لیندا دی سۆزا خاوەنی 'جانتای کارتۆنی' کۆچی دوایی کرد
رووداو دیجیتاڵ
لیندا دی سۆزا، گۆرانیبێژی فەرەنسی بە رەچەڵەک پورتوگالی، لەدوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەنگە نەفەسییەوە، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
لیندا دی سۆزا، رۆژی چوارشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2022 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی گیزۆر لە باکووری رۆژئاوای فەرەنسا کۆچی دواییکرد و ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە فەرەنسا و پورتوگال بە دوای خۆیدا هێنا.
سەرۆکی پورتوگال، مارسێلۆ رێبێلۆ دی سۆزا رایگەیاند، لیندا دی سۆزا تاوەکو ئێستا لە بیرەوەریاندایە. ریما عەبدولمەلیک، وەزیری رۆشنبیری فەرەنسا، لەبارەی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە رایگەیاند، کۆچی کرد و جانتای کارتۆنییەکەی بەدەستەوە گرت بۆ ئەوەی ئازادی خۆی بەدەست بێنێت و گەیشتە لووتکەی شکۆمەندی و بە چەندین ناخۆشیدا تێپەڕی.
ئەو گۆرانیبێژە لەدوای هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا، تێیدا باسی چیرۆکی پەڕینەوەی بە قاچاخی لە سنووری پورتوگال بۆ فەرەنسا لەگەڵ کچەکەی و جانتا کارتۆنییەکەی کرد، دواتر ئەم چیرۆکەی لە کتێبێکدا بەناوی 'جانتای کارتۆنی' گێڕایەوە و لە 1984 بڵاوکرایەوە و یەک ملیۆن کۆپیی فرۆشرا.
لیندا دی سۆزا، لە 22 شوباتی 1948 لە باشووری پورتوگال لە دایکبووە، گرنگی بە حەوت خوشک و براکەی داوە، چونکە باوکی ئاڵوودەی کهول و دایکیشی کەسێکی دڵرەق بووە، بۆ یەکەمجار وەک گۆرانیبیژ لە 1978 دەرکەوتووە و گۆرانی گوتووە و ئەم بەرهەمەی 400 هەزار کۆپی فرۆشراوە.
ئەو هونەرمەندە بە هەردوو زمانی فەرەنسی و پورتوگالی گۆرانی گوتووە، هونەر ژیانی لە خزمەتگوزارێکەوە بۆ کەسایەتییەکی دیار و دەوڵەمەند لە جیهاندا گۆڕی.
لە 1983 و 1984 کۆنسێرتی لە شانۆی ئۆلۆمپی لە پاریس سازکردووە و بە ملیۆنان کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشران.
لە 1988 چیرۆکی ژیانی لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی شەش ئەڵقەییدا پێشکێشکرا و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا.
دوایین دەرکەوتنی ئەو گۆرانیبێژە لەسەر شانۆ، لە 2015 و 2017 بوو و لەگەڵ ژمارەیەک گۆرانیبێژی دیکە لە دوو گەشتی هونەریدا بەشداربوو.