شەیدا لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان 'بەفر باری' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە کەش و هەوایەکی زستانیدا هونەرمەند شەیدا، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'بەفر باری' پێشکێش بە هەوادارانی دەکات.
 
بەرهەمی 'بەفر باری' لە تێکستی شەڤەرش ژارۆ و ئاوازی گۆرانیبێژ خۆیەتی و کاری میکس و ماسترینگی لەلایەن ئەمیر حەسەن کراوە.
 
هونەرمەند بەرهەمە نوێیەکەی بەبۆنەی دەستپێکردنی وەرزی زستان لە کەناڵی تایبەت بە خۆی لە یوتیوب بڵاوکردووەتەوە و وێنەیەکی خۆی و بەفربارینی داناوە.
 
'تێنە دلم' دوایین بەرهەمی شەیدایە کە لە 3ـی تشرینی دووەمی 2022 بڵاوکرایەوە و لە تێکستی نوشین بێجرمانییە و لە ئاوازی شەیدایە، عامر حەسەن کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە و دەروێش پێل وەک ژەنیاری پیانۆ تێیدا بەشدار بووە.
 
وەرزی زستان سێ مانگ دەخایێنێت و لە 22ـی کانوونی یەکەم دەستپێدەکات و لە 21 ئازار کۆتایی دێت.
 
شەیدا، ئەمساڵ بەرهەمێکی دیکەی گۆرانیی بەناوی 'سپێدە باش' لە 30 نیسان بە هەردوو زاراوەی کرمانجی سەروو و خواروو بڵاوکردەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە تێکستی خالید عومەرە و لە ئاوازی شەیدایە و عامر حەسەن کاری تۆمارکردن و میکس و ماسترینگی بۆ گۆرانییەکە کردووە.
 
شەیدا هونەرمەندێکی پڕ بەرهەمە و بەر لە گۆرانی 'سپێدە باش' ڤیدیۆکلیپی 'گولا مالێ'ـی بڵاوکردەوە کە لە تێکستی براکەی هونەرمەند سەفقان ئۆرکێش بوو و لە کۆتایی 2021 بڵاوکرایەوە.
 
'گولا مالێ' لە ئاوازی شەیدایە، عامر حەسەن کاری میکس و ماسترینگی بۆ کردووە، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی شەیدا بڵاوکرایەوە و لە دەرهێنانی هۆگر هادییە.
  
لەم بەرهەمەدا سێوی مێخەکڕێژ بەدی دەکرێت کە لە کولتووری کوردیدا هەیە و مێژووییەکی دێرینی هەیە و بە گوتەی ئەوانەی هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو کولتوورە دەدەن، مێژووەکەی چوار بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و لەو سەردەمەدا کاتێک دوو کەس یەکدیان خۆشویستووە، بەم سێوە؛ خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکدی دەربڕیوە.
 
شەیدا ناوی تەواوی ئەحمەد رەمەزانە، ساڵی 1971 لە شاری عامودای رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی و خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانی و چەندین ڤیدیۆکلیپە.