کۆنسێرتی گەڕانەوەی بی تی ئێس زیاتر لە 18 ملیۆن بینەری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
دوای دابڕانێکی زۆر، گرووپی جیهانیی کەی پۆپ، بی تی ئێس گەڕانەوە سەر ستەیج و ریکۆردێکی نوێیان لە نێتفلێکس تۆمارکرد. بەگوێرەی ئامارێکی فەرمیی کە نێتفلێکس بڵاوی کردووەتەوە، کۆنسێرتە نوێیەکە زیاتر لە 18.4 ملیۆن بینەری هەبووە لە سەرانسەری جیهان.
ئەم کۆنسێرتە مێژوییە بێ بەرامبەرە، رۆژی شەممە 21ی ئادار لە گۆڕەپانی کوانگوامۆن لەنێو جەرگەی سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.
بۆ هەوادارانی گرووپەکە نمایشێکی تایبەت بوو، چونکە یەکەمجار بوو هەر حەوت ئەندامەکە پێکەوە گۆرانی بڵێن پاش ناردنیان بۆ خزمەتی سەربازی لە ساڵی 2022.
لە کۆنسێرتەکەدا 104 هەزار کەس ئامادەبوون و 260 هەزار کەسی دیکەش لە شەقامەکانی دەوروبەر لە رێگەی شاشە گەورەکانەوە سەیری نمایشەکەیان دەکرد.
نمایشەکە تێکەڵەیەک بوو لە کولتووری کۆنی کۆری و میوزیکی پۆپی هاوچەرخ لەگەڵ نمایشی رووناکی سەرنجڕاکێش لەسەر دیوارەکانی کۆشکە مێژووییەکە.
کۆنسێرتەکە بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی نوێیان بوو بە ناوی ئەریرانگ، کۆمپانیای هایب کە بەرهەمهێنەری هونەری گروپەکەیە لە رووی داراییەوە هەواڵەکان بۆ کۆمپانیاکە لە ئاستی چاوەڕوانکراو دا نەبوو.
رۆژی دووشەممە پشکەکانی کۆمپانیاکە بە رێژەی 15.5٪ دابەزین. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەنیا 104 هەزار کەس لە کۆنسێرتەکەدا ئامادە بوون، ئەم ژمارەیەش تەنانەت نەگەیشتە نیوەی ئاستی چاوەڕوانکراو.