ئەدەبیات و پزیشكی.. چارەسەری نەخۆشییە درمەكان لەڕێی كتێبەوە
لە نێوان "ئەدەب و نووسینی داهێنەرانە" و "دەستەبەركردنی تەندروستییەكی باش"دا، هاوسەنگی و هاوتەریبییەكی گرنگ هەیە، هەردووكیان بۆ ئاسوودەیی مرۆڤن، ئەمیان بۆ ئاسوودەیی دەروونی و ئەویان بۆ ئاسوودەیی جەستەیی و دەروونی.
پزیشك و نووسەر، هەوڵدەدەن باشترین شت پێشكەشی وەرگرەكەیان (نەخۆش/خوێنەر) بكەن و ئاسوودەیی پێ ببەخشن و دەردەكانی تیمار بكەن. ئەوە بڕاوەتەوە كە پزیشك و بواری تەندروستی، چارەسەری هەردوو جۆری زۆربەی نەخۆشییەكانی (جەستەیی و دەروونی)یان لایە، ئەوەش زانراوە كە ئەدەب تەنیا دروستكردنی دەقی كاریگەر و داهێنەرانە و خوێندنەوەی ئەو دەقانە نییە، بەڵكو ئامرازێكە بۆ ژیان بە شێواز و ڕەنگی جۆراوجۆر. بەڵام لێرەدا پرسیارەكە سەبارەت بە ئەدەب بە شێوازێكی دیكەیە، ئایا ئەدەب دەتوانێ ببێتە دەرمان و جگە لە نەخۆشیی دەروونی، نەخۆشییە جەستەییەكانیش چارەسەر بكات؟! بە مانایەكی تر ئایا ئەدەب دەتوانێ جاربەجار شوێنی هەندێ لە دەرمانە كیمیاییەكان بگرێتەوە و ببێتە چارەسەری نەخۆشییەكان؟!
بێگومان ئەوانەی سەروكاریان لەگەڵ ئەدەب و نووسین و خوێندنەوە هەیە، هەر زوو وەڵامەكەیان "بەڵێ"یە، بۆ نموونە شاعیران دەتوانن لە ڕێگای شیعرەوە دەردەدڵەكانیان هەڵڕێژن و دەروونی خۆیان ئارام بكەنەوە، لەو ڕێگایەشەوە ڕەنگە ئاگایان لە هەندێ نەخۆشیی جەستەییش نەمێنێ، یان خوێنەرانیش بە هەمان شێوە دەتوانن لە ڕێگای خوێندەوەی دەقێكەوە، دەروون و جەستەیان ئارام بێتەوە و جگە لە ئارامییە دەروونییەكە، ئێش و ئازارە جەستەییەكەش لەبیر بكەن. لەوەش بترازێ، ئەگەر ئێمە بە دیدێكی فراوانتر لە دەرمان و چارەسەری بڕوانین، بێگومان وەڵامی ئەوەش ئاسانتر دەبێت كە ئایا چ شتێك دەرمانە و چیش نا؟!
هەڵبەت وشەی "دەرمان"، لەوە فراوانترە كە تەنیا چارەسەری ئازار یان نەخۆشییەك بكات، بەڵكو دەرمان بەگشتی بە مانای چارەسەركردنی كێشەیەكی دیاریكراو دێت، بۆیە ئەمە پێناسەیەكی گونجاوە بۆ ئەدەب لە ژیانی ئێمەدا، بۆ نموونە ئێمە چیرۆكی دڵخۆشكەر، یان تەنزئامێز دەخوێنینەوە، بۆ ئەوەی لە خەم و خەفەت دووركەوینەوە، بابەتی خەیاڵی دەخوێنینەوە، بۆ ئەوەی خەیاڵی ئاوات و ئارەزووەكانمان بكەین و ئاسوودەیی بە دەروونمان بدات، ئەمەش جۆرێكە لە چارەسەر و دەرمانسازی. كەواتە هەمووان هەست بەوە دەكەن و ئەوە بڕاوەتە كە ئەدەب ئارامییەكی دەروونی دەبەخشێ و بۆ ئەمە دەرمانێكی باشە، بەڵام لێرەدا قسە لەسەر چارەسەری جەستەییە، واتا چارەسەر لەجیاتی دەرمانی كیمیایی.
