شەیدا: ئەرکی هونەرمەندە لە بەرهەمەکانیدا گەشبینی ببەخشێت

رووداو دیجیتاڵ

شەیدا، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی دوو بەرهەم دەکات و لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکانیان تەواو دەبێت و بڵاویان دەکاتەوە.
 
شەیدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'تێنە دلم' یەکێک لە گۆرانییە کۆنەکانیەتی و بەم دواییە بە میوزیک و ستایلێکی نوێ دووبارەی کردووەتەوە و بڕیارە بەم نزیکانە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوی بکاتەوە.
 
گۆرانی 'تێنە دلم' لە تێکستی نوشین بێجرمانییە و لە ئاوازی شەیدایە، عامر حەسەن کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە و دەورێش پێل وەک ژەنیاری پیانۆ تێیدا بەشدار بووە.
 
ئەو هونەرمەند کوردە کە ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'شەڤا تاڕی' بەرهەمهێناوە و بە نیازە لە ماوەی مانگێک یان دوو مانگی داهاتوو بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوی بکاتەوە. گوتیشی "گۆرانییەکە گەشبینیی تێدایە و بە بڕوای من ئەرکی هونەرمەندە لە بەرهەمەکانیدا گەشبینیی ببەخشێت".
 
خالید عومەر تێکستی گۆرانی 'شەڤا تاڕی'ـی نووسیوە و لە ئاوازی هونەرمەند شەیدایە و میلاد ئۆمەری کاری تۆمارکردن و میکس و ماسترینگی بۆ کردووە و ئازاد میدی دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپەکەیە.
 
شەیدا، دوایین گۆرانیی بەناوی 'سپێدە باش' لە 30 نیسانی 2022 بە هەردوو زاراوەی کرمانجی سەروو و خواروو بڵاوکردەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە تێکستی خالید عومەرە و لە ئاوازی شەیدایە و عامر حەسەن کاری تۆمارکردن و میکس و ماسترینگی بۆ گۆرانییەکە کردووە.
 
شەیدا هونەرمەندێکی پڕ بەرهەمە و بەر لە گۆرانی 'سپێدە باش' ڤیدیۆکلیپی 'گولا مالێ'ـی بڵاوکردەوە کە لە تێکستی براکەی هونەرمەند سەفقان ئۆرکێش بوو و لە کۆتایی 2021 بڵاوکرایەوە.
 
'گولا مالێ' لە ئاوازی شەیدایە، عامر حەسەن کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی شەیدا بڵاوکراوەتەوە و لە دەرهێنانی هۆگر هادییە.
  
لەم بەرهەمەدا سێوی مێخەکڕێژ بەدی دەکرێت کە لە کولتووری کوردیدا هەیە و مێژووییەکی دێرینی هەیە و بە گوتەی ئەوانەی هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو کولتوورە دەدەن، مێژووەکەی چوار بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و لەو سەردەمەدا کاتێک دوو کەس یەکدیان خۆشویستووە، بەم سێوە؛ خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکدی دەربڕیوە.
 
شەیدا ناوی تەواوی ئەحمەد رەمەزانە، ساڵی 1971 لە شاری عامودای رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانی و چەندین ڤیدیۆکلیپە.