مۆز هەر مۆز نییە
"ماوریزۆ کاتلان" هونەرمەندى ئیتالى، بەهۆى لکاندنى مۆزێک بە دیوارێکەوە لە پێشانگایەکدا لە میامى، ژێستێکى «هونەری»ـى نواند. ئەم مۆزە نرخى 120 هەزار دۆلارى لەسەر دانراوە و سەرەنجامیش لەلایەن هونەرمەندێکى ترەوە دەخورێت و بەپێى وتەى خۆى «هونەرمەندێکى برسى» بووە. لەم نووسینەدا هەردوو کردەکە پێکەوە دەخوێنینەوە و هەوڵدەدەین بەکورتى چواردەورى بابەتەکە هەڵکۆڵین. هەم لەو رووەوە کە ئاخۆ کارەکە چەندە هونەرییە و لەو رووەشەوە کە چەندە لە دەرەوەى هونەر مانایان هەیە؟
ئەمە یەکەمجار نییە کارى سەیروسەمەرە بەناوى هونەرەوە نمایش دەکرێت. لە تەوالێتەکەى دوشان-ـەوە تا سەگى هەڵدڕاو و پیسایى وشکەوەبوو و نینۆکى نمایشکراو و تەرمى قاشکراو و هتد. کارەکە چەندە هونەرییە کەڵکەڵەى یەکەمى ئێمە نییە. ئەوەى بۆ ئێمە بایەخدارە، ئەوەیە کە چ شتانێک لەم جۆرە رووداوانەوە ئاڵاون و ئەو شتانە چین کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کارەکەوە نییە. سەرەتا وەسوەسە دەبین بڵێین: شتێک لێرەدا نییە بەناوى مۆز. واى دابنێ ئەوە ئۆبێکتێکى تەواو پاتاڵە، هیچییە، چاڵێکى رەشە. بەڵام ئەوەى بە دەورى ئەم چاڵە ڕەشە و ئەم ئۆبێکتەدا درووستدەبێت چییە؟
وەک ئەوەى شارەزایانى سینەما باسیدەکەن، لە فیلمەکانى هیچکۆکدا ئۆبێکتێکى نادیار هەیە کە رووداوەکانى بەدەوردا درووستدەبێت. ئەو ئۆبێکتە و ئەو بابەتە دیار نییە، خۆى ونە، بەڵام کاریگەرییەکى سەنتراڵى لەسەر فیلمەکە هەیە. واتە زۆرجار هیچییەک و بۆشاییەک، بزوێنەرى کۆمەڵێک رووداون. دەکرێت ئەو بۆشاییە هیچ نەبێت و دەشکرێت لە فۆرمى ئۆبێکتێکى ئاسایى وەک مۆزدا خۆى دەرخات. بۆیە هەردووکى هەر یەکن، چونکە ڕۆڵەکەیان شتێکى ترە جیا لە نرخەکەى خۆیان. واتە پاڵنەرن بۆ شتى تر، نەک ئەوەى تەرکیز بخەینە سەر ئەوەى خۆیان چ ماهیەتێکیان هەیە و چەندەش بەهایان هەیە. لەم ڕووداوە هونەرییەدا، پێموایە مۆزەکە ڕۆڵێکى لەم جۆرەى هەیە: خۆى شتێکى ئەوتۆ نییە، هیچ نییە، ئەوەى هەیە بزوێنەرى کۆمەڵێک ماناى ترە لە دونیا و دۆخى ئەمڕۆدا. ئەمەش هەقى بەوەوە نییە کە دیسان چ شتێکى گرنگ دەورووژێنێ، گەر شتانێکى گرنگیش لە دونیاى ئەمڕۆماندا بورووژێنێت هێشتا مۆزەکە ناکاتە کارێکى هونەریى بەرز یان نزم. نرخى مۆزەکە لە جێیەکى ترە.
