نوێگەری و ئەرکەکانی
بەشی دووەم
لە ماوەی رابوردوودا چەند وتارێکم لەم رۆژنامەیەدا بڵاوکردەوە، لەوانە: باری نائاسایی، ئێمە بۆ خۆمان جوان دەکەین، نیشتیمان و نانیشتیمان، کە خەسڵەتە فەلسەفییەکانیان بریتی بوو لەوەی پیشانمان بدات بیرکردنەوە چالاکییەکی فرە ئەرکە، بەدیوێکدا بەهای باو دەڕووخێنێ، دیاردەی باو دەسڕێتەوە، نەریتی باو لەناودەبات و بەدیوەکەی تریدا بەهای نوێ، دیاردەی نوێ و نەریتی نوێ و شوێنی نوێ دادەهێنێ.
هیچ بیرکردنەوەیەک نابێت تەنیا یەک ئەرکی هەبێت، بەتەنیا بڕوخینێت یان بەتەنیا دروست بکات، ئەمە خەسڵەتی بیرکردنەوە نییە.
لەناو کایەی رۆشنبیریی کوردیدا هەر جۆرە نوێکارییەک بەرپا بووبێت، دەبێت ئەو پرسیارەی بەرەوڕوو بکەینەوە، ئایا چ بەهایەکی لەناوبردووە و چ بەهایەکی نوێی جیاوازی داهێناوە. چونکە نوێگەری هیچ نییە جگە لە تێپەڕاندنی دۆخ و کایەیەکی بەهایی بەرەو دۆخ و کایەیەکی بەهایی تەواو جیاواز.
دیارە لەناو جیهانی ژیانی کوردیدا لەبواری ئەدەب و روناکبیری و هونەرو سیاسەت جۆرە نوێکارییەکی تایبەتمەند بەسەر بەها نەریتییەکاندا هێنراوە، ئەمەش هەڵبەتە تەنیا لەبەرئەوەی ئەو بوارانە پێشینەیەکیان لەناو جیهانیژیانی ئێمەدا هەبووە، دیاردە بوون، ئایدیۆلۆژیا بوون، ئاماژە بوون و گوتاریش بوون، بەڵام لەبواری زانستدا لەبەرئەوەی چ پاشخانێکی پێشترمان شک نەبردووە، هیچ جۆرە نوێکارییەک سەری هەڵنەداوە، بگرە خودی زانست هێشتا تەنێکی نامۆیە بەو جیهانیژیانە.
بەدیدی من رەنگە ئەم دیاگنۆزەیە دیارترین لایەنی جیاوازی خۆراوا و کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان بخاتەڕوو بۆمان. بواری زانست و ئابووری و پیشەسازی قورسترین وەرچەرخانی بەسەر سترەکتوری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆراوادا هێنا. لەسەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم بەدواوە مەسەلەی ئیشکردن و پێشکەوتن بوونە زمانحاڵی شارستانیی خۆراوا.
لێرەوە ئەم پرۆسە مۆدێرنەگەرە رووبەڕووی بەرەنگاری دەبێتەوە، سەرهەڵدانی بزووتنەوە رۆمانتیکییەکان و فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی وەکو بەرەنگاربوونەوەیەک بۆ ئەو نوێگەرییە پیشەسازییە دەرکەوتن. بەڕادەیەک فیلۆسۆفێکی وەکو مارکس لە قۆناغی هیگڵێستبوونیدا جۆرە تێڕوانینێکی ئایدیایی تەواو جیاوازی هەبوو وەک لە قۆناغەکەی دواتری کاتێک لەسەر ئابووریی سیاسی دەنووسێت و باسی کاپیتاڵیزم و بازاڕی جیهانی دەکات، کەچی فیلۆسۆفێکی وەک نیتچە کە لەهەمان سەدەدا ژیاوە، بەجۆرێکی تەواو تایبەتمەند بەرەنگاری ئەو شاڵاوە ئاگرینەی مۆدێرنە دەبێتەوە. نیتچە لەبری ئەوەی ڕووە ئابوورییەکە بخاتە بەر ڕەخنە، خۆی لە بوارە ڕۆحی و کولتوورییەکە هەڵقورتاند.
بۆیە لەگەڕانیدا بۆ رێنیسانسکردنەوەی ئەوروپا لەڕێی ڤاگنەرەوە گەڕایەوە بۆ گریک و "لەدایکبوونی تراژیدیا"ی کردە دیمەنێکی گرنگی هەر رێنیسانسێک کە بشێت سەرهەڵبدات. واتە ئەگەر مارکس و ئەنگڵز سۆسیالیزمی ماتەریاڵیزمیان داهێنابێت بۆ بەرەنگاربوونەوە، ئەوا نیتچە لەم قۆناغەی بیرکردنەوەیدا سۆسیالیزمی ئیستاتیکی داهێنا، وەک زیمیل و سلۆتەردایک راڤەی دەکەن.
بەراورد بەو رووداوە خۆراواییە، لە جیهانی خۆرهەڵاتدا، بۆ نموونە لەجیهانیژیانی کوردیدا دەرکەوتنی سیماکانی مۆدێرنە بە گەورەترین هیوا زانراوە بۆ ئازادی. رێنیسانس لە دنیای ئێمەدا بەوە دەپێورێت چەندێک خۆت فڕێدەدەیتە ناو تەوژمی پیشەسازی و تەکنەلۆژی و زانستییەوە. بۆیە زۆربەی رێنیسانخوازەکانمان بەو پرۆسەی بیرکردنەوەیەدا گوزەریان کرد کە بکەونە ناو رەخنەگرتن لە دۆخە باوەکان و دەستبکەن بە ستایشکردنی دەستکەوتەکانی مۆدێرنە.
سەرەتای سەدەی بیستەم هەموو ئەو شاعیر و رووناکبیر و سیاسەتمەدارانەی خۆیان لە بوارەکانی خۆیاندا راگەیاند، بریتی بوون لە دەرەنجامی ئەو دووفاقێتییەی کردەی بیرکردنەوە هەڵگرێتی. بۆیە ئێمە نوێگەرێک شک نابەین سەرزەنشتی نەریتی باوی نەکردبێت و لەهەمان کاتیشدا ستایشی دنیای نوێی نەکردبێت. شاعیران و ئەدیبانی وەک پیرەمێرد، بێکەس، تۆفیق وەهبی و قانیع... هەموو وەک ئەو یۆتۆپیستانە ڕەفتاریان دەکرد کە شوێنی خۆیان بەرەو سەرزەمینێکی نادیار بەجێبهێڵن. ئەمان پێشکەوتنیان لەوەدا دەبینییەوە نەریتی باو بەجێبهێڵن و لەڕێی خوێندن و زانستەوە دۆخی کۆیلەیی تێکبشکێنن و خۆیان بگەیەننە ئاستێکی پێشکەوتووی شارستانی.
گەر تێبینی بکەین، زۆرینەی گوتارە باوەکانی ئەو قۆناغە بریتی بوون لە هاندانی کۆمەڵگە بۆ خوێندن و فێربوون، هاندانیان بۆ بەدەستهێنانی سەربەستی و ئازادی. کەواتە نوێگەری لە جیهانیژیانی ئێمەدا هۆشمەندییەک بووە بۆ ئازادی. ئەم ئازادییە لەسەر دوو ئاست روویداوە، جارێک لەسەر ئاستی ناسیۆنالیزم، چونکە لەو قۆناغەدا تاکە ڕێبازی رزگاربوون لە کۆیلەیی و لە ژێردەستەیی بریتی بووە لە ناسیۆنالیزم، ئاستی دووەم لە بواری سۆسیالیزمدا بەرپا بووە کە زۆر لە رۆشنگەران هانی چینی جووتیاریان داوە لە دەرەبەگایەتی رزگاریان بێت.
ئەم دوو ئاستەش ئاماژەن بۆ چرکەساتێکی دیالێکتیکی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی ئێمەدا. بەم پێیە، لەبەرئەوەی ئێمە بەدەست ژێردەستەیی کۆڵۆنیالیزمەوە دەمانناڵاند، نوێگەریی ئێمە بریتی نەبووە لە رووخاندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و گەڕان نەبووە بۆ مەسەلەکانی (راستی و مانا و جوانی و هەق) شتێک کە خۆراوا توند پێوەی دەرگیر بووبوو. بۆیە نوێگەری لای ئێمە بریتی بووە لە دەرەنجامی خەباتکردنێکی بێوچان بۆ دۆزینەوەی شوناس. واتە نوێگەری بریتی بووە لە خۆڕزگارکردن لە هەژموونی ئەویتر و گەڕانەوە بۆ خود، لەکاتێکدا نوێگەری خۆراوا دژە شوناس کاری کردووە بۆ راگەیاندنی جیاوازییەکان لە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکاندا، وەک ئەوەی دێریدا کردی.
لەسەر ئاستی سۆسیالیش نوێگەریی ئێمە بەدرێژایی سەدەی بیستەم و بەئێستاشەوە، گەر هەر پرسێکی نوێگەری خرابێتەڕوو، هەمیشە گرێدراوی هیوایەکی ئایدیۆلۆگی بووە بۆ گۆڕینی دۆخی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، نەک ئیتیکێکی وجودییانە بووبێت بۆ رۆشنکردنەوە و ئازادکردنی تاک. لێرەوەیە کاتێک ئەدیب و هونەرمەندی ئێمە وەکو نوێگەر دەردەکەوێت، رێک و راست، دەبێت وەک کەسێکی شۆڕشگێڕ و ڕیالیست نوێنەرایەتی گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بکات. ئەگەر بشێت لێرەدا ئاماژە بەوە دەدەم کێماسیی نوێگەریی ئێمە ڕێک لەو خاڵەدایە کە کاری لە رێنیسانسکردنی ئیتیکی تاکەکەسدا نەکردووە، تەنیا بە پەیدابوونی حاڵەتێکی کزی دوای راپەڕین لە کۆششە سەرەتاییەکانی گۆڤاری ( ئازادی و بوون) دا هەندێک ئەدگارەکانی ئەو ئیتیکە تاکگەرە دەستپێدەکات.
ئاوەها نوێ لای ئێمە، ئەگەر بەدی هاتبێت، ئەوا هەمیشە بریتی بووە لە دەرەنجامی هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆگی و جیهانبینییەکی سیاسی، نەک دەرەنجامی پێکدادانی رۆشنگەر (ئەدیب و هونەرمەند) لەگەڵ سیستەمی بەهاکاندا. نوێ لای ئێمە نەیتوانیوە نرخەکان بنرخێنێتەوە، بەهاکان دووبارە هەڵبسەنگێنێتەوە. هەر بۆیە ئەگەر داخوازی بەجێهێشتنی دۆخێکیشی کردبێت، ئەوا ئەڵتەرناتیڤێکی ڕیالیستانەی لەهەگبەدا نەبووە.
بۆ نموونە مارکس بە رەخنەی لە کاپیتاڵیزم، داوای گەڕانەوەی بۆ قۆناغی کۆمۆنە دەکرد، نیتچە بە رەخنەی لەو مۆدێرنە عەقلانییە ژیانکوژە، ڕاڤەی بۆ گەڕانەوەی هونەری ژیاندۆستیی جیهانی گریک دەکرد. ئیدی نوێ لای ئێمە دەبێتە داواکارییەکی ئایدیۆلۆگی رووتی دەستەبژێرێکی خوێنەوار بۆ کۆلێکتیڤێکی نەخوێنەوار و ژێردەستە، لە دنیای ئێمەدا هەڵگرەکان و زمانحاڵەکانی نوێگەری چ گوتارێکی ئەڵتەرناتیڤیان لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی خۆراوا کردوویەتییە مۆدێلێکی گڵۆباڵ. ئەمەش لەبەرئەوەی نوێگەریی ئێمە تەنیا بەرخوردی لەگەڵ (دیار و رووکەش)دا کردووە نەک لەگەڵ (نادیار و قووڵایی).
لەکاتێکدا نوێگەری بریتییە لە دەستکاریکردن و لە گۆڕینی (نادیار و نائامادە)ی ناو حەشارگەکانی هەر کولتوورێک. لێرەدا نابێت ئاماژە بەو وەرچەرخانە بنەکولتوورییە نەدەین، کاتێک مەولانای نەقشبەندی ویستوویەتی لەناو کولتوورێکدا بنەکولتوورێکی تر، لەناو ئاینێکدا ئاینزایەکی تر دابهێنێ، شتێک کە تەواو دەیتوانی ببێتە رێنیسانێکی ڕۆحیی گرنگ. بایەخی ئەم نوێگەرییەی مەولانا لەوەدابوو کە هەم پاشخانی لەپشتەوە بوو، هەم پێشخانی لەبەردەمداهەبوو، شتێک کە هیچ نوێگەرییەکی تری کوردی شکی نەبردووە. چونکە نوێگەری رووداوێک نییە لە ئاسمانەوە دابارێتە سەر زەوی و کولتوورێک، بەڵکو ڕووداوێکە لە هەناوی پێشینەیەکی نەریتییەوە دەردەپەڕێت.
نوێ کاتێک نوێیە کە لەنێوبەندییەکی "کۆن" ـەوە هاتبێتە دەرەوە. مەرج نییە سروشتی "کۆن" ئەوە بێت کە هەر بە کۆنی دەبێت بمێنێتەوە و بژی، بەپێچەوانەوە زۆرینەی کۆنەکان بۆ ئەوە هەن کە سەرلەنوێ بنرخێنرێنەوە، لێرەوەیە مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە بەدوای یەکتریدا دێن. کەواتە هەموو هەنگاوێکی نوێگەر لە خاڵێکی کۆنترەوە دەهاوێژرێت. هەموو بەهایەکی نوێ لە بەها کۆنەکەوە ژیانی وەردەگرێت. نیتچە هەر زوو ئەو وانەیەی داداین، کەوا بۆ دروستکردنی پەرستگایەکی نوێ، دەبێت کۆنەکە بڕووخێنین.
بۆیە هەموو پرسیارکردنێک لە "نوێ" پرسیارکردنە لە "بەها"، کەواتە با بپرسین ئێمە بۆچی بەهای کۆنمان چیتر ناوێت و هی تازە دەخوازین؟ ئایا لەبەرئەوەی بەها کۆنەکە درۆیە و نوێیەکە راستییەکەیە؟
لە بەشی داهاتوودا شوێن ئەو پرسیارانە دەکەوین.