نمایشی کۆمەڵە دیزاینی لارا دزەیی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلانۆ


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی دیزاینی جلی کوردییە لە میلانۆ لە ئیتاڵیا، دوایین ئامادەکاری بۆ گەورە نمایشی تابلۆی جلە رەنگاورەنگەکان دەکات. لارا دزەیی بە تابلۆ هەرە تایبەتەکەی کە قەڵای هەولێرە، کۆمەڵە دیزاینەکەی هێنایە سەر تەختەی شانۆ.
 
لارا دزەیی، بە رووداوی راگەیاند: "قەڵا گەورەترین هێمای کوردستانییە، هەر جارەو تەماشای قەڵام دەکرد لە هەولێر؛ لە دوورە قەڵام دەبینی، ئاسمان شین و خۆشی زەرد. ئەم قوماشەم دروستکرد قەڵای لەسەر چاپکراوە، ئاسمانیش لە سەرەوەی شینە، ئەمەش کۆتری ئاشتییە، ئاشتیی گەلی کورد و کوردستانە بۆ جیهان". 
 
دزەیی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "کوردستان ئەمشەو لێرەیە، کوردستان میلانۆ دەدرەوشێنێتەوە، هێماکانی کوردستان. راستە ئەو خەیاڵانەی بۆم دێن هەر دەبێت بیانکەم بە راستی".
 
30 جۆر دیزاین و چیرۆکی کوردی لە نێو هۆڵەکە بوونە سەکۆی ناسنامەی کورد، حەبسەخانی نەقیب، ئاڵای کوردستان، بووکی کورد، رۆژهەڵات و شنگال، هۆڵەکەیان رازاندەوە.
 
دایکی لارا دزەیی لە نمایشەکە ئامادەبوو و دڵخۆشی زۆری پێوە دیار بوو و گوتی: "بەڕاستی ناتوانم گوزارشت لە هەستم بکەم، هەستێکی تا بڵێی خۆش بوو. خۆی ئەوە نۆ مانگە لارا خەرێکی ئەم کارەیە، زۆر هیلاک بوو، بەڵام من دەمزانی ئەنجامەکەی بە فیڕۆ ناچێت، زۆر زۆر ئیشەکانی جوان بوون، هەروەها هەستم دەکرد کە ئەوانەی لێرە ئامادەن هەموویان سەرسام بوون. هەموو زۆر بەدڵیان بوو".
 
ئیتاڵییەکان، خەڵکی هەموو گۆشەکانی جیهان و کوردەکانیش تامەزرۆی بەژن و باڵای نەخشێنراو بە چیرۆکی کوردی بوون.
 
ئالێساندرۆ کۆربێتا، ئەندامی پارتی لێگا لە ئەنجوومەنی هەرێمی لۆمباردی، لە نمایشەکە ئامادەبوو و بۆ رووداو گوتی: "سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە تاوەکو لە نزیکەوە ئەزموونی کولتوورەکەتان بکەین و بەشداری لە بۆنەیەکی وا گرنگدا بکەین لەگەڵ دیزاینەرێکی ئاستبەرزدا. ئێمە سەرسام بووین بەو داهێنانانەی کە کولتووری رەسەن و نوێگەرییان تێکەڵ کردبوو، ئێستاش زیاتر لە جاران بایەخ بە دەوڵەمەندیی کولتووری کوردی دەدەم. من باوەڕم وایە کە دەستپێشخەریی لەم جۆرە دەتوانێت بە راستی یارمەتیی گەلی کورد بدات تاوەکو خۆیان و ناسنامەکەیان بە هەموو جیهان بناسێنن و رێزی لێبگیرێت. هیوای من بۆ گەلە نایابەکەتان، ئاییندەیەکی پڕ لە ئازادی و چارەنووسە".
 
نزیکەی 200 کەس دەرفەتی ئەوەیان هەبوو لە نزیکەوە ئاشنای ئەو تابلۆ ناوازانە بن کە ئاوێتەی ناسنامە، رەنگ و جوانی بوون.