سوبیەکتی گەشبین
بەشی یەکەم
ئێمە لە رۆژگاریکدا دەژین مرۆڤەکان لەبەر کزبوونی شادی و کەمبوونەوەی گەشبینی تا دێت توندڕەوتر و بەهەڵپەتر و بەدبینتر رەفتار دەکەن. رۆژگارێک قەیرانەکان تەنگیان پێهەڵچنیوین و بینینی هەر ئاسۆیەک بووەتە رووداوێکی دەگمەن. رۆژگارێک تادێت مرۆڤایەتی بەهەر رێگایەکدا بڕوات هەر دەگاتە بنبەستی رێگاکە و لەوێدا بێ هیچ دەرچەیەک نائومێدانە رادەوەستێ و هیچ روانگە و پێرسپێکتیڤێکی نوێی پێ نییە ئەوە نەبێت پاشەوپاش بەهەمان ڕێگای خۆیدا بگەڕێتەوە دواوە. رۆژگارێک رەشبینی و بەدبینی وەکو دەرەنجامی دەستخەڕۆبوونی مرۆڤەکان لەلایەن سیاسییەکانەوە، هەڵخەڵەتاندن و چەواشەبوونی جەماوەر لەلایەن پۆپۆلیستەکانەوە، نائومێدبوونی کۆمەڵگە لەو پەرلەمانتار و نوێنەرە درۆزنانەی گفتی چاکترکردنی باری ژیانیان پێدەدەن و پابەندی گفتەکانیان نابن، ئەم دەستخەڕۆییە چییە، جگە لەوەی پێمان دەڵێت ئێستا ڕۆژگاری ئەوە نییە گفت بپارێزیت و وتە و کردار بکەیتە یەک و پرینسیپ و ئایدیاکانت بە ڕەفتارەکانتەوە دیار بێت، ئێستا کاتی ئەوەیە ڕەخنەگر و ئۆپۆزیسیۆن و رۆشنگەر بە و کێماسی و گەندەڵی و کەمتەرخەمییەکان بخەڕوو، بەڵام کاتێک دەسەڵات دەگریتە دەست، سەنگەرەکەت بگۆڕە. ئەمە ڕۆژگاری بڵاوبوونەوەیەکی سامناکی عەقڵی سینیزمە، ڕاستی بڵێ و پێچەوانەکەی بکە.
کاتێک سینیزم دەبێتە ڕۆحی سەردەمەکەت، ئیتر لەهێز و دەسەڵاتی هەموو پرینسیپە مۆراڵییەکان بەدگومان دەبیت، چیتر متمانەش بەو نوێنەر و فیگۆرانە ناکەیت کە ڕادیکال لەدژی ستەمی سیستەم بانگەواز دەدەن و کەچی بە کردەوە کزەڵ لە سووچە شاراوەکاندا چیچکەیان کردووە.
ڕۆژگارێک کە سینیزم وەکو "هۆشیارییەکی ڕۆشنگەری ساختە" باڵادەستتر بێت لە گەیاندنی حەقیقەت، ئەوا سۆراغی دۆزینەوەی کینیزم دەبێتە ئەرکێکی هەرە سەرەکی ڕۆشنبیر. هەڵبەتە سینیزم بریتییە لەوەی شتێک بڵێیت و پێچەوانەکەی بکەیت، بەڵام کینیزم ئەو شتە دەکەیت کە دەیڵێیت. لەم نێوبەندییە مۆراڵییەدا ئیفێکت و کاریگەریی پسایکۆیی لەنێو مرۆڤەکاندا و لەنێو کایەی ژیانی فەرهەنگەکاندا لەسەر دوو ئاست ڕەنگدەداتەوە، ئاستی ئەوەی مرۆڤەکان تووشی بەدبینی و دڵتەنگی دەکات و ئاستی ئەوەشی دەشێت شادی و گەشبینی ببەخشێتەوە بە سوبیەکتە نائومێدەکان.
