خەڵاتەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دابەشکران؛ 'زەوی سەخت و ئاسمان دوور' و 'نابێ بگوازرێینەوە' براوەی گەورە بوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، دوای هەشت رۆژ لە نمایشی فیلم و چالاکیی جۆراوجۆر، رۆژی پێنجشەممە، 16ی تشرینی یەکەمی 2025، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا کۆتایی بە کارەکانی هێنا. 
 
لە رۆژی کۆتاییدا، 19 خەڵاتی "بەڕووی ئاڵتوونی" بەسەر براوەکانی بەشە جیاوازەکانی پێشبڕکێی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دابەشکران، کە تێیدا فیلمی کوردیی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" و فیلمی نێودەوڵەتی "نابێ بگوازرێینەوە" زۆرترین خەڵاتیان بەدەستهێنا و بوونە براوەی گەورەی فێستیڤاڵ.
 
لە بەشی پێشبڕکێی فیلمی درێژی نێودەوڵەتیدا، فیلمی "نابێ بگوازرێینەوە" (We Shall Not Be Moved) بووە براوەی گەورە و چوار خەڵاتی سەرەکیی بەدەستهێنا، کە بریتیبوون لە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر بۆ پیێر سانت مارتین، باشترین ئەکتەری کچ بۆ لویسا هوێرتاس و باشترین سینەماتۆگرافەر بۆ سێسار گوتیێرێز میراندا.
 
هاوکات لە بەشی پێشبڕکێی فیلمی درێژی ناوخۆییدا، فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە دەرهێنانی هەوراز محەممەد، سێ خەڵاتی سەرەکیی بردەوە، کە بریتیبوون لە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر بۆ هەوراز محەممەد و باشترین ئەکتەری کچ بۆ مەریەم بۆبانی.
 
براوەکانی دیکەی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بریتیبوون لە:
 
باشترین فیلمی درێژی ناوخۆیی: فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور".
 
خەڵاتی دادوەران لە فیلمی درێژی ناوخۆیی: فیلمی "لە شوێنی نەبینراو".
 
باشترین سیناریۆ (ناوخۆیی): ئایشێ پۆڵات بۆ فیلمی "شوێنی نەبینراو".
 
باشترین سینەماتۆگرافەر (ناوخۆیی): سالم سەڵەواتی بۆ فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور".
 
باشترین ئەکتەری کوڕ (نێودەوڵەتی): ئێکۆن ریزڤانۆلی بۆ فیلمی "تاوەری هێز".
 
خەڵاتی تایبەتی دادوەران بۆ ئەکتەری کوڕ: ژیکوری بۆ فیلمی "گەشتێک بۆ زەوی تارهومارا".
 
خەڵاتی رێزلێنانی تایبەت بۆ ئەکتەری کچ: سەمیرە حەسەنپوور بۆ فیلمی "6ی بەیانی".
 
باشترین سیناریۆ (نێودەوڵەتی): مەحموود کەلاری بۆ فیلمی "کاتی هاوین".
 
باشترین فیلمی دۆکیومێنتاری نێودەوڵەتی: فیلمی "دایەگەورە و ماسییەکان".
 
باشترین فیلمی دۆکیومێنتاری ناوخۆیی: فیلمی "حەبیبوڵڵا".
 
باشترین کورتە فیلمی نێودەوڵەتی: فیلمی "مۆری".
 
باشترین کورتە فیلمی ناوخۆیی: فیلمی "کوڕ".
 
باشترین کورتە فیلمی ناوخۆیی لاوان: فیلمی "بەلەمە کاغەزەکەم".
 
باشترین سیناریۆی کورتە فیلمی ناوخۆیی: ساکار عوسمان بۆ فیلمی "قەیفەی سووری".
 
فێستیڤاڵێک بۆ کولتووری کوردی و زمانی دایک
 
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە دروشمی "کولتووری کوردی و زمانی دایک"، لە رۆژانی 9 تاوەکو 16ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە هاوبەشیی سەرەکیی زانکۆی سلێمانی و بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو. 
 
فێستیڤاڵی ئەم ساڵ کە بە گەورەتر و بەرفراوانتر لە خولەکانی پێشوو وەسفکرا، 150 فیلمی لە کۆی 1500 فیلمی نێردراو لە 30 وڵاتی جیاوازەوە نمایشکرد.
 
رێوڕەسمی دەستپێکی فێستیڤاڵ رۆژی چوارشەممە، 9ی تشرینی یەکەم، لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئەکتەر، دەرهێنەر و ئەستێرەکان لەسەر فەرشی سوور دەرکەوتن. 
 
لە رۆژی یەکەمدا، پێشانگەیەکی شێوەکاریی سیرامیک کرایەوە و گرووپی میوزیکیی "پاییز" چەند بەرهەمێکیان پێشکێش کرد. فیلمی سینەمایی کوردی "زەردبوونی گەڵای دار گوێزەکان" وەک فیلمی دەستپێک نمایشکرا.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا، چوار خەڵاتی رێزلێنانی "سنەوبەری ئاڵتوونی" بەخشرانە چوار کەسایەتیی دیار:
 
خەڵاتی ئەحمەد کایا: بەخشرا بە ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و رووناکبیری تورک.
 
خەڵاتی ته‌های کەریمی: بەخشرا بە مام پۆڵا، وەک رێزێک بۆ پشتیوانییەکانی لە سینەمای کوردی.
 
خەڵاتی شەهید پەرچەم: بەخشرا بە ژیان ئیبراهیم خەیات، ئەکتەری کورد.
 
خەڵاتی شکۆمەندی: بەخشرا بە بێژەن کامکار، هونەرمەندی ناسراوی کورد.
 
لە ماوەی هەشت رۆژی فێستیڤاڵدا، جگە لە نمایشی 150 فیلم، پێنج پانێلی ئەکادیمی لە زانکۆی سلێمانی سازکران کە تێیدا باس لە "وێنەی ژن لە سینەمادا"، "چۆنیەتیی دەستکەوتنی پاڵپشتیی دارایی بۆ فیلم" و رۆڵی هونەر وەک باڵیۆزی کولتووری کرا.
 
تۆڕی میدیایی رووداو، وەک سپۆنسەری میدیایی، رووماڵێکی فراوانی چالاکییەکانی کرد و بە 31 بەڵگەفیلمیش لە دەرەوەی پێشبڕکێ بەشداریی کرد، کە لە هۆڵێکی تایبەت لە ستی سینەما نمایشکران و پێشوازییەکی گەرمی بینەرانیان لێکرا.
 
 
 
لایڤی دابەشکردنی خەڵاتەکە: