نەزەند بەگیخانی کۆمەڵەشیعری 'رۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵەشیعری 'رۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی' لە نووسینی نووسەر و شاعیر نەزەند بەگیخانی بڵاودەکرێتەوە. 
 
کتێبەکە لە دوو توێی 170 لاپەڕەدا کۆمەڵەشیعرێک دەگرێتە خۆی کە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە ئەزموونێکی نوێی شاعیری بە ئەزموون نەزەند بەگیخانی-یە کە براوەی خەڵاتی شیعریی فێمینی فەرەنسییە لە ساڵی 2012دا.  
 
کۆمەڵەشیعرەکە لەلایەن وەشانی نووسیار کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی بۆ کراوە. 
 
کتێبەکە لە هەشت بەش پێکهاتووە کە وەک هەشت چڵەبی شۆڕبووەتەوە و بە کۆمەڵێک مۆتیڤ و هێڵکاریی هەریەکە لە هونەرمەندان قەرەنی جەمیل و رێبوار سەعید وێنەڕێژکراوە. بەشەکانی کتێبەکە بریتین لە: عیشق، لێکترازان، سروودی سروودەکان، پێگەیشتن، من ئەویترە، جەنگەکان درێژن، مەرگ، تاک-بوون لە کۆ-دا.
 
پارچە شیعرێک لە کتێبەکە:
 
رۆژێک دادێ
تۆ دەبیتە شۆڕەبی
لە کەنارەکانی من دەڕوێی
چڵی ئارەزووت شۆڕ دەبێتەوە ناو ئاوی شینی من
بەناو چۆڵاییەکانی جەستەی نیشتماندا دەڕژێین
دەبینە دەریا و
شەپۆڵ دەدەین
سەما دەکەن یاران
لەسەر پلاژی شیناییمان
 

نەزەند بەگیخانی، نووسەر و شاعیر، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری خەڵاتی ئەکادیمیی ڤینسنت رایت-ـە لە زانکۆی سیانسپۆی پاریس. 
لە 1987ـەوە لە مەنفا دەژی و خوێندنی باڵای لە زانکۆی سۆربۆن-ی فەرەنسی تەواو کردووە و دواتر بۆ ماوەی 15 ساڵ لە زانکۆی بریستلی بەریتانی کاری کردووە. بەگیخانی وەک شاعیرێکی جیهانی ناسراوە و جگە لە زمانی کوردی، بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسیش دەنووسێ. 
 
بە زمانی کوردی شەش دیوانی شیعری و بە ئینگلیزی و فەرەنسی سێ دیوانی هەیە. شیعرەکانی بۆ دەیان زمانی زیندوو وەرگێڕدراون و لە ساڵی 2012 دیوانی 'دوێنێی سبەینێ' خەڵاتی فێمینی شیعری فەرەنسی بەناوی "سیمۆن لاندری" وەرگرتووە. ئەو دیوانە دوای نەمانی لە بازاڕ لە ساڵی 2022 لەلایەن کۆمەڵەی شاعیرانی فەرەنسییەوە دووبارە چاپکراوەتەوە. 
 
بەگیخانی سەرپەرشتیاری بەشی 'نەتەوە و کولتوور و ئەدەبیاتی رۆژهەڵات'ـە لە دەزگای چاپ و پەخشی هارماتانی فەرەنسا. لە بواری رۆژنامەگەریی کولتووریدا کاری کردووە و لە چەندین رۆژنامە، گۆڤار و پێگەدا نووسینەکانی بڵاوکراونەتەوە.