بەگوێرەی هەندێك توێژینەوە، پزیشكانی جیهانی دەڵێن، خوێندنەوە چارەسەرە بۆ دەردەكانی: خەمۆكی، دوودڵی، شڵەژان، ژانەسەر، خەوزڕان، خۆبەزلزانی و لووتبەرزی، تووڕەیی، چڵێسی، بێ ئیشتیهایی، بەهێزكردنی تەركیز، ترس و فۆبیا. بۆ نموونە فۆبیای تاریكی، یان فۆبیا لە شوێنی بەرز و داخراو، تەنانەت چارەسەری كێشەكانی ڕەگەزپەرستی و خۆپەرستی و كێشە كۆمەڵایەتییەكانی وەكو لەدەستدانی منداڵ و تەڵاق و پیرییش دەكات. نەك تەنیا ئەوەندە، بەڵكو پزیشكان ئامۆژگاریی ئەو نەخۆشانە دەكەن كە نەخۆشییە هەمیشەییەكانی وەكو: شەكرە و شێرپەنجەیان هەیە، ئەو كتێبانە بخوێننەوە كە یارمەتییان دەدەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی تەندروست و هێمنانە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەكەیاندا بكەن، بەوپێیەی نەخۆشیی هەمیشەیی، ئەگەر ڕێزت لێنا، ڕێزت دەگرێت و دەبێتە هاوڕێت.
هەر ئەم بۆچوونە گشتییانەی پزیشكان سەرنجی توێژەرانی بۆ ئەوە ڕاكێشا كە لێكۆڵینەوە لەبارەی چارەسەری نەخۆشییەكان بە چیرۆك و ڕۆمان و كتێب بكەن. لەم چوارچێوەیەدا هەردوو ژنەنووسەری ئەمەریكی "ئیلا بەرسوود" و "سوزان ئیلدركن"، لە كتێبێكدا بە ناونیشانی (چارەسەر بە ڕۆمان، چارەسەری ئەدەبی لە ئەلفەوە هەتا یا)، توێژینەوەیان لەبارەی ئەوە كردووە كە چۆن كتێب دەتوانێ ببێتە چارەسەری دەروونی و جەستەیی بۆ نەخۆش. لە لێكۆڵینەوەكەدا (751) كتێبیان وەكو چارەسەری دیاری كردووە، بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان بە چارەسەری جەستەیی و دەروونی و ڕووحییە و پێیانوایە كە خوێندنەوەی هەر كتێبێك، چارەسەرییە بۆ جۆرێك لە دەرد و نەخۆشی، بۆ نموونە ئەمانە هەندێك لەو پێشنیارانەن كە ئەم دوو توێژەرە بۆ هەندێ جۆری دەرد و نەخۆشی كردوویانە:
- خوێندنەوەی ڕۆمانی "پۆستەچی دووجار لە زەنگی دەرگاكە دەدات"ی نووسەری ئەمەریكی "جێمس كەیین"، چارەسەرە بۆ خەمساردی و بێ هەست و سۆزی.
- خوێندنەوەی ڕۆمانی "نادڵنیایی" نووسەری پرتوگالی "فرناندۆ پیسوا"، چارەسەرە بۆ كێشەی خەوزڕان و بێخەوی.
- خوێندنەوەی چیرۆكی "شازادە بچكۆڵە"ی نووسەری فەڕەنسی "ئانتوان دۆ سانت" چارەسەرە بۆ دەردی فەرامۆشكردن.
- خوێندنەوەی ڕۆمانی "ئانا كارنینا"ی نووسەری ناوداری ڕووسی لیۆ تۆڵستۆی، چارەسەرە بۆ ددانئێشە.
- خوێندنەوەی ڕۆمانی "لەگەڵ بادا ڕۆیشت"ی ژنە نووسەری ئەمەریكی "مارگرێت میشێل"، چارەسەرە بۆ نەهێشتنی لووتبەرزی و خۆبەزلزانین.
- خوێندنەوەی ڕۆمانی "گۆرانییەكانی سیر"ی نووسەری چینی "مۆیان"، چارەسەرە بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی هەستی ڕق لە ئەوانی تر.
- خوێندنەوەی ڕۆمانی "پاشماوەی ڕۆژەكە"ی نووسەری بەریتانی بە ڕەچەڵەك ژاپۆنی "كازوو ئیشیوگرو"، چارەسەرە بۆ ئەوانەی بەدەست بازاڕكردن و دواكەوتن لە كارەكەیانەوە دەناڵێنن.
