عەزیز وەیسی ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
عەزیزی وەیسی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوای ئەوەی دوێنێ دەستبەسەرکرا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە کەفالەت ئازادکرا.
سەیران عوسمان، هونەرمەند و بووکی عەزیز وەیسی بە رووداوی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 16 تشرینی یەکەم 2022، هونەرمەند عەزیز وەیسی بە کەفالەت ئازادکرا.
سەهەند وەیسی، کوڕی عەزیز وەیسی دوێنی شەممە 15 تشرینی یەکەم 2022 بە بە رووداوی راگەیاند، رۆژی شەممە باوکی بانگهێشتی لقی 16ی دادگەی کرماشان کرا و دوای ئەوەی لەوێ دەستبەسەر کراوە، گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی هێزە ئەمنییەکانی کرماشان.
عەزیز وەیسی بەم دواییە لە هەژماری تایبەتیی لە ئیستگرام پۆست و ستۆری لەبارەی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردبووە، هەروەها گۆرانییەکی لەبارەی ئەو دۆخە بڵاوکردەوە.
عەزیز وەیسی، لە 1968 لە سەلاسی باوەجانی سەر بە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، گۆرانی بە زمانی کوردی و فارسی دەڵێت، بە گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێ ناوبانگی پەیداکردووە.
ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەند ئەلبوومێکی گۆرانییە، لەوانە 'بەمۆ'، 'سەهەند'، 'سۆما'، 'دیلان'، 'سەما'، 'هەرزانە' و 'نەورۆز'.
لە بەهاری ئەمساڵدا، عەزیزی وەیسی، دوو ڤیدیۆکلیپی دوێتی لەگەڵ هونەرمەندان میران عەلی بەناوی 'قوربانی بم' و هونەرمەند مەجید بەناوی 'زۆر زۆر، کەم کەم' بڵاوکردەوە.
لە مانگی رابردووەوە، دوای ئەو خۆپێشاندانانەی لە کاردانەوەی گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی سەریان هەڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد و بیانی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم و پەیامی هاوسۆزی، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندانی کچان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیوە.