نۆستالژیا و شیعری هاوچەرخی کوردی
(نۆستالژیا لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا) نامەیەکی ماستەری (سۆران مامەند)ە، بە سەرپەرشتی (د.ئیدریس عەبدوڵڵا مستەفا) ساڵی (2014) پێشکەشی کۆلێجی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین کراوە.
نۆستالژیا هەستێکی ناهۆشیارانەیە لای هەموو مرۆڤێک هەیە، یەکەمجار وشەکە لە ساڵی 1688 لە سویسرا لە نامەیەکی ئەکادیمی بواری پزیشکیدا بەکارهاتووە، بەڵام لە ئەدەب و شیعردا بەشێوەیەکی نوێ لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست هاتە ناو رەخنەی ئەدەبی، بەتایبەت رەخنەی دەروونی. نۆستالژیا خەیاڵێکە لە سەردەمی رابردووی پڕ شکۆوە سەرچاوە دەگرێ، ئەم رابردووە ئێستا نییە و زیندووکردنەوەشی مەحاڵە. کاتێک لە زێدی خۆت نیت، یەکەم کاردانەوەت گەڕانەوەیە بۆ ئەم رابردووە! یان راکردن و خەون و خەیاڵە، بۆیە نۆستالژیا پێویستییەکی ئەدەبیە. هیچ تێکستێکی ئەدەبی نییە نۆستالژیای نەبێت.
نامەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، چەند میتۆدیشی بەکارهێناوە کە دیارترینیان وەسفی شیکارییە، رەخنەیشی بۆ شیکاری تێکستەکان تێهەڵکێش کردووە.
بەشی یەکەم، دوو تەوەرە کە هەر تەوەرە لە هەشت باس پێکهاتووە. سەرەتا زاراوە، چەمک، ریشە، جۆر، هۆکاری سەرهەڵدان و تایبەتمەندییەکانی نۆستالژیا خراوەتەڕوو. تەوەری دووەمیش باسی پەیوەندیی نۆستالژیا بەبوارە جیاوازەکانی وەک ئەفسانە و دەروونناسی دەکات. نۆستالژیا وشەیەکی لێکدراوی یۆنانیە، بەمانای خەم و ژانی گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە.
هەندێک فەرهەنگی فەرەنسی نۆستالژیا بە نەخۆشیی خۆبەستنەوە بە نیشتمان دادەنێت. چەمکی نۆستالژیا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دنیای نوێدا واتای نوێی لێ بارکراوە. خەمی لەدەستدانی رابردوو کرۆکی نۆستالژیایە. زۆر نووسەر لەناو نیشتمان هەمان ئازار و خەمی نۆستالژییان هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی کە بە دڵی ئەو نین.
توێژەر سەبارەت بە ریشەی نۆستالژیا دەڵێ، ناوێکی نوێیە بۆ دۆخێکی دەروونیی کۆن کە بۆ مێژووی هاتنەدنیای باوکە ئادەم و دایکە حەوا، کوشتنی هابیل لەلایەن قابیلەوە دەگەڕێتەوە. دواتر باسی جۆرەکانی نۆستالژیا (تاکەکەسی، گشتی)، تایبەتمەندی و هۆکارەکانی سەرهەڵدان و سوودەکانی دەکات. لەبواری هونەر و ئەدەبدا نۆستالژیا رۆڵی لە بەرهەمهێنانی ئەندێشەی داهێنەرانەدا هەیە. گاستۆن باشلار پێیوابووە، تەنیایی و غوربەت خۆی لەخۆیدا داهێنانە.
لە تەوەری دووەمدا باسی پەیوەندیی نۆستالژیا بە ئەفسانە، سۆز، بیرەوەری، دەروونناسی، هونەرەکان و هتد دەکات. هەر لەم تەوەرەدا ئاماژە بە دیوانی (ناڵەی جودایی- هێمن)، (فەرهەنگی خەم- حەسیب قەرەداغی) و (لەغوربەتا- محەممەد عومەر عوسمان) و چەندین شاعیر و چیرۆکنووسی کورد دەدات، هاوکات باسی ئەوە دەکات کە کورد بەهۆی بایەخدانی بە هەست و سۆز ئەدەبەکەشی پڕە لە هەستی نۆستالژی، هەروەک نازناوی زۆرێک لە شاعیران نۆستالژین، لەوانە: پەشێو، پەرۆش، بێکەس، رەنجدەر، زامدار، بیمار، دڵزار و شەیدا و هتد. لە کۆتاییدا پەیوەندی نۆستالژیا بە رێبازە ئەدەبییەکانەوە باس دەکات و نموونە لە شیعری شاعیرانی کورد دەهێنێتەوە.
بەشی دووەم، لە تەوەری یەکەمدا جۆرەکانی نۆستالژیا لە شیعرەکانی عەبدوڵڵا پەشێو، ئەنوەر قادر محەممەد و سەباح رەنجدەر دەخاتەڕوو. لە نۆستالژیای تاکەکەس (خودی) باسی گەڕانەوە بۆ مناڵی، سەردەمی پاکی و فریشتەئاسا دەکات، کە هێشتا دڵ و دەروونی مرۆڤ بە کینە و فێڵی ژیان ژەنگی نەگرتووە. ئەنوەر قادر لە شیعرێکیدا باسی گۆڕانی دۆخی ژیانی بەپێی تەمەنی منداڵی و لاوی دەکات:
لە ئاسانەی منداڵیمدا،
گوڵ لە دڕک،
بزە لە فرمێسک زۆرترن...
لە باهۆز و ناو گێژەنی لاویەتیمدا
تاوێ ئەمیان، تاوێ ئەویان
گەڕانەوە بۆ منداڵی، جۆرێکە لە راکردن لە ئێستا. یان پەشێو بە گەڕانەوەی بۆ گەنجی و هەڵەی پەلەکردن لێی دەڵێت:
من هەڵەبووم
لە رۆژانی جوانی و گەنجیم بە پەلە بووم...
زۆر بەردەرگەی نازدارێکم کوتایەوە
تاکو چڵی ژینی گەنجیم رووتایەوە
لە شیعرەکانی سەباح رەنجدەریشدا گەڕانەوە بۆ گەنجی بە زەقی دیارە. تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و خاپوورکردنی گوندەکانی کوردستان و زێدی منداڵی و گەنجیی شاعیر وای لێدەکات روو لە هەولێر بکات، شاعیر دەڵێ: "گەنجییەتی بە دواداگەڕانی خۆشنوودی". گەنجێتی بۆ شاعیر پەندبووە:
گەنجیم باوەشێ بیرەوەری بوو
بوو بە پەند و حیکمەت..
توێژەر باسی نۆستالژیای خەم و دووری لە یار و لە نیشتمان لای هەرسێ شاعیر دەکات. پەشێو لە غوربەتدا بەدوای شوناسی رۆحی خۆیدا گەڕاوە و هەوڵی دۆزینەوەی داوە، بەردەوام ئازار و عەشقی نیشتمانی پێش عەشقی دڵدارەکەی خستووە. بەشێکی دیکەی نۆستالژیا خەونبینینە بە داهاتوویەکی باشترەوە، پەشێو دەنووسێ:
مناڵەکان!
ئێوەن زەلکاو دەشڵەقێنن
ئێوەن ئەو بوومەلەرزانەی
سبەی کانی دەتەقێنن،
ئێوەن سبەی
سنووری دەستکرد دەشکێنن
شاری نموونەیی (یۆتۆپیا)ش یەکێکی دیکەیە لە رەهەندەکانی نۆستالژیا لای هەرسێ شاعیر، ئەنوەر قادر بە سوودوەرگرتن لە ئەفسانە و پاڵەوانەکانی دەنووسێ:
دەمویست بڕۆین بۆ پشت کێوی ئاسایش..
یاخود نۆستالژیای گەڕان بەدوای ژیانی هەتاهەتایی رێگەیەکی دیکەیە بۆ دەرچوون لەم ژینجیهانە نامۆیەی کە شاعیر تێیدا دەژی و واقیع هاڕیویەتی و دەیەوێ لێی هەڵبێ. سەباح رەنجدەر کە شیعرەکانی زۆرتر رەگەزی زیندەخەون بەسەریدا زاڵە، لەناو بۆشاییەکدایە و دەیەوێ رزگاری بێت:
هیچ شوێنێک نییە بۆی بژیم
گۆڕیش دەمی گورگێکە
کەڵبەکانی کەوتبن
بشمرم چاوانم بە کراوەیی دەمێننەوە
ئەی دیداری خودا
شتێک لەنێوانماندا روویدا
پاشان کتێب و پەیامێک دۆزرایەوە
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سروشت و ترس لە مردنیش لای هەرسێ شاعیر بە زەقی دەبینرێت. دواتر توێژەر باسی جۆرەکانی نۆستالژیای گشتی لە گەڕانەوە بۆ ئەفسانە، داستان، فۆلکلۆر، شوێن و کەسایەتی دێرین و مێژوویی دەکات. لێرەشەوە ئاوڕ لەو هەلومەرج، هۆکارە خودی و دەرەکی، گشتی و تایبەتییانە دەداتەوە کە شیعری نۆستالژیای هەرسێ شاعیری بەرهەمهێناوە. لەو هۆکارانە: تێکچوونی ژیانی ئێستا، بچووکیی واقیع بەرامبەر خەونی بێ سنووری ئەوان، تاراوگە، ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی، ترسی مردن و هتد. لە تەوەری دووەمدا باسی زمان لە دەقی نۆستالژیادا دەکات کە زمانێکی هەڵبژێردراوی سۆزداری، پڕ لە ئازار و نائومێدیە. هەروەها گەڕانەوە بۆ ئەو وشانەی کە کەم بەکاردێن، یان ئێستا نەماون، وەک: داس، گۆزە، جەڕە، کەندوو و هتد، دیارە پەشێو زیاتر لە هەردوو شاعیرەکەی دیکە بە مەبەستەوە ئەم کارەی کردووە، وەک وشەکانی: کیسە، قڕەقڕ، کلدان، هەش، پرێسکە، مەفتەن.. پەشێو گیانێکی هونەری بەم وشانە و تێکستەکانی بەخشیوە.
هەرسێ شاعیر ناونیشانی شیعرەکانیان کە رۆحی شیعرە، پڕ لە ئیستاتیکایە. بەشی زۆری ناونیشانەکانیش لە پەیوەندییەکی هارمۆنیدان لەگەڵ تێکستەکە. دواتر توێژەر باسی وێنەی شیعری لای هەرسێ شاعیر دەکات کە چەندین هونەری رەوانبێژییان لە چەشنی لێکچوواندن و خواستن بەکارهێناوە. لە کۆتاییشدا ئەنجامی باسەکەی دەخاتەڕوو. گرنگترینیان هۆکاری دروستبوونی نۆستالژیایە کە لای هەرسێ شاعیر بەهۆی دوورکەوتنەوە لە وڵات، یان لە نیشتماندابوون و بینینی واقیعی تاڵ، وەک لای سەباح رەنجدەر دەبینرێت. هەروەها داستان و بابەتە فۆلکلۆرییەکان وەک بنیاتێکی هونەری نۆستالژیا لای هەرسێ شاعیر بەرجەستە بووە. هەرچی زمانی شیعرە، لای پەشێو زمانێکی روونە و وشەی کۆنی زۆرتر بەکارهێناوە، بەڵام هەردوو شاعیرەکەی دیکە زیاتر تەکنیکی نوێ و زمانێکی مەجازییان بەکارهێناوە. ئەنوەر قادر زیاتر شێوەزاری سلێمانی بەسەردا زاڵە، بەڵام پەشێو شێوەزاری هەولێر و دەوروبەری، بەڵام زمانی سەباح رەنجدەر زیاتر زمانێکی یەکگرتووە. لە ئاستی رێژەشدا نۆستالژیای تاک لای سەباح رەنجدەر بە چڕی بەکارهاتووە، بەڵام نۆستالژیای گشتی بەپلەی یەک لای پەشێو و دواتر لای ئەنوەر قادر بەکارهاتووە.