- خوێندنەوەی ڕۆمانی "وڵاتە خۆشەویستەكەم هاواركە"ی نووسەری ئەفریقی ئالان ستیوارت باتوون، چارەسەرە بۆ كەمكردنەوەی هەستی تووڕەییەكی زۆر.
چارەسەر لە ڕێگای خوێندنەوە، هەر لە چوارچێوەیەكی تێڕوانینی سۆزی نووسەر و خوێنەران بۆ ئەدەب و خۆشەویستییان بۆ كتێب نەماوەتەوە، بەڵكو ئەمە وای كردووە زاراوەیەكی وەكو "بیبلۆسیراپی-Bibliotherapy" سەرهەڵبدات كە بە مانای چارەسەر بە كتێب دێت!
وشەی "Bibliotherapy" لە زمانی ئینگلیزیدا لە دوو وشەی "biblion" كە بە مانای كتێبخانە دێت و وشەی "Theropeia" واتا چارەسەر، پێكدێت. ساموێل "كرۆسەرز- Samuel Crothers" لە ساڵی (1916ز) ئەم زاراوەیەی دروستكرد و لە وتارێكدا بڵاوی كردەوە، لە وتارەكەدا كرۆسەرز باسی چارەسەر بە كتێبی كردبوو، ناوی لەم ڕێگایە نابوو چارەسەر بە خوێندنەوە "بیبلۆسراپی".
وەكو زاراوە: "بیبلۆسراپی"، بریتییە لە بەكارهێنانی بابەتی خوێندراو، وەكو چارەسەرێكی یارمەتیدەر بۆ پزیشكی فیزیكی و پزیشكی دەروونی، یان ڕاهێنانی ڕەوشتئامێز و ئاراستەكردنی بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان، لە ڕێگای خوێندنەوەیەكی داهێنەرانە. كەواتە لێرەدا خوێندنەوە وەك چارسەر شتێكی بێ مەرج نییە، بەڵكو چارەسەر بە ئەدەب، پەیوەستە بە ئەدەبێكی باڵا و كاریگەر، ئەدەبێك كە هیوا و ئاوات لە ناخی تێكشكاوی مرۆڤەكاندا بچێنێتەوە، هاوكات دەبێ خوێنەریش لەو جۆرانە بێت كە خوێنەرێكی جددییە و بەڕاستی لە كتێب قووڵ دەبێتەوە و چێژ لە خوێندنەوە وەردەگرێت، بەگوێرەی هەندێ توێژینەوە، خوێندنەوە تاكە چارەسەرە كە هەرچەندە بڕەكەی زیاد بكرێت، زیانبەخش نابێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی كتێب زیاد بێت، ئاسوودەیی زیاتر دەبێت، تەنانەت دەڵێن خوێندنەوە نهێنیی تەمەندرێژی و بەرگرییە لە دژی نەخۆشییەكان و پیربوونیش. هەروەها كتێب، سەرەڕای دەوڵەمەندكردنی عەقڵ، ڕاهێنانێكی تەندروستییشە بۆ مێشك و پاراستنی لە نەخۆشیی زەهایمەر، چێژێكی ناوازە بە خوێنەر دەبەخشێ و چارەسەرێكی چالاكییشە بۆ ڕووح و عەقڵ.
زۆر جار نەخۆش، ئەگەر كەسێكی خوێنەر بێت، كاتەكەی زۆر زیاتر لەگەڵ كتێب و تێكەڵبوون بە بەرهەمی نووسەران بەسەر دەبات وەك لە تێكەڵبوونی لەگەڵ پزیشكان، بەتایبەتییش ئەو جۆرە كتێبانەی یارمەتی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ دەدەن و هێوری دەكەنەوە، هەر بۆیەشە ئەو جۆرە كتێبانە زیاتر دەفرۆشرێن كە پەرە بە گەشەی مرۆیی و دەروونیی مرۆڤ و هۆشیاریی بەرامبەر جەستە دەدەن، ئەمە لە لایەك گەڕانەوەیە بۆ پەرەدان بە خود و لە لایەكی دیش بێزاربوونە لە بابەتە باوەكانی پێشتری وەك سیاسەت و ئابووری و تەنانەت ئەو ڕۆمان و چیرۆكانەی باس لە سیاسەت و ئابووری دەكەن.
