نیشتیمان و نانیشتیمان
مرۆڤ چەندێک ئەزموونی دنیا بکات و بەوپەڕی کراوەییەوە بچێتە نێو جیهانەوە، هێشتا ناتوانێ دەستبەرداری ئەو ئەندێشەیە بێت کە بێپچڕان لەناو ڕۆحیدا دەبزوێت، ئەندێشەی گەڕانەوە بۆ دەستپێکی دەرچوونی ئەو بۆ ناو جیهان، یان دروستتر بڵێم ئەوەی ئەو لە کوێوە هاتە دنیاوە و چۆن بتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.
ئۆدیسە دوای ئەو گەشتە وێڵئاراییەی بە دەریادا بۆ دەرەوەی گریک کردی، دواتر هەر دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی دەستپێک، بۆ ماڵەوە. پلاتۆن لە دەرەوەی ئەسیناوە لەسەردەمی شەڕ و قاتوقڕیدا گەڕایەوە بۆ ئەسینا و ئەکادیمیاکەی دامەزراند، کە ئەو ئەکادیمیایە لەوکاتەوە بووەتە دەستپێکی لەدایکبوونی هەموو ئەکادیمیاکانی جیهان.
مەولانای نەقشبەندی دوای ئەو گەشتە ڕۆحی و عیرفانییەی بەرەو خۆرهەڵات کردی، دواجار بە مەشقێکی ڕۆحانیی نویوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە بۆ نیشتیمان، ئەگەرچی ماڵەوە هێندە خراپەیان لەگەڵدا کرد کە ناچاربوو ئەمجارەیان خۆنەویستانە لێی هەڵبێت، نالیش چەندێک دوورتردەکەوتەوە لە نیشتیمان پتر پرسیاری ئەوەی لە سالم دەکرد، ئاخۆ کەی بێت بگەڕێتەوە. پیرەمێرد دوای خۆپێگەیاندنی ئەکادیمیاییانەی خۆی لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە سلێمانی و ڕووناکی و فەرهەنگی بۆ دەهێنێتەوە. ئەم گەڕانەوەیە بۆچی؟ زۆر بەسادەیی دەکرێت بڵێین مرۆڤ ناتوانێ دەستبەرداری ئەو شوێنە بێت کە یادەوەرییەکانی ڕابردووی تیایە. شوێنک کە من دەناسێت و منیش ئەو دەناسم، خەڵکەکانی دەناسم و ئەوانیش من دەناسن. کۆڵانەکانی، شەقامەکانی خوێندنگاکانی و فەرمانگەکانی و چایخانەکانی و کتێبخانەکانی و باخچەکانی و بازاڕەکانی، بریتین لەو شوێنانەی بوونەتە پارچەی نەمری ناو دەروونی مرۆڤ. ڕەنگە مرۆڤ لەبەر گوشاری سیاسی و ئابووری ناچار بێت نیشتیمان بەجێبهێڵێت، بەڵام ناتوانێت خەون بەگەڕانەوەوە نەبینێ. ڕەنگە مرۆڤ لە قێزهاتنەوەی لە کولتووری کۆمەڵگاکەی نیشتیمان بەجێبهێڵێ، بەڵام گەر قێزی لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیش بێتەوە، ناتوانێت قێزی لە خاک و باخەکان و سروشت و ئاسمانی نیشتیمان بێتەوە. لەبەرئەوەی نیشتیمان بریتییە لەو ئەلبوومەی کە هەموو وێنەکانمانی تێدا دەپارێزین. ئەم وێنانە کەرەسەیەکی ڕۆحین بۆ بەستنەوەی ئێمە بە نیشتیمانەوە. بۆیە لە هەموو تەماشاکردنێکی ئەو ئەلبوومە، ئێمە جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ کاتێکی بەسەرچوو ناکەین، چونکە ئەو ڕۆژگارە هیچ شوێنەوارێک و هیچ ئاماژەیەکی نەماوە، بەڵکو پتر بۆ شوێنەکە دەگەڕێینەوە.
بێهۆ نییە، کەسی ئاوارە بەردەوام ئەو ئەلبوومەی بە هەموو وێنەکانیەوە لە خەیاڵداندایە و هەموو گەڕانەوەیەکی بۆ نیشتیمان تەماشاکردنەوەیەکی قووڵی نۆستالجیانەی ئەلبوومەکەیە. لێرەدا نیشتمان ڕێک و ڕەوان بریتییە لە شوێن نەک لە کات، بریتییە لە دەستپێکەکان نەک لە نەریت و فەرهەنگەکان، بریتییە لە زادگە نەک لە سەرکێشییەکان. مرۆ لە دەرەوەی نیشتمان پتر بە نەریت و فەرهەنگەکانی جیهان ئاشنا دەبێت وەک لە ماڵەوە، مرۆ لە تاراوگەدا پتر سەرکێشی دەکات وەک لە ماڵەوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا خولیای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەڕووی ئەنترۆپۆلۆژییەوە بە نەمرترین فەزیلەی مرۆڤ دادەنرێت. تەنانەت ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا دەژین و هەست بە نامۆییەکی وجودییانەی کوشندە دەکەن، کاتێک دەگەنە وڵاتێکی ئازاد و تاڕادەیەک یەکسان بۆ ئافرەتان، گەر لەوێش خۆیان بەتوندترین ئایدیۆلۆژیای فیمینیزم چەکدار بکەن، خولیایەکی شۆڕشگێڕانەیان بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان هەر تێدا دروست دەبێتەوە.
من کە نزیکەی نیوەی تەمەنم لە تاراوگە بەسەربردووە، ئێرە هەمیشە وەک نیشتمانی دووەمم تەماشا دەکەم، کەچی ماڵی یەکەمم لە نیشتیمان دەبینم. ئەگەرچیش لەڕووی فەرهەنگییەوە باش خۆم گونجاندووە، کەچی هێشتا خۆم هەر وەک کۆچەرێک دەبینم کە دەبێت ڕۆژێک لە رۆژان بگەڕێتەوە. ئەمە هەڵوێستەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ هەر کۆچەرێک گەر بخوازێت گەڕانەوەی خۆی ببەستێتەوە بە ئومێدی بینینی نیشتیمانێکی خۆشەوە.
ئەم دۆخە تەندروستترین مۆدێلی تێگەیشتنە لە نیشتیمان و کۆچەر و تاراوگەیی. ئەوانەی لە تاراوگەدا نیشتمانی یەکەم لە یادەوەرییان دەسڕنەوە، تووشی خاڵیبوونەوەیەکی ڕۆحی دەبن بەشێوەیەک کە نیشتمانە تازەکەشیان بۆ ناکرێتە نیشتیمانی دووەم. ئەم خاڵیبوونەوەیەش دەیانخاتە نێو چۆڵەوانییەکی فیکرییەوە کە هیچ دیدێکی شۆڕشگێڕانەیان نابێت بۆ گەڕانەوە، بۆیە گەر بشگەڕێنەوە هیچ روونادات.
ڕەنگە لە ساتەوەختێکدا ئەو بیرۆکەیە لای خەڵکانێکی زۆر سەرهەڵبدات کە نیشتیمان چیتر پەیوەندی بە شوێنی لەدایکبوون و منداڵی و یادگارییەکان و زمانەوە نییە، بەڵکو ئەو شوینەیە کە هێشتا هیچ جۆرە یادگارییەکمان تێیدا دروست نەکردووە، واتە ناشوێنە/ یۆتۆپیایە، یان وەک ئەوەی سلۆتەردایک نیشتیمان وەک ناتاراوگەیەک پێناس دەکات، کە مەبەستی لەوەیە نیشتمان ئەوەیە لەئێستادا ناتاراوگەیەکی کاتییە، چونکە شوێنێکی ئەبەدیی مرۆڤ بوونی نییە، مرۆڤەکان هەر کۆچ دەکەن و بەردەوام بۆ شوێنی باشتری ژیان دەگەڕێن.
لەم ڕووەوە بێشومار ئەدەبی ستایشکردنی ئەو یۆتۆپیایە لەبەردەستماندایە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە دیوە ترسناکەکەی تاراوگەنشینی درابێت، بۆ نموونە هەموو ئەدەبیاتی مارکس و وجودییەت بریتییە لە هەوڵی چوونە دەرەوە بۆ ناو جیهان، چونکە لەم دوو ڕێبازەدا هەموو مرۆڤەکان لە جیهاندا هاوبەشن. لێرەدا نەوەی نوێ لەژێر کاریگەریی ئەفسوونی ئەندێشە بێسنوورەکانی تاراوگەیی و هەروەها بەمەبەستی لەئامێزگرتنی هەڵوێستەیەکی شۆڕشگێڕانەی کۆسمۆپۆلیتانیزم لە دژی کولتوری واقیعی ناسیۆنالیزمانەی خۆی، بیر لە بەجێهێشتنی نیشتیمان و کۆچکردن بۆ تاراوگە دەکاتەوە.
جا هەندێکیان لەبەر هۆکاری ئابووری و هەندێکیان لەبەر هۆکاری سیاسی و کەمێکیشیان لەبەر هۆکاری زانستی و ئەدەبی. هەستی بەکەمسەیرکردنی نیشتیمان و سووکسەیرکردنی کولتوورەکەت، هۆکاری تووڕەبوونتە لە نیشتیمان و هۆکاری بەجێهشتنەکەشتە، بەڵام کاتێک لە تاراوگە دەبیت، شتەکان بەتەواوەتی ئاوەژوو دەبنەوە، خولیایەکی گۆڕانخوازانەی دیکەت تێدا دروست دەبێت کە دنەت دەدات بتگەڕێنێتەوە بۆ نیشتیمان.
مرۆڤ لە تاراوگەدا دەتوانێت نیشتیمان و ماڵەوە باشتر ببینێت وەک لەناو ماڵەوە. بێهۆ نییە ئەوانەی لە تاراوگەن نیشتیمانپەروەرانەتر پارێزگاری لە زمان و فەرهەنگی وڵاتەکەیان دەکەن وەک لەوانەی لە ماڵەوە ماونەتەوە. پێدەچێت لەڕووی پسایکۆلۆگییەوە مرۆڤی تاراوگەنشین پتر فرۆیدییانە بێت کە بەردەوام لە گەڕانەوەدایە بۆ ڕیشە، بۆ رابردوو، بۆ تامەزرۆیی و بۆ ئازارەکانی یەکەمینجار و یەکەمین ژینگە، بۆیە مەرج نییە هەموو وەرچەرخانێکی تاراوگەنشینی بەرەو دۆزینەوەی نیشتیمانێکی باشتر و خۆشتر و نوێتر بێت، زۆرینەی جار وەرچەرخانەکە پێچکردنەوەیە بۆ رابردوو لەبری هەڵهاتن بێت بۆ داهاتوو، ئەمەش گەڕانەوەیەکی پەتی و بێ مەرجە بۆ ڕیشەکانی جاران وەک خۆیان، گەڕانەوە و لەئامێزگرتنەوەی هەموو بارودۆخەکەی جارانە وەکو خۆی. ماوەی چەند ساڵێک دەبێت کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بۆ گەشتوگوزار یان بۆ چارەسەری پزیشکی سەفەر بکەن بۆ وڵاتانی تر، ئەوانەی هاتوونەتە بەرلین و لێرە بینیومن، لێم پرسیون ئەڵمانیا چۆن دەبینن، هەموویان وەها وەڵامیان داوەتەوە: ئێرە بۆ سەفەری کورت خۆشە، بەس بۆ مانەوەی هەمیشەیی لێرە هەڵناکەم، غوربەت هەستێکی قورسە، نیشتیمان لە هەموو شوێنێکی دنیا خۆشترە.
هەڵبەت ئەم هەستە تەنیا دەبێت لەڕووی ئیستاتیکییەوە وەک خولیایی مرۆڤ بۆ شوێن تەماشا بکرێت و هیج پەیوەندییەکی بە ئایدیۆلۆگی کۆنزێرڤاتیزمەوە نییە، بەڵام هەستی پاراستنی بەها کولتوورییەکان کە لە ئایدیۆلۆگیایەکی سیاسیدا خۆی فۆرمەلە بکات، ئیستاتیکی نییە، بەڵکو سامناکییە. لێرەوە ئیدیۆلۆگیای کۆنزێرڤاتیزم وەک هۆشیارییەکی کولتووری و ئیتیکی لەدایک دەبێت و گەر ببێتە سیاسەت و بچێتە نێو دەسەڵاتەوە زیان بە دیموکراسیبوونی ژیان دەگەیەنێت، وەک ئەوەی ئێستا لەتەواوی ئەمەریکا و ئەوروپادا تێبینی چالاکبوونی هێزە کۆنزێرڤاتیزمەکان دەکەین.
وەک چۆن بنەماییترین مافی مرۆڤ ئەوەیە ماڵی هەبێت، شوێنێکی نیشتەجێبوونی هەبێت، لەئاستی گەورەتریشدا مافێکی بنەڕەتییە هەموو جڤاتێک لەناو سنوورێکی سیاسیدا قەڵەمڕەوی و فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی سەروەرانەی خۆی هەبێت. هانا ئارێندت لە تیۆرییە سیاسییەکەیدا ئەم مافەی بۆ هەموو جڤاتێک یەکلاکردووەتەوە وەک مافێک بۆ دەروەستبوونی مرۆڤەکان لەناو پێکەوەبوونێکی رێکخراودا و بەبێ ئەم مافە گشتییە مەحاڵە تاکەکان بەهیچ مافێکی هاووڵاتییانە خۆشنوود بن. هەر بۆیە ئاوارەیەکی بێدەوڵەت لەم مافە بێبەشە. بۆ نموونە گەر مرۆڤێکی کورد یان فەلەستینییەک ئاوارە بن، چونکە بێدەوڵەتن وەک ئاوارەیەکی ئەفغانستانی یان سووری نین.
لێرەوەیە وەک چۆن لەڕووی سیاسییەوە بێدەوڵەتی مافی مرۆڤبوونی یاساییمان لێ دەستێنێتەوە، ئاوەهاش بێنیشتیمانی هەموو مافێکی نیشتەجێبوون و ئۆقرەگرتنی وجودییانەمان لێ زەوت دەکات. دۆخێک کە زۆرجار مرۆڤە بێنیشتمان و بێدەوڵەتەکان بەرەو غەریببوونێکی ئەبەدی دەبات و لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرن و هەموو شوێنێکیش بۆیان دەبێت بە ناشوێن و هەموو نیشتمانێکیش کە سەرلەنوێ بیدۆزنەوە، دەبێتەوە بە تاراوگەیەکی نوێ.