نوێگەری و ئەرکەکانی

 
بەشی یەکەم
 
 ئایا کاتێک مرۆڤ بیر دەکاتەوە چی بەسەر خۆیدا دەهێنێت؟ ئەی بیرکردنەوە چ دەستکارییەکی واقیع دەکات؟ لەنێوان ئەم دوو رووداوەدا، واتە گاه خۆدەستکاریکردن و گاه گۆڕینی سیستەمی بەهاکان، دیاردەیەک دێتە ئاراوە کە بە تەواوی کایەکە نامۆیە، دیاردەیەک پێشتر نە ناوی هەبووە و نە ئاماژەدار بووە و نە ڕیشەیەکیشی هەبووە. شتێک کە تەواو تازەیە بە واقیعەکە و پێیدەگوترێ "نوێ". ماوەی پتر لە دووسەد و پەنجا ساڵە هیچ دیاردەیەک هێندەی دیاردەی "نوێ" نەچووەتە بەر باسە ئەدەبی و فەلسەفی و سیاسی و تەکنیکییەکانەوە. بەڕادەیەک هەموو ئەو دوو سەدەیە یان سێ سەدەیە بە چاخی نوێ ناوزەد کراوە. ئەم نوێیە چییە و چییەتییەکەی چ سروشتێکی هەیە. ئایا نوێ هەر رووداوێکی سادەیە و وەکو دیاردەیەکی سەربەخۆ و بێ هیچ پێشینەیەک خۆی دەسەپێنێ. ئایا نوێ دیاردەیەکی هۆمۆجینە یان هێترۆجینە، واتە ئایا پێکهاتەیەکی سادە و تاکەوانەی هەیە، یان فرەدار و پەلدارە؟ 
 
هەڵبەت نوێ هیچ نییە جگە لەو ڕووداوەی دێتەئاراوە و ناوەڕۆک و ئەدگارەکانی لە هی کۆنەکە ناچێت. نوێ، واتە ئەوەی کە تا ئێستا و ئێرە هاتووە و لای هەمووان بووەتە نەریتێکی باو، بەجێدەهێڵێت و شتێکی تر، نەریتێکی تر، بەهایەکی تری ناباو دێنێتە ئاراوە. نوێ، ئەوەش لە چییەتییەکەیدایە کە هەرگیز لە خۆتێپەڕاندنیش ناوەستێ و بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە، هەر بۆیە لەگەڵ نوێ و نوێگەریدا، پاشنوێ و پاشنوێگەریش هەیە.
 
رەوش و تێمپەرامێنتێک هەیە لەناو مرۆڤدا لە دێر زەمانەوە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە، ئەویش تێمپەرامێنتی ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی بەهادروستکەر و بەهاڕووخێنەرە. ئەم دووانە لێکدژە وەک مۆتۆڕی درێژەپێدانی ڕژێمی بەهاکان لەناو شارستانیدا هەمیشە ئەکتیڤ بوون. 
 
لە ساتەوەختی دیکارتەوە "نوێ" وەک چەمک خۆی سەپاند و توانیشی بەگژ رژێمی باوی بیرکردنەوەی سەردەمەکەی خۆیدا بچێتەوە. دیکارت بە میتۆدی گومانکردن کۆجیتۆی بیرکردنەوەی ڕاگەیاند. بەمە هەرچی زانینی پێش خۆی بوو لەبەها خست. دواتر ئیمانۆئیل کانت سەردەمێکی تری بیرکردنەوەی عەقڵی پاکی ئەفراند، عەقڵێک کە خاڵی بێت لە هەموو خڵتە میتافیزیکییەکانی. 
 
