رۆمی هەرکی بە نەخۆشییەوە کار بۆ چەند بەرهەمێکی نوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند رۆمی هەرکی، هەرچەند بەهۆی نەخۆشییەکەوە ئێستا لەسەر کورسییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرقاڵی کاری هونەرییە و کار بۆ ژمارەیەک گۆرانی نوێ دەکات، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو یەکێک لە گۆرانییەکان بڵاوبکاتەوە.
رۆمی هەرکی بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی باری تەندروستیی، ئێستا لەسەر کورسییە، بەڵام لە کارە هونەرییەکانی بەردەوامە و لە سێ هەفتەی داهاتوودا گۆرانییەکی ماشۆپی بڵاودەبێتەوە کە سێ گۆرانی هونەرمەندانی دوو هونەرمەندی کورد لەخۆدەگرێت، دوو لە گۆرانییەکان بەرهەمی هونەرمەند محەممەد عارف جزیرین، جگە لە دوو گۆرانی دیکە کە بەنیازە لە داهاتوودا تۆماریان بکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە 21 ئەم مانگە، کۆنسێرتێک لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر بەشدار دەبێت کە هەریەک لە هونەرمەندان هێڵی لەڤ هونەرمەندی کورد و سوپەر ساکۆ راپەری ئەرمەنی و ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە تێیدا بەشدار دەبن.
دوایین کاری هونەری رۆمی هەرکی، ڤیدیۆکلیپێکی دوێت بوو لەگەڵ هونەرمەند ئەلند حازم کە بە ناوی 'خوشمێر'ـە، لە 20 تەمموزی 2021 بڵاوکرایەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و 700 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
یەکێک لە بەرهەمە بەهێزەکانی رۆمی هەرکی بەناوی 'لاوکێ من'ـە کە ئەویش گۆرانییەکی دوێتە لەگەڵ ئەلند حازم، لە 31 کانوونی یەکەمی 2020 بڵاوکرایەوە و لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا زیاتر لە 23 ملیۆن و 800 هەزار بینەری هەیە.
رۆمی هەرکی لە 1993 لە هەولێر لە دایکبووە، لە 2015 دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، تاوەکو ئێستا پێنج ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە، یەک ئەلبوومی گۆرانیشی تایبەت بە هەڵپەڕکێ هەیە.
جگە لە گۆرانیگوتن، ئەو گۆرانیبێژە دەیەوێت لە بواری سینەماشدا خۆی تاقیبکاتەوە و بڕیارە لە فیلمێکی دراماییدا لەبارەی پێشمەرگە رۆڵی سەرەکی بگێڕێت و لە ماوەی داهاتوودا کاری وێنەگرتنی بۆ دەکرێت.
ڤیدیۆکلیپەکانی رۆمی هەرکی لە سەرووی ملیۆن بینەریان هەیە، لەوانە ڤیدیۆکلیپی 'هاوڕێ' کە بەشێوەی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند تەها قادر کە لە 7 تشرینی دووەمی 2020 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن و 647 هەزار بینەری هەیە.
هەروەها ڤیدیۆکلیپێکی دیکەی بەناوی 'شەکرێ' کە لە 23 ئازاری 2020 بڵاوکرایەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن و 453 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە، هەروەها ڤیدیۆکلیپی 'جانێ' کە لە 26 ئایاری 2020 بڵاوکرایەوە، زیاتر لە چوار ملیۆن و 131 هەزار بینەری هەیە.
رۆمی هەرکی لە گۆرانی هەڵپەڕکێ و خێرادا لێهاتووە و بۆ ئاهەنگەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و ئاهەنگی بۆنە کۆمەڵایەتییەکان داخوازی زۆری لەسەرە و وەک خۆی دەڵێت "گرانترین گۆرانیبێژی ئاهەنگەکانم".
ئەو گۆرانیبێژە ڤیدیۆی ئاهەنگەکانی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر بڵاودەکرێنەوە و بینەری زۆریان هەیە.