کاتێک دەڵێین مۆزەکە مۆز نییە، رێک هەر بەم مانایەیە. مۆزەکە دەیەوێت شتێکى تر بنوێنێتەوە. بەڵام نواندنەوەیەک لەڕێگەى خۆیەوە نا، بەڵکو لەڕێگەى ئەو چیرۆکانەوە کە درووستی دەکات. لەڕێگەى ئەو باسوخواسانەوە کە بە دواى خۆیدا دەیهێنێت. بۆ ئەمەش سیاقێکى «هونەرى» بۆ خۆى درووست دەکات و هەڵایەکى ئیعلامیش دەسازێنێ و تەنانەت ئیمکان بۆ هونەرمەندێکى تریش دەکاتەوە مۆزەکە بخوات تاکو پتر ئەو شتە بنوێنێتەوە کە دەمانەوێت باسى بکەین. شتەکان لە سیاقدا نرخ و ماناى خۆیان وەردەگرن، سیاق ئەو تۆڕەیە کە نرخ لەسەر شتێک دادەنێت. هەموو دەزانین مۆزێک لە عەلوە و مۆزێک لە پێشانگایەک و مۆزێکیش لە فیلمێکى پۆڕنۆدا سێ نرخى جیاوازیان هەیە. ئەم مۆزەى ئێستا، تەنیا مۆزى نێو پێشانگایەک نییە، بەڵکو مۆزێکە لەڕێگەیەکى دوورەوە پیشاندەدرێت. ئامادەیى و پیشاندان لەڕێگەى دوورەوە (تەلەپرێنس)، مۆزەکە لە مۆزێکى ئاسایى جیادەکاتەوە. فۆکۆ نامیلکەیەکى لەسەر پایپەکەى ماگرێت نووسیوە بەناوى «ئەمە پایپێک نییە». مۆزەکەش بە کۆمەڵێک جیاوازییەوە لە ئەرگۆمێنتدا، مۆزێک نییە. نزیک لەم مەبەستەى ئێمەشەوە، خاوەنى کارەکە دەڵێت: مۆز ئایدیایەکە". یان بەڕێوەبەرى گەلەرییەکە دەڵێت: مۆزەکە پاش خواردنیشى لەناونەچووە، مۆزەکە ئایدیایەکە.
هەروەها ئیمانوێل پیرۆتین-ى هونەرمەندى فەڕەنسى دەربارەى کارەکە دەڵێت: «کارەکەى ماوریزۆ دەربارەى ئۆبێکتەکان نییە، بەڵکو دەربارەى چۆنیەتی جووڵەى ئۆبێکتەکانە لە جیهاندا».
کەواتە پرسیارە فیکرییەکە ئەوەیە مۆزەکە چییە و هێماى چییە؟
ئێمە لە دەروونشیکاریى ژاک لاکانەوە فێرى ئەوە دەبین کە هەر زەقییەک، نوقسانییەکە. هەر ئۆبێکتێک، ئەگەرى هەیە بۆ ماوەیەکى کاتى جێى نوقسانییەکى بونیادیى پڕکردبێتەوە. تێزەکەش دەچێتەوە سەر ئەو ڕاستییەى کە بوون خۆى نوقسانە. ئەوەى کە دەگوترێت مۆزەکە خۆى ئایدیایەکە، بەشێوەیەکى دیالەکتیکى و پێچدار وەردەگەڕێت بۆ دژەکەى کە دەتوانین لەم رستەیەدا دایڕێژینەوە: ئایدیاى مۆزەکە خۆى غیابى ئایدیا لە سەردەمى ئێمەدا دەردەخات. ئەویش بەو مانایەى کە ئایدیایەکى گەردوونى و تۆکمەمان نەماوە بڕواى پێ بێنین و وزە و ماناى لێوە هەڵگۆزین. ئەم غیاب و نوقسانییەش، سەری کێشاوە بۆ هەموو پنتەکان و هونەر خۆیشى گرتووەتەوە. مۆزەکە گەر خۆیشى هونەرێکى ئەوتۆ نەبێت، ئەوا شکستى هونەرە لە ساتێکى دیاریکراودا. مۆزەکە نیشانەى نوقسانییەکى بنەڕەتیترە. نوقسانییەک کە پێدەچێت تەنیا بە ئۆبێکتێکى ئاسایى گوزارشتى لێ بکرێت. ئەم ئۆبێکتە ئاساییە گەر جارێک و دووانى تریش بخورێت، ئەوا گرفتێک درووست ناکات و زیاتر ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ کە لە غیابى ئایدیایەکى مانابەخشدا خەریکین گاڵتە بە خۆمان و جیهانەکەمان دەکەین. دانانى پارەیەکى زۆریش لەسەر ئەم ئۆبێکتە ئاساییە، جێگرتنەوەى ئایدیا بە پارە دەردەخات. تەنیا پارە؟ نەخێر.