ئەوەشی فەلسەفەی هیگڵ وەکو مێژووگەرێتی فۆرمەلەی کرد، کە بەر لەو فەرامۆش کرابوو، مارکس ئاوەژووی کردەوە و سیستەمێکی نوێی ماتەریالیزمی چەسپاند. نیتچەش وەکو دینامیتێک هەموو بتەکانی عەقڵ و مۆراڵی تەقاندەوە و هەموو بەهاکانی سەرلەنوێ نرخاندەوە و سەردەمێکی نوێی وەکو کازیوەی پۆستمۆدێرنە راگەیاند. سیگمۆند فرۆیدیش هەمان شتی کرد، نەستی شاراوەی هێنایەوە سەر هەستی ئاشکرا. ئیتر بەم شێوەیە بیرکردنەوە بووە چالاکییەکی تەواو سەربەخۆ لەخۆیدا. بیرکردنەوە دەستکاریی جیهانبینیی مرۆڤی کرد، دەستکاریی سیستەمی بەهاکانی کرد، دەستکاریی باوەڕی ئاینییانەی مرۆڤی کرد، دەستکاریی کەلەپوور و فەرهەنگی نەریتی کرد، دەستکاریی بنەما کۆمەڵایەتییەکانی کرد. ئەو هیچ سیستەمێکی بەها نەماوە دەستکاری نەکات، بەهایەکی کۆمەڵایەتی و پیرۆزییەک نەماوە بیرکردنەوە بواردبێتی و ناپیرۆزێکی بۆ نەدۆزیبێتەوە، بۆیە لەکوێدا باسی بیرکردنەوە بکرێت، دەبێت لەوێدا باس لە نوێکاری و دەستکاریکردنی بەهاکان بکرێت.
 
بیرکردنەوە چالاکییەکە لە هیچ چالاکییەکی تر ناچێت، بۆ نموونە لە نانخواردن، لە وەرزشکردن، لە ئیشکردن، لە خۆشەویستی ناچێت. کەچی هەموو چالاکییەکانی تر لەخۆی دەگرێت. لێرەوەیە بیرکردنەوە وەکو کردەوەیەکی پەتی و ڕووت و ئەبستراکت ئەنجام نادرێت، چونکە ئەو هەموو رەگەزەکانی تر لەناواخنیدان. بیرکردنەوە مەشقێکی فرەڕەگەزە. بەدیوێکدا ئەوەی لەئارادایە بێ بەها دەکات و بەدیوێکی تریشدا بەهای تر دەبەخشێت بە واقیعەکە. 
 
کردەوەکە ڕێک ئەوەیە کە نیتچە ناوی لێنابوو نرخاندنەوەی نرخەکان یاخود هەڵسەنگاندنەوەی بەهاکان. هەر بۆیە نیتچە پێیوابوو بیرکردنەوە دوو سەرچاوەی هەیە: شێوە ژیانی باڵا و بەنرخ و شێوەژیانی نزم و بوودەڵە.  کاتێکیش نیتچە لەسەردەمی خۆیدا ئەوەی دۆزییەوە کە فەرهەنگی مەسیحی  مۆراڵی کۆیلە و چۆکدادەری بۆ ژیان هێنا، ئیتر ئەم سیستەمەی سەرلەنوێ نرخاندەوە و بە دروشمی "ئایاندنی ژیان" هەموو ئەو سیستەمی بەهایانەی لەناوبرد و ڕێی بۆ هاتنە کایەی بەهایەکی تری شێوە ئەریستۆکرات و تاکانە کردەوە. لێرەوەیە ژیان لای نیتچە هاوناوێکە بۆ بیرکردنەوە، چونکە هەردوو ئەم پرۆسێسە بریتین لە دەرەنجامی پێکدادانی فۆرمەکانی (عەقڵ/ هەست و جەبر/ ئیرادە). 
 
بەهەمان ڕیتم فرۆید پێیوایە "لیپیدۆ" ئەو ڕۆڵەی هەیە کە نەست لەژێرەوە بباتەوە سەر لوتکەی هەرەمەکە و ئەوەی مرۆڤ لە خەونی شەوانەیدا بە تاریکی دەیبینی، فرۆید کردییە باسی خەونە ڕۆژانەییەکانمان. لەکاتێکدا لای مارکس نەستی ئابووری دەبێتە مایەی لەناوبردنی چەوساندنەوەی ئابووری و پرۆلیتاریا وەکو چینی ژێرەوە دەهێنێتەوە لوتکەکە و کۆمەڵگای دیکتاتۆری پرۆلیتاری دروست دەبێت. هەموو ئەم بیرمەندانە و هەندێکی تریش کە لێرەدا باسمان نەکردوون، تیۆرەکانیان کارکردنە بۆ ڕەخنەگرتن لەو سیستەمە باوەی بەهاکان و داهێنانی سیستەمی تری بەهای نوێیە. واتە "ئابووری" و "ژیان" و "لیپیدۆ" هەموویان چییەتی بیرکردنەوە لە بیچمی جیاوازدا نمایش دەکەن بۆمان و نمایشەکەش ئەوەمان بۆ دەگوازێتەوە کەوا، بیرکردنەوە هەمیشە ئەکتێکی ناماتەریالییە، تەنانەت بە بیرکردنەوەی ماتەریالیزمانەی مارکسیشەوە. لەبەرئەوەی مارکس باسی ئەوە دەکات کە چۆن ڕیال لەناو هۆشیاریدا وەهمی ئایدیۆلۆگی دروست دەکات. هەمان ئەم میکانیزمە لای نیتچە و فرۆید ئیشی پێکراوە کاتێک ئەوانیش نادیار و نەست دەهێننە دەرەوە بۆمان. 
 
لەم کۆبەندییەدا ئێمە هایدێگەر و دێریدا شک دەبەین، کە بەهەمان ڕیتم کاریان بۆ لەبەهاخستنی "دیار و ئامادە" کردووە و "نادیار و نائامادە" یان هێنایەوە بیرمان. لای هایدێگەر بەڵگەنەویستەکە بریتی نییە لەوەی ئێمە "بوونمان لەیاد کردووە"  بەڵکو بریتییە لە یادکردنی "بوونی لەیادکراو".  بۆیە گرنگیی بانگەکەی هایدێگەر لەوەدایە گرفتەکە لەناو ڕیالدا نابینێتەوە، بەڵکو لەناو کات و شوێنێکی تردا، لەناو نائامادە دا، لەناو "ئەویتر" دا. 
 
لێرەوەیە وەک سلۆتەردایک بۆ هایدێگەر دەڵێت: ناوهێنانی "نائامادە و ئەویتر" هەمیشە وەک بانگێکی میتافیزیکی دەمێنێتەوە لامان. چونکە کولتووری ئامادە بەربووەتەوە ناو لەبیرچوونەوەوە، یان دروستتر بڵێین، ئەو لەبیری چووەتەوە کە بوون لەبیرچووەتەوە. بۆیە هایدێگەر بانگمان دەکات بۆ بیرکردنەوە لە "لەبیرچوونی بوون". ئەم بانگهێشتەی هایدێگەر لای دێریدا دەبێتە "لێکهەڵوەشاندنەوەی ئەوەی هەڵچنراوە و ئامادەیە بۆ هێنانەدەنگی نائامادە". سلۆتەردایکیش پێیوایە فیکری خۆرئاوا لەسەردەمی گریکەوە تیمۆسی لەیادکردووە و تەنیا بە ئیرۆس دەژی. ئیرۆس بووەتە کولتووری باڵا و زەقی ژیانی کۆنزومگەری کۆمەڵگاکانی شارستانێتی ئەوروپی. ئیرۆس وەک مەیلی حەزکردنی زۆرتر بۆ هەبوونی شتەکان و سەرفکردنی زۆرتر و بەکاربردن و بەرخۆریکردنی زۆرتر وەکو سیماکانی پێشکەوتن، کە لەڕاستیدا لەسەر تێچووی شکۆی مرۆڤ و تیمۆسەکەیەتی بۆیە "پێشکەوتن" هیچ نییە جگە لە "کەوتن بۆ پێشەوە".  
 
بەهەمان تەرزی بیرمەندەکانی تر، هایدێگەر و دێریدا و سلۆتەردایکیش، وا دەکەن فەرهەنگی ئامادە، سیستەمی بەهای باو لەبەهای خۆی بخەن و بەهایەکی تری پرۆفانە و جیاواز دابهێنن.  
 
 وەک تێبینی دەکرێت کردەی بیرکردنەوە لەناو ڕەوتی مێژووییانەی خۆیدا درێژەی هەبووە و لە وێستگەی جۆراوجۆردا درێژەی بە کارەکانی خۆی داوە. لەهەموو ئەو وێستگانەدا هەمان ڕۆڵی یاری کردووە: لەبەهاخستنی ئەوەی دیارە و بەهادارکردنەوەی ئەوەی نادیارخراوە. 
 
وەک سلۆتەردایک دەڵێت: هەمیشە دیار دەبێت دەرک بەو بەڵگەنەویستە بکات کە سەرچاوەی ئەو نادیارە.
 هەموو ئەو بیرمەندانە بەوپەڕی وردەکاری و ئارامییەوە کاریان بۆ ناساندنی ئەو شەڕە دێرینە کردووە کە لەنێوان کولتوور و بووندا، لەنێوان ژیانی ڕۆژانە و بووندا هەیە. شەڕی ئەوەی بوون بریتییە لە ئاشکرایی و لە ئامادە و لە تیمۆس، لەکاتێکدا کارخانەکانی کولتوور بەردەوام شاردنەوە و پەنهانی و ئیرۆس بەرهەم دەهێنن.