سەیران

 بە درێژایی رێگا، ڕوخساری کچەکەی هەر لەپێش چاو بوو؛ جوانکیلە و سپی بەڵام نەک سپییەکی ئاسایی، بەفرێک خوێنی بەرسەردا پژابێت لەگەڵ نیگا و زەردەخەنەیەکی وەیلان کە لە چوارچێوەی ئاوێنەکەی پێشەوە، خۆی بە نیگاکانیدا دەکێشا... 
 
تەکسییەکەی راگرت و هاڕدراو لە پێوانی شەقام و کۆڵانەکانی شار دابەزی و بە دوو زەرفەکەی دەستیەوە خۆی کرد بە حەوشەدا و  بە نووکی پێڵاوەکەی دەرگای حەوشەی داخست. کە ئاوڕی دایەوە، سەری سوڕما،  هەمان کچی بەفروخوێن لەوسەری ژوورەکە، بەرانبەر پەنجەرە گەورەکە ڕووەو دەرگای حەوشەکە دانیشتبوو. جوان پاڵی بە پشتییەکەوە نەدابوو، وەک بڵێی بەپەلە بێت و نەیەوێ زۆر بمێنێتەوە. لەسەر ئەژنۆ دانیشتبوو. چاوی زەق زەق بڕیبووە دەرگای حەوشە و لێوی لە پشت کوپە چایەکەی دەستیەوە شاردبووەوە. نیگای لە جامی پەنجەرەکە پەڕیبوونەوە و وەک بڵێی تا ئەوسەری کۆلانەکەشیان لێوە دیار بێت، هەر وا مات مابوون. بە دەنگی پێکدادانی دەرگاکە و دەرکەوتنی تالب لەناو چوارچێوەی  پەنجەرەی ژوورەکە، ڕاچڵەکا. چرکەیەک بێ جووڵە ما. لێی ڕاما.
 
 تالب بە زەرفەکانی دەستیەوە چووە ناو هۆڵەکە. زەرفەکانی لەودیو دەرگای چێشتخانەکە  دانا. پسکەپسک و بە سەرسوڕمانەوە لە ژوورەکە نزیک بووەوە و  لە سووچی دەرگاکە بە دزییەوە لەو کچە حەڤدە یان هەژدە ساڵانە ڕاما کە بە مانتۆیەکی ڕەشی تا سەر ئەژنۆ و کابۆیەکی شینەوە بەرانبەر پەنجەرەکە دانیشتبوو. وەک هەموو کچە تازەپێگەیشتووەکان لەچکە سپییەکەشی هەروا بۆ جوانی خستبووە سەر تەوقەکەی سەری و خەرمانی قژە کاڵەکەی لە هەموو لایەکەوە ئازادانە خۆیان دەنواند. دەستی ڕاستیشی یاریی بە قایشی جانتا ڕەشەکەی دەکرد، دیار بوو بێئۆقرەیە.
 
 شێوەی دەکرد... شێوەی دەکرد؟  نەیدەزانی لە کێ دەچێت.. کچە بۆ ساتێک چاوی بە لایەکی دەموچاوی تالب کەوت... خێرا سەری دزییەوە و تا ئاودەست نەوەستا...
 
خولەکێک دواتر، لەوێ، لەناو ژوورەکەدا بوو. لەبەر پەنجەرەکە و لەبەرانبەر کچەکەدا. بیری لەوە دەکردەوە ئاخۆ لە کوێ بینیویەتی؟ جوان بوو. لێی ڕامابوو، لە هەمان کاتیشدا نوقمی کۆڵینەوەی چینەکانی مێشکی خۆی بوو تا بزانێت جگە لەناو ئاوێنەکەی پێشەوەی تەکسیەکەی لە کوێی تر بینیویەتی.
 
کچەکە  دەمودەست و بە زەردەخەنەیەکی تاڵەوە  پرسی: "نامناسی؟"
نەیدەناسی؟..
 
 سەری سوڕمابوو لەوەی کچەکە هێندە خۆی بە ناسیاو دەزانی و ئەم هەرچی بیری دەکردەوە نەیدەناسی. لەبەر خۆیەوە گوتی: نایناسم.. بەڕاست چەند ئاشنایە و چەندەش نامۆیە! ئەم کچە کاڵە چاو هەنگوینیە دەمولووت باریکە کێیە بۆ خاتری خوا؟ 
 
بێ ئەوەی هێچ بڵێت لە کچەکە ڕامابوو، لە زەینی خۆیدا بەدوایدا دەگەڕا. بەڵام هەرچی دەگەڕا نەیدەدۆزییەوە. جگە لەم بەیانییە و لەناو ئاوێنەی پێشەوەی تەکسییەکەی، لە شوێنێکی تر نەیبینیبوو.
 
دەنگی ناسکی کچەکە ڕایچڵەکاندەوە: " تەنانەت هەر شێوەشم ناکەی؟! لەکەس ناچم؟! من لە هیچ کەس ناچم؟!"
ژنەکەی چای هێنا و لە تەنیشتیەوە دانیشت و بە گوێیدا چرپاند: تالب ئەو کچە کێیە؟ دوو سەعاتە چاوەڕێتە... 
 
چرپەی ژنەکەی، کە هەر لە چرپە نەدەچوو؛ تیزەبزەیەکی خزاندە سەر لێوی کچەکە: "دادە فاتم پرسیاری لێ مەکە، دیارە هەر نامناسێ!..." 
 
 لەپڕ ڕەنگی تالب هەڵبزڕکا و دڵی کەوتە تەپەتەپ. دەست و قاچی سارد بوونەوە. لەوە دەترسا داوێکیان بۆ نابێتەوە. سەیرێکی فاتمی کرد . فاتم بە سەرسوڕمانەوە چاوی بڕیبووە ناو چاوی. هەر لە خۆڕا دەترسا. هەستی کرد فاتم خەریکە گومانی لێ دەکا. بە ترسەوە سەری بادا، یانی من بێئاگام. چاوە وردەکانی فاتم هەر چاوەڕێی وەڵام بوون. نیگاکانی تالب پڕ بوون لە پاڕانەوە، بە نیگەرانییەوە سەیری فاتمی کرد: یانی کچێ بە خوا من هیچ هەڵەیەکم نەکردووە... نیگاکانی فاتم لە نێوان تالب و کچە کاڵەکە لە هاتوچووندا بوون. خەریک بوو بە دوای سەرەداوێکدا دەگەڕا بۆ ئەوەی وەڵامی دەیان پرسیاری ناو مێشکی خۆی بدۆزێتەوە. دیسانەوە بە دەنگێکی نیوەکزەوە گوتی: "تۆ نایناسی؟" 
 
تالب خێرا  بە تووڕەییەوە چاوی بڕییە ناو چاوی فاتم. ئەویش خێرا چاوی داخست...
کچەکە چاوی پڕ لە پرسیاری بڕیبووە ناو چاوەکانی تالب. 
 
 سەرێکی بادا: "دادە گیان بە هەڵە هاتووی، ئەمن ناتناسم".
 
لەپڕ کچەکە وەک بڵێی زمانی وشک بووبێت. هەوڵی دا لێوەکانی لە یەک بکاتەوە. بە دەنگێکی وشکەوە گوتی: "من... من سەیرانم سەیران..."
 
دەتگوت نەویون لە بەندی دڵی: "سەیران؟ کام سەیران؟..."
 
کچەکە بە زەردەخەنەیەکی خەماوییەوە تەماشای دەکرد. تالب شوێنی بە خۆی نەدەگرت. بە پرسیارەوە سەیری کچەکەی کرد. نیگاکانی وەکوو نەیزەک ڕۆچووبوونە ناو چاوەکانی. ترس و دڵەڕاوکێی ئەم هەموو ساڵە دواجار ببوو بە ڕاستی. هەستی دەکرد خەمی دونیایان ڕژاندووەتە ناخیەوە. برینە کۆنەکەی وەکوو بورکان دەرگای کردبووەوە و لە دڵیدا هەستی بە گەرمایەکی سووتێنەر دەکرد. بورکانەکە تەقیبووەوە و شلەیەکی سووتێنەر لە دڵیەوە هەڵدەقوڵا و بە تەوژمەوە لە چاوەکانیەوە لووزەویان دەبەست. 
 
فاتم سەری سوڕمابوو. بەو دەنگەی کە هەمیشەی خوا دەتگوت دەقیژێنێ، گوتی: "ئەیەڕۆ پیاوەکە ئەوە چی بووە! بۆ بەو جۆرە دەگریت؟ دە تێمبگەیەنن بزانم چی بووە؟... کچێ دە تۆ شتێک...."
 
فرمێسکی کچە لەسەر كوڵمانی دەبریسکانەوە، کاتێ گوتی: "پێیان گوتووم  ئەو زستانە زستانێکی سارد بوو..."
زستانێکی سارد و تووش بوو. تالب خۆی دابووە یەک و لەبەر سۆپاکە هەڵترووشکابوو، پەنجەکانی لەسەر ئەژنۆی ڕاستی هەڵپێکابوو. چایەکەی بەردەستی هەڵمی لێ هەڵدەستا. خەمی دنیا وەکوو داروپەردووی ماڵێکی بوومەلەرزەلێدراو کردبوویە ژێرەوە و بە ئاستەم هەناسەی دەردەهات. کەس نەبوو ئەو داروپەردووە بداتە لاوە و تالبی داماو لەناو ئەو کاولاشە ڕابکێشێتە دەرەوە. ئازارەکەی خۆی کەم  نەبوو، دەنگی وزەوزی براژنیشی وەکوو مشار کەوتبوووە ویزەی مێشکی و ئەنجن¬ئەنجنی دەکرد.
 
"هەر بێغیرەت بووی. دەستەوستان و بێغیرەت. من هەر لە سەرەتاوە گوتم ددانێک کە دەئێشێ، دەبێ لە ڕەگەوە هەڵیبکەنی و فڕێی بدەی. جارێک، دوو جار، کوڕە بابە وەڵا عەیبە، شوورەییە، حەیا و نامووسمان چوو. ناتوانین لەناو ئەو خەڵکە سەر هەڵبڕین. هەزار جار گوتمان دەریکە با بڕوات. خۆ غیرەتی ئەوەت نییە بیکوژی. دەریکە با بڕوات... تۆش وەکوو کەری ملپان...."
 
هەرچی لە زاری دەرهات بێ گەڕاندنەوە ڕشاندییەوە. تالبی داماویش هیچی پێ نەدەگوترا. ناحەقیشی نەبوو.. کە شاناز رەدووی ئەو کوڕە کەوت و دواتر گیرا و کەوتە بەندیخانە، هەموویان گوتیان تەڵاقی بدە و خۆتی لێ ڕزگار بکە. بەڵام تالب کاتێ لە بەندیخانە چاوی بە شاناز کەوتبوو، بە گریان و پاڕانەوەکانی دڵی نەرم ببوو. شاناز دانی بەوەدا نابوو کە حەزی لەو کوڕە کردووە، بەڵام سوێندی خواردبوو بە مەبەست لەگەڵ ئەو کوڕە نەچووە. وتبووی کاکی پێی زانیون و هەڕەشەی کوشتنی لێ کردوون، ئەمانیش لە ترسی گیانی خۆیان هەڵاتوون. گوایە لە بازگە گومانیان لێ کردوون چونکە وێنەی سەر ناسنامەکەی تالب لە کوڕەکە نەچووبوو. هەرلەوێ دەسبەسەر کرابوون و دواتر خرابوونە بەندیخانەوە. دواتر کە بەریشدرابوو، گوێی بە کەس نەدابوو. بڕوای بە سوێند و پاڕانەوەکانی شاناز کردبوو. لێی خۆش ببوو، بە بیانووی ئەوەی نازی کوڕەکان نەشێوێ، بردبوویەوە بۆ ناو منداڵەکانی. 
 
براژنی هێشتا هەر لە پرتە و بۆڵە بەردەوام بوو، هەر وشەیەکی گوللەیەک بوو دەینا بە دڵیەوە. تالب نەیدەزانی چی لەو هەموو چارەڕەشیە بکا کە تێکڕا روویان تێکردبوو. سەرباری هەموو ئەمانەش نەیدەزانی بە تاقی تەنیا چۆن ئاگای لە کۆرپەیەکی ساوا بێت. بە دڵەباوەڕمەکە گوتی: "براژن با ئەو کچە بێنمە لای تۆ ماوەیەک ئاگات لێی بێ؟"
براژنی واقی وڕما،بە سەرسوڕمانەوە گوتی: "کچی چی قوڕبەسەرم؟"
 
تالب چاوی بڕیە هەڵمی کزی سەر پەرداخە چایەکە، بە دەست هەڵمەکەی پەرشوبڵاو کردەوە: "ئاخر شاناز بەرلەوەی دیسانەوە بڕوات، منداڵی خستەوە. منداڵەکە کچە. هێشتا چلەی نەچووە..."
 
سەرێکی بادا: "ئممم.... هەی داماو. خانم رەدووکەوتووە تازە زۆڵەکەشی هێناوەتەوە بۆی بەجێهێشتووی و تێیتەقاندووە. ئەمە کەی؟ کەی ئاوس بوو کە ئێمە بێ ئاگا بووین؟ "
 
تالب جێی  برینە کۆنەکەی سەر مەچەکی دەستی ڕاستی خوراند و گوتی:  "ئێوە خۆ هەر سەرتان بە ماڵی مندا نەدەکرد تاکوو ئاگاتان لێی بێ... نازانم کە لە بەندیخانە بەربوو، لەسەر پێ و مانگی خۆی بوو..."
 
 تریقەی پێکەنینی براژنی وەکوو هەورەبروسکە دەنگی دایەوە و چ خشتی سەقفەکەیان بوو هەموو بە یەکجاری لە ڕەگەوە دەرهێنا و کێشای بە تەپڵی سەری تالبدا: "نانانانانانانانا... نا تالب گیان من کاری وا ناکەم. لای منداڵی خۆمم بۆ ناگیرێت ، ئێستا بێم زۆڵەکەی شانازیش کە دیار نییە هی کامە نێرەکەرە بگرمە کۆشی خۆم و شیری قوتووی بدەمێ؟ کاکت بزانێت هەر شاربەدەرمان دەکا... کوڕکانت چی لێکرد؟"
 
"بە ماشێنەکانی گوند ناردمنەوە بۆ لای دایکم..."
"دەی با ئەمیشت هەر ناردبا بۆ لای دایکت..." 
 
"دایکم؟ دایکی داماو ئەمە بۆ جاری دووەمە کوڕەکانم کردووەتە ملی. تەلەفۆنم بۆ کرد. گوتم حاڵ وا و حەکایەت وا. گوتی پێڵاوی کوڕەکان سەرسەرم بەڵام زۆڵی کەس راناگرم..."
 
قومێکی لە چایەکەی خواردەوە و گوتی: "براژن تەنیا چەند ڕۆژێک با لەلات بێ، هەر کە دایکیم دۆزییەوە دەیدەمەوە بە خۆی..."
 
نەیهێشت قسەکەی تەواو بکا بە تەوسەوە گوتی: "دایکی دەدۆزیتەوە و دیسانەوە دەیبەیتەوە ماڵەکەی خۆت و زۆڵەکەشی بەخێو دەکەی. هەی بێ غیرەت. بێشەرەف..."
 
دەنگێکی ناسک  لەو خەیاڵە ڕایکشایە دەرەوە و، فڕێی دایەوە بەر پەنجەرەی ژوورەکەیان، ڕێک بەرانبەر بە کچە کاڵەکە: "چی بوو؟  منت ناسییەوە؟"
 
بە سەرسوڕمانەوە لە کچەکە ڕاما. لەبەرخۆیەوە گوتی: "چەند لە سیروان دەچێ. بە شەرەف ئەگەر نەختێک قەڵەوتر با و کەپووی فش با هەر دەمگوت سیروانە بۆ شۆخی لەچکی لەسەر کردووە. هەر خۆی زۆر لە سیراون بچووکتر نییە. چوار ساڵ لە سیروان و دوو ساڵیش لە سینا ... بە ڕاست بۆ هێندە لە سیروان دەچێ؟..."
 
دیسانەوە دەنگ کە نا، قیژەی فاتم بەخۆی هێنایەوە : پیاوەکە کۆڵنج دەکەی وەرە ئەمسەری ژوورەکە! بۆ لەبەر ئەو پەنجەرەیە هەڵترووشکاوی؟ خۆی هەر ماڵەکە ساردە....
 لەبەر خۆیەوە مۆڕاندی: "ماڵەکە ساردە؟.."
ماڵەکە سارد بوو؟ 
 
ماڵەکە سارد بوو. کچەکە دەیقیژاند. هەم برسی بوو، هەم سەرمای بوو، هەم بێ دایک بوو، هەم بێ باوک... ئێوارە دراوسێیەکەی بەرانبەریان هەر کە لەوسەری کۆڵانەکە چاوی پێی کەوت کە چۆن وەکوو پیرێکی پەککەوتە خەریکە خاوەخاو لە لێژایی کۆڵانەکە خۆی بەرەو سەرەوە ڕادەکێشێ، خێرا ڕایکردبووە ژوورەوە و مەلۆتکە سپیەکەی هێنابووە بەر دەرگا و هانکەهانک گوتبووی: "کاک تالب خەجاڵەت خۆم. خۆیشم دوو منداڵی هاروهاجم هەیە، كچی تۆم پێ بەخێو ناكرێ بەخوا.
 
خۆ خۆت دەزانی چی دەڵێم... بیبەرەوە. یان بیبە لای خزم و کەسەکانت...." تالب وەڕەس لە هەموو کەس و هەموو شتێک، نەیهێشتبوو ژنەکە قسەکەی تەواو بکا، هەناسەیەکی هەڵکێشابوو، جگەرەکەی دەستی نیوەسووت فڕێدابوو، باوەشی بە کچەکەدا کردبوو، دواتر بێ دەسخۆشانە پشتی لێ کردبوو، خۆی کردبوو بە ماڵە چۆڵەکەیدا. ئێستا هەرچییەکی دەکرد ژوورەکە گەرم نەدەبوو. لەبەر خۆیەوە هەر دەیبۆڵاند: "باشه من چی لەم کچە بکەم؟ بۆچی من هێندە دڵحیز بووم؟ بۆچی باوەڕم پێ کردی؟ بۆچی لێت خۆشبووم؟ خوا لەناوت بەرێت شاناز. خوا لەوە ڕووڕەشترت بکا ژن وا ڕووڕەشت کردم. ئەو کچەت لە کوێ هێنا و کردت بە کۆت بەملی منەوە؟ باشه من بۆچی تۆم نەکوشت؟ ئەی خوایە... من بۆچی لەبەر تۆ پشتم لە کەسوکارم کرد و بە خۆت و باوەشێک ورگتەوە تۆم هێنایەوە ماڵەوە؟ لەبەر منداڵەکان؟ ئەی خوایە گیان... جا قەحبە تۆ کەی منداڵت ویستووە؟ کەی بەخێوت کردوون؟"
 
واقەی منداڵەکە خەریک بوو ژوورەکەی بەسەردا بڕووخێنێ. گومان وەکوو مۆرانە کەوتبووە وێزەی مێشکی و خەریک بوو وردە وردە مێشکی دەجاوی: "تۆ بڵێی ئەوە کچی من بێ؟ نا... نا... ئەو خەڵکە ڕاست دەکەن، ئەوە دەکرێ هی هەر کەسێک بێت جگە لە من... ئەی بۆ هێندە سۆزم بۆی هەیە؟ نا نا. هی من نییە. ساوایە و مرۆڤیش سۆزی بۆ ساوا هەیە." 
 
 شڵەژابوو، نەیدەزانی چەند کەوچک شیر بکاتە ناو مەمەکەیەوە. هەروا ئاو و شیرەکەی تێکەڵ کرد و هێندەی شیر بە منداڵەکە دا، تاکوو رشایەوە. 
 
سەیری کچەکەی کرد: خوایە گیان چەند گەورە بووە... هەستێکی غەریزی بەرەو لای کچەکە ڕایدەکێشا. لەناخەوە دەکوڵا. دەیویست بڕوات و باوەشی پێدا بکات، بەڵام... 
 
لە حاڵێکدا  بەسەری پەنجە گۆشەی چاوی راستی دەسڕییەوە، هەناسەیەکی هەڵکێشا و  پرسی: "چۆن زانیت من ماوم؟ چۆن ئێرەت دۆزییەوە؟"
 
"باوکم ناونیشانی پێدام".
 
"باوکت؟"
 
کابرا چل یان چلوپێنج ساڵێکی دەبوو. نەزۆک بوو. خەریک بوو سوێی دەبووەوە بۆ منداڵێک. کەپووە گۆشتنەکەی زوو زوو لە ملی کچەکە نزیک دەکردەوە و وەکوو ئەوەی گوڵەباخێکت دابێتە دەستی، بە قووڵی بۆنی دەکرد. چاوە دەرپۆقیوەکانی پڕ بوون لە پێکەنینی پاش حەسرەتێکی درێژ. 
 
عەبەی هاوڕێی لە حاڵێکدا کە کچەکەی دەدایەوە دەستی، گوتی: "وەڵا کاکە ژنەکەی منیش ناچێتە گردی. تۆش خۆتی پێوە ماندوو مەکە. ژنەکەشت لێیداوە رۆیشتووە. بیدە بەو کابرایە و پارەیەکیش وەربگرە. خۆیشت سوور دڵنیای ئەوە کچی تۆ نییە. بیدە بەو کابرا و لە کۆڵی خۆتی بکەوە..."
 
ئایا دڵنیا بوو؟ بەڕاست ئەوە کچی ئەو نەبوو؟... بەردەوام کاری ببووە خۆخواردنەوە و لەبەرخۆوە قسەکردن. بیری لەوە دەکردەوە کە ئاخۆ بۆ هێندە سوورن لەسەر ئەوەی ئەو کچە کچی ئەو نییە و هی کەسی دیکەیە؟ لەبەرخۆیەوە دەیگوت: شاناز سێ مانگ لە بەندیخانە راگیراوە. ئەوە سێ مانگیشه بەربووە. کەواتە زکی سێ مانگان بووە کاتێ گیراوە. هەمووی یەک دوو حەفتە لە هەڵاتنەکەی تێنەپەڕی کە گرتیان. دەی دوو مانگ و نیوی هەر لای من بووە... ئەو کچە هی خۆمە. نا... نا... هی من نییە. هەرچی لێی دەڕوانم هیچی لە من ناچێ... ئاخۆ دایکەکەی جگە لە من لەگەڵ چەند کەسی تردا خەوتووە؟ دەیانگوت وامەكەی بۆ كەس نەبوو... دەیانگوت جگە لە من لەگەڵ هەمووانیشە. چەند گەمژە بووم! بۆچی بروام نەدەکرد؟ باشه دواتر کە گیرا بۆ قەبووڵم کرد؟ بۆ هێندە هەوڵم دەدا سەرنجی بۆ لای خۆم ڕابکێشمەوە؟ ئاخۆ ئەوە کچی منە؟ ئەی سینا و سیروان چی؟..." 
 
"منت بە چەند فرۆشت؟"
 
ئەوە دەنگی سەیران بوو کە بەو پرسیارەی ناخی تالبی هەژاند. هەر لە سەرەتاوە خواخوای بوو ئەو پرسیارەی لێ نەکا. هەناسەی سوار ببوو. حەزی دەکرد لەو ساتەدا زەوی دەم بکاتەوە و قووتی بدات....
 
"کاکە دوو ملیۆنت پێدەدەم ئیتر باسی ئەو کچە ناکەی. نە خۆتی پێ نیشان دەدەی. نە بەدوایدا دەگەڕێی. نە ناونیشانی ماڵی ئێمەت لەبیر دەمێنێ. تۆ هەر کچت نەبووە. لە ئەمڕۆوە ئەمە کچی منە".
 
سەیران بە ئارامی دەستی برد لەچکەکەی ڕێکخست: "کە خۆمم ناسی ئیتر ئەوە بوو بە خۆرکەی مێشکم، کە دەبێ دایک و باوكە ڕاستەقینەکەم ببینم. وردە وردە ژیانم بە باوک و دایکم تاڵ کرد. باوکم ناچار ناونیشانەکەتی دۆزییەوە و پێیدام و گوتی ئەوە باوکتە، هەرچەند خۆی بە باوکت نازانێ، خۆت بڕۆ بیبینە".
 
تالب بە شەرمەزارییەوە سەری هەڵبڕی: "کێ پێیگوتی کەسانی تر دایک و باوکتن." 
 
"هەر دەمزانی. ئەوە شتێک نییە بشاردرێتەوە. بەتایبەت ئەگەر کەسێکی دەوڵەمەند بەخێوت بکا و بەشێکی زۆری داراییەکەی بکاتە ناوی تۆوە و ئیرەیی کەسانی دەوروبەرت بورووژێنی. هەرچی کەسە دەیزانی من منداڵی ئەو ماڵە نیم..."
 "ئەی دایکت؟ هیچ بە دوای ئەویشدا گەڕای؟"
 
کچە سەری تەکاندا: "ئممم. بەڵێ سەرەتا بە دوای دایکمدا گەڕام. داپیرەمم دۆزییەوە. دەستی گرتم و بردمیە سەر گۆڕەکەی..."
 
"داپیرەت؟ مریەم خان؟..."
 
مریەم خان لەوسەری داڵانەکەی بنکەی پۆلیسەوە بە ڕاکردن و جنێودان خۆی گەیاندە تالب و بە هەردوو مشتی کێشای بەسەر سنگیدا: "خوا بۆت نەسازێنێ؟ خوا لەناوت ببات؟ ئاخری ژاری خۆتت ڕژاند؟ ئاخری کچەکەمت کوشت؟ ..."
 سەری سوڕمابوو. نەیدەزانی چی روودەدات؟ هەموو دراوسێیەکان گوتبوویان شاناز لەگەڵ پیاوێک ڕۆیشتووە. پیاوەکە سواری ماتۆڕی کردووە و لێخوڕیوە و ڕۆیشتووە. کەس پیاوەکەی نەدەناسی. ئاخر ئەوان ماوەیەکی زۆر نەبوو چووبوونە ئەو گەڕەکە.
 
 بیری دەکردەوە ئاخۆ شاناز چی لێهاتووە؟ دەستەکانی مریەم خانی گرت و گوتی: "دایە مریەم چی بووە؟ شاناز دۆزراوەتەوە؟" 
 
مریەم خان کە ئیتر تووڕەییەکەی جێگای خۆی دابوو بە گریان و لاواندنەوە، گوتی: "بڵێ تۆ کوشتووتە. ئەی تۆ شانازت نەکوشتووە؟.. عەباسی برایان گرتووە... کوڕە داماوەکەم. ڕەببی دایکی بمرێت... دەڵێن ئەو شانازی کوشتووە... تۆ کوشتت. ناپیاو تۆ کوشتت... بڵێ من کوشتم... بڵێ من کوشتم و بردمە ئەو چۆڵەوانییە و فڕێمدا... بڵێ براکەی بێتاوانە..."
تالب ئیتر نەیتوانی خۆی رابگرێت. کەوتەوە بیری قسەکانی شاناز ئەو کاتەی لە بەندیخانە بوو: "کاکم پێیزانین. هەر خۆی تووڕەیە. هەڕەشەی لێکردم. بۆیە ڕامکرد. نەمدەویست ماڵ بەجێبهێڵم، بەڵام ترسام. ئێستاش هەر هەڕەشەم لێ دەكات. توخوا لێم خۆش بە... با بگەڕێمەوە لای منداڵەکانم..."
 
"دادە فاتم گوتی کوڕەکانت ناویان سیروان و سینایە. دیارە لەوە دڵنیابووی منیش کچی تۆم دەنا کاتێ باوکم پرسی ناوی چییە نەتدەگوت سەیران... ئەی بۆچی دواتر کە زانیت دایکم کوژراوە و ڕەدوو نەکەوتووەتەوە بە دوامدا نەهاتی؟ بۆ منت نەویست؟"
 
تالب سەرباری کزەی سەرمای بەر پەنجەرەکە شەڵاڵی عارەقە ببوو: "من نەمویستی؟ ئەی بۆ هەزاران جار هاتم و لە دوورەوە سەیری ئەو ماڵەم دەکرد کە تۆی تێدا دەژیای؟ چەند جار ویستم بێم و بتهێنمەوە؟ بۆ دەبووایە بتهێنمەوە؟ خۆ تۆ کچی من نەبووی!.. کچی من بووی؟! بتمهێنابایەتەوە چیم لێ کردبای؟ بمهێنایتایە ناو ئەو کاولاشەی تەنیا ناوی خانوو بوو؟ بۆ لەو ژیانە پڕ بەختەوەرییە بێبەریم بکردبای؟ لەو هەموو سۆزەی ئەو پیاو و ژنە دەیانتوانی بێ چاوەڕوانی بیبەخشن پێت؟ بەڵام لە هەموو ئەمانە گرینگتر ئەو پارەیەی وەرمگرتبوو، زۆربەیم خەرج کردبوو..."
 
تالب هەموو ئەمانەی گوت، بەڵام لەناو هزری خۆیدا. دەڵێی دەمبەس خرابووە سەر دەمی، هەرچییەکی دەکرد یەک وشە لەسەر زمانی هەڵنەدەسووڕا. 
 
واقوڕماو لەبەر پەنجەرەکە بەرانبەر بەو پشتیەی سەیران هەر پاڵی پێوە نەدابوو هەڵترووشکابوو.  فاتم دەستێکی پێوە ژەند: "پیاوەکە... پیاوەکە... هەستە بۆ لەبەر ئەو پەنجەرەیە دانیشتووی. کۆڵنج دەکەی. هەر خۆی ماڵەکە زۆر ساردە..."
"هاااا؟ ماڵەکە ساردە... سەیران... کوانێ سەیران؟" 
"سەیران؟!.. کامە سەیران؟!"