لەنێوان ئەو دوو ئاستەشدا ژمارەگەلێک ئایدیۆلۆژیا و تێڕوانینی هەمەجۆر وەکو بەرتەکێکی فیکری و مۆراڵی سەریان هەڵداوە و پێشنیاری خۆیان بۆ دەربازبوون لەو سەردەمە تژی لە تەنگژەیە خستووەتەڕوو. هەن هەموو هەڵەکە دەخەنە ئەستۆی کاپیتالیزم، هەن دەیخەنە سەر مۆدێرنیزم، هەن دەیخەنە ئەستۆی سێکولاریزم، هەشن باوەڕی دینی گوناهبار دەکەن. ئێمە لێرەدا پێداگری لەسەر هیچکام لەوانە ناکەین، بەڵام دووڕوویی و تەڵەکەچێتی هەموو ئەو لایەنانە لای ئێمە جێی بایەخە. ئەوەی ئێمە لێرەدا رادەکێشێت بۆ خستنەڕووی قەیرانی سوبیەکتی کینیست و گەشبین بریتییە لەو پاڵهێزەی کەوا هیچ ئومێدێک و هیچ دەرچەیەک نییە بەبێ قۆستنەوەی هەنووکە. مرۆڤی گەشبین خۆی چییە جگە لەو سوبیەکتەی کە لەحزە دەقۆزێتەوە، جگە لەو خودەی کە بەسەر بەربەستەکانی رابردوودا باز دەدات و دەڕوانێتە داهاتووش، لەکاتێکدا مرۆڤی سینیک کەسێکە لە هەنووکەدا هەڵدەنووتێت و پێی وانییە سبەینێیەک و دواترێک هەبێت، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بۆچی مرۆڤ گەندەڵی دەکات، چونکە ئەو پێیوایە ئەوەی هەیە دەبێت ئەمڕۆ زەوتی بکات، چونکە سبەینێ مەرج نییە بۆ ئەو بێت. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە گەندەڵیی کۆمەڵێک دەبێت ڕەفتاری تاکەکان بخوێنینەوە، ئێمە چونکە تێگەیشتنێکی خودگەریمان بۆ گەندەڵی نییە، ئەوا هەموو خودێک گەندەڵە. تیۆرییەکە وەها هاتووە لەناو ئاپۆڕەدا چونکە هەموو کەس بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر ئەویتر، کەواتە کەسێکی دیاریکراو نییە بەرپرسیار بێت لە کەموکوڕییەکان. بۆ نموونە دەگوترێ کارەبا یاخود نەوت نییە و خەتای فڵانە لایەنە، بەڵام هەموو کەس لایەنێکی نادیاریکراو دیاری دەکات و کەسێک نییە بەدیاریکراوی بێتە سەر شانۆکە و بەرپرسیارێتییەکە لەئەستۆ بگرێت، هایدێگەر ئەم دۆخەی ناو ناوە "ئەوان، یان خەڵکی وا دەڵێن". لە مەسەلەی گەندەڵیشدا وەهایە تاوەکو هەموو خودێک لەوەدا بەرپرسیار نەکرێت، ئەوا نە لێی تێدەگەین و نە دەتوانین بەرەنگاری ببینەوە. ئیتر دۆخەکە بەدبینی و بەدگومانییەکی سامناک بەسەریدا زاڵ دەبێت. لە دۆخێکی وەهادایە گەشبینی وەک ئیتیکێکی شۆڕشگێڕی و وەکو بیرکردنەوەیەکی قووڵ سەرهەڵدەدات. پرینسیپی گەشبینی ئەوەیە لەبەردەم بنبەستبوونی ڕێگاکاندا دەرچەیەک شک ببەین بۆ چوونەدەرەوە و بۆ هەنگاوێکی تر. لەکوێدا گەشبین بووین لەوێدا دیالێکتیکی نێوان ژیان و مردن وەلا دەخرێت و دڵێکی تری ژیان دەبوژێنینەوە. لێرەوەیە سوبیەکتی گەشبین، چ لای تاک و چ لای کۆگەل پاڵهێزی لەدایکبوونەوەیەکی تر و دەستپێکێکی تری ژیان و بوونە. لەکوێ هیوا هەبوو لەوێ گەشبینی هەیە، لەکوێ گەشبینی هەبێت لەوێ خۆبەدەستەوەدان دیار نییە. مارتن لوتەر دەیگوت: گەر بزانم سبەینێ قیامەت هەڵدەستێ، ئەمڕۆ نەمامە سێوەکەم دەنێژم.
لەمەدا زەنگی کینیزم دەزرنگێتەوە، لەبەرئەوەی کینیزم بریتییە لە: فەلسەفەی ژیان لەکاتی قەیراندا. بۆیە هەرساتێک کینیزم ئەکتیڤ بێت گەشبینی و شادی شیاو دەبن.
ئاوەها هەم کینیزم و هەم گەشبینی و هەمیش شادومانی ڕێک لەو ساتەوەختەدا دەردەکەون کە هەموو ئەوانیتر بەردەبنەوە نێو دزێویی سینیزم و نێو تەڵەزگەی تاریکستان و نێو تەنگژەی بەدبینی. تیۆرییەکە ئاوەهایە: مرۆ نابێت ئەو کاتە گەشبین بێت کە لەنێو واقیعێکی ئارام و سەقامگیردا خۆی دەبینێتەوە، بەڵکو دەبێت ئەو کاتە گەشبین بێت کە واقیعەکەی شلۆق و ناجێگیر و جەنجاڵ و گەندەڵ بێت، ئەو کاتەی کە هەمووان دەڵێن ئەوانیتر، کەسی گەشبین دەبێت بڵێت من. خودی شۆڕش و خودی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەدایکبووی ئەو دۆخە جەنجاڵییەن. لەکوێ ژیان سەخت بوو، دەبێت گەشبینی لەوێ دەستپێبکات بە ئاسانکردنی ژیان، لەکوێش دڵتەنگی و بەدبینی زاڵ بوو، گەشبینی و شادومانی درز دەخەنە ئەو شوێنەوە. گەشبینی بریتییە لە ئیتیکی بەرەنگاربوونەوەی شکستەکانمان. پاڵهێزێکە بۆ خۆپتەوکردنەوە، مۆتیڤێکە دەسەڵات لەناو بێدەسەڵاتدا دەبوژێنێتەوە. بەکورتی دەشێت بڵێین، گەشبینی خودبەهێزکردنەوەیە لەناو ژیانێکی بێهێزدا، خودی گەشبینیش خودێکە بەرەنگاری بەربەستە سەختەکان دەبێتەوە، خودێکی پزیشکییە کە شرینقەی بەدەسەڵاتکردنەوە لە بێدەسەڵاتیی خۆی دەدات، خودێکە نیچە گوتەنی، گەر لاوازی نەیکوژێت، ئەوا بەهێزتری دەکات.
ئێستا با لەنێو کۆنتێکستە کوردییەکەدا بپرسین، گەلێک لەناو ڕیالیتێتێکی ڕەق و دیواربەند و ڕێگا وێڵە بنبەستەکاندا، چەند سەدەیە بەدوای خۆڕاگەیاندندا، بەدوای مافی خودنووسینەوەی چارەنووسدا لەخەباتدایە و بەردەوام شکست بەدوای شکست و کارەسات بەدوای کارەسات و دڵتەنگی بەدوای دڵتەنگی دەچنێتەوە، تا چ مەودایەک شتێکی لۆجیکییە هێشتا گەشبین بێت و بەڵێ بڵێت بۆ ئەو بەرخودانەی کە بووەتە ژیانی؟ لەدوای کارەساتی دابەشکردنی جوگرافیاکەی و لەدوای کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران و ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردن و تەعریب و تورکاندن و فارساندن، ئایا هێشتا شتێک شک دەبات تا لێوەی هەلهەلە بۆ کەرنەڤاڵی ژیان بچڕێت؟ بوونێک گەر بە مەرگەسات درێژە بە خۆی بدات، چی پێدەبێت بۆ خۆشحاڵی و گەشبینی؟ جووەکان بەدرێژایی هەزاران ساڵ ئافەرۆزکراوترین و بێزراوترین گەلی جیهان بوون، کەچی لەناو ئەواندا "بیرۆکەی جوولەکایەتی" بووە نهێنی مانەوەی ئەوان لە ژیاندا. بەزیندوویی مانەوە لە حاڵەتی کورد و جوودا بریتی بووە لەو تەکنیکەی کە توانستی دژە لەناوچوونی تێدا دروست کردن. ئەم دوو گەلە ئەو تیۆرییەیان سەلماند، کەوا ژیانێک هەیە لەنێو ژیاندا هیچ شتێک نایبزوێنێت، هیوا و گەشبینی و خۆشبینی نەبێت. نهێنی ژیان لەناو ئەو ژیانە شاراوەیەدا مت بووە بۆ بەزیندوومانەوە. ئەگەرچیش ئەدۆرنۆ دەیگوت دوای کارەساتی ئاوشڤیتس شیعر نووسین بەربەریزمە. بەڵام سەبارەت بەو دوو گەلە بەشیعرکردنی ئازارەکان و مەرگەساتەکانیان بریتی بووە لە تاکە تەکنیکی بەهێزکردنی ئیمون سیستەمەکەیان.
ئێمە لە هایدێگەرەوە فێری ئەوە بووین "بوون واتە میزاج" هەڵبەت میزاجیش واتە کەش، واتە جۆش و خۆشحاڵی و هیوا. بۆیە لەڕووی ئۆنتۆلۆگییەوە هەموو بوونێک هەڵگری ئەو میزاجە گەشەیە کە لێوەی بەشێوەیەک لەشێوەکان دەچێتە نێو جیهانەوە. ئیتر شێوازی کورد بەو جۆرە بووە کە تەنیا بەرخودان بکاتە ژیان، لەکاتێکدا شێوازی گەلێکی وەک ئەڵمان یان پۆڵۆنی یان ڕووسی و یان فەرەنسی هیچیان لەهی یەکتری ناچێت، گەورەترین هەڵەش ئەوەیە دوو گەلی دوور لەیەکتری بەیەکتر بەراورد بکرێت. ناکرێت بڵێم بۆ کورد وەکو ئەڵمان عەقڵانی نییە، چونکە خۆ پۆڵۆنییەکانیش کە هاوسێی ئەڵمانەکانن بە دووسەد ساڵی تریش ناگەنە ئاستی پێشکەوتوویی ئەڵمانەکان. کولتوورەکان دەشێت لەیەکترییەوە فێر بن، دەشێت لاسایی یەکتریش بکەنەوە، بەڵام ناشێت بگوترێ دەبێت ئەم لەو بچێت. ئەم هۆشیارییە لەخۆیدا جۆرێکە لەو بەدبینییەی کە توانستە نێوەکییەکانی فەرهەنگەکەی خۆی دەکوژێت، ئەمە جۆرێکە لە ڕەخنەی پێوەر ئامادەکراو کە جیهانیژیانی فەرهەنگەکەی خۆی بە دووکەڵ دەتاسێنێ لەبری ئەوەی سییەکانی پڕ بکات لە هەناسەی نوێ.