خەڵاتی 'AFI' دەبەخشرێتە نیکۆڵ کیدمان
رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی 'AFI'ـی 2023ـی پەیمانگای فیلمی ئەمریکی، بە نیکۆڵ کیدمان، ئەکتەری ئۆسترالی و ئەستێرەی سینەمای هۆلیوود و جیهان دەبەخشرێت.
نیکۆڵ کیدمان کە براوەی خەڵاتی ئۆسکار و چەندین خەڵاتی جیهانییە، خەڵاتکردنی ئەمجارەی، رێزگرتنە لە بەشداریی کارای لە بەرهەمە سینەمایی و تەلەڤزیۆنییەکاندا کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا پێی دەبەخشرێت.
براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکە، جولی ئەندرۆس، ئەکتەر و گۆرانیبێژی بەریتانی بوو و پێشتر هەردوو ئەکتەری ئەمریکی دێنزڵ واشنتن و جۆرج کلۆنی ئەم خەڵاتەیان پێبەخشراوە.
نیکۆڵ کیدمان کە پێنج جار بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بووە وەک باشترین ئەکتەری ژن و یەکجار بەدەستی هێناوە، یەکەم ئەکتەری ئوسترالییە ئەو خەڵاتەی وەک رێزێک لە کار و بەرهەمەکانی پێدەبەخشرێت.
نیکۆڵ کیدمان لە 20 حوزیرانی 1967 لە ئوسترالیا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر و گۆرانیبێژە، جگە لە خەڵاتی ئۆسکار، براوەی خەڵاتی ئێمی پرایم تایم، گۆڵدن گڵۆب و سەندیکای ئەکتەرانی شاشەیە، لە 2006، 2018 و 2019 لە لیستی باشترین ئەکتەرە جیهانییەکاندا بووە، گۆڤاری 'تایم' لە 2004 و 2018 وەک یەکێک لە سەت کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهانی ناساند.