وەنەبێ چارەسەر بە خوێندنەوە لەم سەردەمە سەری هەڵدابێ، بەڵكو ئەم بابەتە مێژووێكی زۆر كۆنی هەیە، بۆ نموونە گریکە كۆنەكان لەسەر یەكێك لە كتێبخانەكان نووسیبوویان "شوێنی چارەسەری ڕووح"، سەدەكانی پێش ئێستاش پزیشك و ڕاوێژكارە دەروونییەكان خوێندنەوەی كتێبیان بۆ نەخۆشەكانیان پێشنیار كردووە، لەوانەش: كتێبەكانی گەشتنامە و چیرۆك و ڕۆمان.. بۆ ئەوەی دڵ و دەروونیان ئارام بێتەوە.
خوێندنەوە هەر تەنیا بۆ نەخۆشەكان چارەسەر نییە، بەڵكو بۆ پزیشكانیش وەكو ڕاوێژێك وایە و دەبێتە هۆی زیادبوونی زانیارییەكانی چارەسەركردن و شێواز و چۆنییەتی مامەڵەكردنی پزیشكان لەگەڵ نەخۆشەكانیان.
ئیولا بیس، لە كتێبێكیدا بە ناونیشانی "لەبارەی پارێز"ەوە، كۆئەندامی بەرگریی لەشی مرۆڤی بە باخچەیەكی ڕووتێنراوە وەسف كردووە، پێچەوانەی ئەوەی كە پێشتر كۆئەندامی لەش بە مەیدانی شەڕ دەچووێنرا و دەبوو مرۆڤ هەمیشە لە بەرگریدا بایە. ئەوە ڕاستە لە پرسی پەیوەست بە تەندروستی و چارەسەری نەخۆشی، لێكچواندن بە جەنگ كارێكی دروستە و مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە بەرگرییە، بەڵام ئەم دەربڕینە كاریگەرییەكی باش لەسەر نەخۆش جێناهێڵێت، گوزارشت و لێكچوواندنی باش، كاریگەریی زۆریان لەسەر دەروونی نەخۆشەكە هەیە و پێویستە پزیشك لەبەرچاوی بگرێت.
بۆ نموونە كاتێك پزیشك دەردی نەخۆشییەكە وا وەسف دەكات كە "وەكو چەقۆیەكە لە جەستەت بدەن"، یان "لێدانێكی توندە"، یاخود "لێدانێكی یەكجێ و بەهێزە"، ئەمانە كاریگەرییان زۆر لەوە زیاترە كە پزیشك نەخۆشییەكە سادە بكاتەوە و وا بكات نەخۆشەكە وەكو چۆن لەڕووی جەستەییەوە هیلاك بووە، لەڕووی دەروونییەوە ئارام بێتەوە. توێژینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە كە ئەو زمانەی پزیشك بۆ نەخۆشی بەكاردێنێ، ڕۆڵی زۆری لە گۆڕینی هەست هەیە و كار دەكاتە سەر كەمكردنەوە و زیادبوونی ژان و ئازار، بێگومان ئەمەش لە ڕێگای لێزانیی لە بەكارهێنانی زمانەوە دەبێت و بۆ ئەمەش دەبێت پزیشكەكان چۆن لەبارەی پسپۆرییەكەی خۆیانەوە دەخوێننەوە، ئاواش ئەدەبیات بخوێننەوە، ئەگەر بەشێوەیەکی كەمیش بێت.
بەگشتی، خوێندنەوە وا لە پزیشكان دەكات ببنە كەسانی باشتر، پڕ زانیاریتر و جددیتر، جا خوێندنەوە لە بوارەكەی خۆیان بێت، یان لە بواری دیكە، بۆ نموونە چیرۆك و ڕۆمان، كە هەستی ئینسانییان لا بەهێز دەكات. كەواتە ئەدەب ئەو سوودەی بۆ پزیشكان هەیە كە فێری زمانێكی ئەدەبیانە و مامەڵەی دروستی ئاخاوتنی لەگەڵ نەخۆش و دەوروبەریدا بكات. لە بەرامبەریشدا پزیشك دەتوانێ خزمەتی زۆر بە نووسینی داهێنەرانە و ئەدەبیات بكات، نەك تەنیا لە ڕێگای چارەسەری تەندروستی و بوارەكەی خۆی، بەڵكو پزیشك بە دەیان نهێنی تاك و كۆمەڵەكانی كۆمەڵگای لایە، دەیان چیرۆكی سەرنجڕاكێش دەبیستێ و بەشێكی زۆریشیان دەپارێزێت، ڕووبەڕووی دەیان و سەدان ڕووداوی سەرنجڕاكێش دەبێتەوە كە دەكرێ بكرێنە هەوێنی دەقی ئەدەبی. بۆیە ئەگەر پزیشكێك هاوكات ئەدیبیش بێت، دەتوانێ دەقی جوان و داهێنەرانەی زۆر بەرهەم بێنێ.
