خەڵاتی ئۆسکار هۆڵیود جێدەهێڵێ

 
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە 25 ساڵ مانەوە لە شانۆی دۆڵبی، ئەکادیمیای ئۆسکار بڕیاریدا بۆ ساڵی 2029 مەراسیمەکە بباتە چەقی شاری لۆس ئەنجلس.


ئەم بڕیارە کۆتایی پەیوەندیی درێژخایەنی ئۆسکار و شانۆی ناوداری دۆڵبیە کە دەکەوێتە هۆڵیودی لۆس ئەنجلس. شانۆی دۆڵبی لە ساڵی 2002ـەوە مەکۆی سەرەکیی درەوشانەوەی ئەستێرەکانی جیهان بووە، بڕیارە لە ساڵی 2029ەوە کە دەکاتە خولی 101ـەمینی دابەشکردنی ئەم خەڵاتە، ئیدی بگوازرێتەوە بۆ داون تاونی لۆس ئەنجلس.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئەو گواستنەوەیە بە تەواوی روون نەکراوەتەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئۆسکار دەیەوێت لە سەدەی دووەمی تەمەنیدا شێوازێکی نوێ و جیاواز لە مەراسیمەکانیدا پەیڕەو بکات.

دەنگۆ هەیە، مەراسیمەکە ببرێتە ناوچەی L.A. Live کە گەورەترین کۆمەڵگەی کولتووری و بازرگانییە لە نێوجەرگەی لۆس ئەنجلس. ئەو ناوچەیە مۆزەخانەی گرامی تێدایە تایبەتە بە مێژووی میوزیک و خەڵاتەکان، ژمارەیەک هۆتێلی لوکسی تێدایە بۆ مانەوەی ئەستێرەکان، هەروەها چەندین ستۆدیۆی تەلەڤزیۆنی گەورەی تێدایە. 

بە ئەگەری زۆرەوە مەراسیمی خەڵاتی ئۆسکار لە شانۆی پیکۆک بەڕێوەدەچێ. شانۆکە رووبەرێکی فراوانە و جێگەی زیاتر لە 7 هەزار کەس دەبێتەوە، ساڵانە خەڵاتەکانی گرامی و ئێمیش هەر لەو ناوەندەدا دابەش دەکرێن. 

جگە لە هۆکارە نادیارەکان، گواستنەوەی خەڵاتی ئۆسکار چەند هۆکارێکی دیاری هەیە، یەکێک لەوانە ناوچەی هۆڵیود و شانۆی دۆڵبی زۆر قەرەباڵخن و جەنجاڵیی ترافیک دروست دەکەن، بەڵام L.A. Live گۆڕەپانی زۆر گەورە و کراوەی هەیە.

هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە شانۆ و هۆڵەکانی ناوەندی شار مۆدێرنترن و رووبەرێکی فراوانتریان هەیە، ئەمەش کاری تەکنیکیی ئاسانتر دەکات و بۆ پەخشی راستەوخۆی جیهانی گونجاوترن.

ئەم هەواڵە لە ناوەندە هونەرییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. بەشێک لە رەخنەگران پێیان وایە ئۆسکار بێ هۆڵیود وەک جەستەیەکی بێ رووحە، بەڵام بەشەکەی دیکە پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییە پێویست بوو بۆ ئەوەی مەراسیمەکە لەو چەقبەستووییە رزگار بێت و تازەگەری بەخۆوە ببینێت.

بڕیارە تاوەکو ساڵی 2028 مەراسیمەکە هەر لە شوێنی ئێستای خۆی لە هۆڵیود بەردەوام بێ و گۆڕانکارییە گەورەکە لە بەهاری ساڵی 2029دا دەستپێدەکات.