەکانی بۆ ئەم بەرهەمە نوێیە زیاتر کردووە.
 
شانۆگەرییەکە باس لە چیرۆکی نیگارکێشێکی فەرەنسی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەکات بەناوی دۆت، کە پێشبینی دەکرێت ئاریانا رۆڵی سەرەکی تێدا ببینێت.
 
جگە لەم پرۆژەیە، ئاریانا گراندی لە ساڵی 2026دا بۆ ماوەیەک لە لەندەن دەبێت و 10 کۆنسێرت لە هۆڵی The O2 ساز دەکات. هەرچەندە پێشتر بە هەوادارانی راگەیاندبوو کە رەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ گەشتی هونەری ئەنجام نەدات، بەڵام دەرکەوتنەوەی لەگەڵ هاوڕێ ئەکتەرەکەی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا بە تەواوی لە شانۆ و هونەر دوورنەکەوتووەتەوە.
 
بڕیارە بلیتی ئەم شانۆگەرییە لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بۆ فرۆشتن بخرێتەڕوو.