كرۆكی كاركردنی پزیشك و نووسەر یەكە، ئەویش ئەوەیە كە بیر لەوە بكەنەوە خواروخێچییەكانی ژیان كەم بكەنەوە، بەڵام جیاوازییەكی گەورەشیان هەیە، نووسەر ئازادە لە یاریكردن بە كەسایەتی و گرێیەكانی و تەنانەت لەبیركردن و لەناوبردنی كاراكتەرەكانیش، بەڵام پزیشك ئەوەی لەسەر پێویستە ئاگای لە هەموو وردەكارییەكانی نەخۆشەكەی بێت و هیچ شتێكی نەخۆشەكەی لە هیچ كاتێكدا فەرامۆش نەكات، هەروەها دەشێ نووسەر بكەوێتە ژێر كاریگەریی كاراكتەرەكانی، بەڵام پزیشك دەبێ لەمەیاندا دڵڕەق بێت و نابێ بە هەست و سۆزی ئەدەبیانە لەگەڵ نەخۆشەكەی بجووڵێتەوە و بكەوێتە ژێر كاریگەریی نەخۆشەكە، چونكە بەم جۆرە ئەگەری ئەوە هەیە نەخۆشەكە ژیانی لەدەست بدات.
كەواتە بەشێوەیەكی گشتی، ئەگەر ئەوە زیادەڕۆییش بێت كە ئەدەب چارەسەری نەخۆشییە جەستەییەكان دەكات، بەڵام نكووڵی لەوە ناكرێت كە خوێندنەوە چارەسەرێكە بۆ نەخۆشیی دەروونی و ئارامبوونەوەی مرۆڤ و درووكەوتنەوەی لە دوودڵی، هەروەها لەبیركردنی بەشێكی زۆری ئێش و ئازارە جەستەییەكانی.
بۆیەشە هەر هیچ نەبێ ڕەنگە پزیشكێك خوێندنەوە وەكو چارەسەر بۆ نەخۆشێك بەكاربێنێ، كە تووشی نەخۆشییەكی دەروونی بووە، یان نەخۆشێك تووشی ئاڵۆزیی دەروونی بووە و نەخشەی زانستی و هۆشیاریی تێكچووە، تووشی بیروباوەڕی هەڵە بووە و ئەمەش وای لێ كردووە تووشی دوودڵی و نیگەرانی بێت، پاشان بیروباوەڕەكانی سەلبی بووبن، لەم حاڵەتەدا پزیشك دەتوانێ پەنا بۆ خوێندنەوە ببات، چونكە كاتێك نەخۆشەكە دەخوێنێتەوە، هەڵوێستەكانی دەگۆڕێن و خۆڕاگرتر دەبێت، خوێندنەوە بنیادی مەعریفیی كەسەكە و جۆری بیركردنەوەی دەگۆڕێت و وای لێ دەكات باشتر بیربكاتەوە و بڕیار بدات. چونكە هەموو توێژینەوەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە خوێندنەوە، مرۆڤ هۆشیار و زیرەك دەكات و وا لێ دەكات بە تێڕوانینێكی باشتر لە شتەكان بڕوانێ و یارمەتی دەدات تا خۆی چاك بكات.
سەرچاوەكان:
- العلاج بالقصە: الگب واڵادب معالجتان للحالە الإنسانیە، جافین فرانسیس، ترجمە: إیهاب قریبە، موقع حكمە.
- العلاج باڵادب: منّی بونعامە. جریدە الخلیج، (08/08/2015).
- اڵادب بوصفه دواو: حیاە قائد. موقع: الاقتصادی.
- أسرار لا تعرفها عن القراوە.. تساعدك علی التخلص من هژه اڵامراچ! موقع: روتانا.