لە دونیایەکى وادا، سێکسیش بە مانا فراوان و شاراوەکەى لە مۆزەکە (یان ئایدیاى مۆزەکە)دا نوستووە. ڕەنگە ئەمە وەک خاڵێکى سەیر و تەنانەت تڕۆهاتیش دەرکەوێت، بەڵام خاڵێکى قابیلى بەجدى وەرگتنێتى. مۆز، هێمایەکى ناخودئاگایانەى سێکسییانەیە. هێمایەک کە ڕیشەى لە نەستدا داکوتیوە و ڕەنگە هەروا بڕواى پێ نەهێنین. پێکەنین و بەنوکتەکردنیشى، بەشێکە لەم کاردانەوە شاراوەیە. فرۆید ژمارەیەکى زۆر ئۆبێکتى دیاریکردبوو تاکو وەک بەدیلى کۆئەندامى نێر و مێ بیانناسێنێ و لێکدانەوەى خەونەکانیشیان پێوە ببەستێتەوە. سەرەتا شتەکە ئاسان و سادە دێتە بەرچاو، بەڵام فرۆید دەروونی مرۆڤى بنکۆڵ کردبوو تا تێبگات ئۆبێکتەکان چۆنچۆنى جێى یەکتر دەگرنەوە.
دیارە مەبەستمان لەوە نییە فرۆید سێکسزەدە دەرخەین، بەڵکو تاڕادەیەک بەپێچەوانەوە کە چۆن سێکس بەسەر ئۆبێکتەکاندا دابەش دەبێت و سێکس بە مانا باوەکەى کاڵ دەبێتەوە. ساڵى 1991 لە بەریتانیا چەند جارێک هێرشکرایە سەر ئەو فرۆشگایانەى جلى فەروودار و لووس و پووسیان دەفرۆشت. بیانووى پەلاماردەران ئەوە بوو کە لەشفرۆشانى سەر بە نایتس برێج شتى وا لەبەردەکەن. بەڵام دەروونشیکارى بەریتانى، ئانتۆنى ئیستۆپ، لە کتێبەکەیدا بەناوى "نەست" باسى ئەوە دەکات کە فەروو تەنیا پەیوەندی بەو لەشفرۆشانەوە نەبووە، بەڵکو ڕیشەیەکى شاراوەترى هەبووە و بەپێى دەروونشیکاریى فرۆید هێماى "تووکەبەرى ژن"ـە. ئەوەى بەشێوەیەکى ناخودئاگایانە و نەستەکى ئازارى ئەو خەڵکەى داوە، ئەوە بووە کە بەهۆى جلى فەرووەوە وا هەستکراوە ئادابى گشتى پێشێل کراوە. لە دۆخێکى وەک ئەوەى ناو مۆزەخانەى مۆزەکە، ناتوانین بیر لە خاڵێکى لەم جۆرە نەکەینەوە کە شتەکە هێمایەکى سێکسواڵیشى لەخۆیدا هەڵگرتبێت. هێماى ناو نەستى ئێمەى بینەر و خەڵکانى ئەم سەردەمە، نەک تەنیا هونەرمەندەکە. بۆیە پارە و سێکس دەتوانن جێى ئایدیا باڵاکە بگرنەوە کە سەردەمەکە ونی کردووە. مۆزەکە ڕواڵەتى ئەو شتەیە کە لەوێدا بوونى نییە. ڕواڵەتێکە کە پارەى لەسەر دادەنرێت و پێکەنینیش درووست دەکات- هەتا گەر تووڕەبوونیش بخولقێنێ پتر گریمانەکە دەسەلمێ.
ئاندى وارهۆڵ، دەیگوت: بۆیە بەم جۆرە وێنە دەکێشم، تاکو وەک ماشێنێک دەرکەوم. هەموومان دەزانین ماشێن واتە کەمکردنەوەى خەلاقیەت و دەستى مرۆڤ لەناو کارى هونەریدا. هونەرى ئینستاڵەیشن و پێرفۆرمانس و کۆنسێپتواڵ و تەنانەت ڤیدیۆ ئاڕت و هتد، بەشدارن لە بەماتۆڕکردنى هونەردا (بەپێى زاراوەکانى پۆل ڤیریلیۆ). کاتێک تەکنۆلۆژیا و ماشێنەکان لە هەموولاوە تەنگمان پێ هەڵدەچنن، ئیدى ڕەنگە لە سوچێکدا نوقسانیى ئایدیا گەورەکان بەهۆى ئۆبێکتێکى ئاساییەوە بخەینەڕوو. سەردەمانێکە شمەکى ئەم کارەکتەر و ئەو کارەکتەر بە پارەى زۆر فرۆشراوە و خراوەتە موزایەدەوە. ئەو شمەک و ئۆبێکتانە سەر بە کەسێک بوون، یەک کەسیان بیردەخستەوە: بەڵام مۆزێک نە سەر بە یەک کەسە و نە یەک کەسیش بیردەخاتەوە. مۆزەکە، غیابى ئایدیایەکى سیاسى و مرۆیى گەورە دەردەخات کە هى کەس نییە و هى هەمووشمانە.