سادەبوون وەک گوتاری شیعری لەناو تێکستی "مۆتیڤەکانی تری جەنگ" ی حسێن لەتیف- دا

ئایا شیعر گرنگە؟ گرنگیی شیعر لەکوێدایە؟ 

کاتێک پرسیارێکی سادەی ناو کۆمەڵگا دێنینەوە ناو نووسین، ئەو ساتە دەزانین دەمانەوێت پەیوەندییەک لەنێوان شیعر و کۆمەڵگا دروست بکەین، هەڵبەت ئێمە هەمیشە و بۆ هەموو کارێک سەرەتا بەدوای گرنگییەکەیدا دەگەڕێین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە گرنگی خۆی چییە لە کۆمەڵگای کوردیدا؟

کاتێک گرنگبوون وەک پاشەڕۆژ دەبینین، بەدڵنیاییەوە هەر شتێک نەتکات بەخاوەنی سەرمایە هیچ گرنگ نییە. لێرەدا سەرمایە دوو ڕووی هەیە: سەرمایەی ڕەمزی بەتەنیا پەیوەستی گوتاری پاشەڕۆژی دینیی دوای مردنە، سەرمایە وەک خۆی خەونی بنیاتنانی داهاتووە، بەکورتیەکەی لەو دەستەواژەیەوە تێدەگەین هەر شتێک داهاتووی بۆ بنیات نەناین کەواتە هیچ گرنگ نییە، ئەو تێگەیشتنە زیانێکی تەواوی لە ئاگایی مرۆڤی کورد داوە، وایکردووە نەتوانێت گەشە بەتوانا عەقڵی و فەرهەنگیەکانی بدات.

لەکاتێکدا زۆرینەمان وەک ویستی ژیان ئارەزووی شیعر دەکەین و زۆربەشمان لەسەرەتای تەمەنماندا لەڕێی حەزەکانمانەوە پەنای بۆ دەبەین، هەندێکجار دەستپێکمان وایە دەکەوینە گۆڕینی هەندێک وشەی شیعریی شاعیرانی کلاسیکی، تا بتوانین دڵی کچانی گەڕەکی پێ ڕازی بکەین، بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبەکان و گەشەی ئاگایی فەرهەنگیمان، ئیتر هەندێکمان دەبین بە شاعیر و هەندێک شەڕی پێ دەفرۆشین و هەندێکیشمان ناوی گەورەی شیعری بۆ خۆمان درووست دەکەین و کۆمەڵگا ناچار دەکەین گوێمان لێ بگرێت. لەوێدا تێدەگەین ئەوە گرنگیی شیعرە لەگەڵ هەست و ویژدانی هەموومان دەدوێت و لەبری ئێمەش قسە دەکات، جا ئەو کاتە ناتوانی بڵێی کەی شیعر گرنگە، کاتێک شیعری شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو دەخوێنیتەوە.
ئەوە سووربوونی شاعیران بوو وایکرد شیعر گرنگ بێت، نەک پشتگیری و هاندانی کۆمەڵگا، دەستەواژەی "کەی شیعر گرنگە" هێندە وێرانکارە نایەڵێت گەشە بە توانا شیعریەکانت بدەی، بەڵام مرۆڤگەلێکی خەونبین دەستبەرداری دنیا خەیاڵیەکەیان نەبوون و لەناو زماندا گەشەیان بە خەونەکانیان داوە، بۆیە ئەو ساتەوەختە بۆ ئەوان لۆژیکی گرنگبوون هیچ ماهیەتێکی نییە، کە ئاخۆ شیعر گرنگە، بەڵکو بۆ ئەوان پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە، چۆن ئامادەبوونی خۆت وەک شاعیرێک دەسەپێنێ لەبەردەم شاعیراندا؟
ئێمە رووبەڕووی ئەزموونی جیاوازی شاعیرانی پێش خۆمان دەبینەوە، لەشکرێک لە شاعیر دەبینین، خەریکی لاسایی ئەو میراتە شیعریەن و لاساییان دەکەنەوە، دەکەونە نووسینی شیعری درێژ بەو ئومێدەی بگەنەوە ئەو ئەزموونانەی لەو ڕێگەیەوە ئامادەبوونی خۆیان سەپاند، کەچی لەو کاتەدا دەبینین شاعیرێکی وەک حسێن لەتیف بەپێچەوانەی ئەو فۆرمە رووبەڕووی ئەزموونی چڕببوونەوەی زمانمان دەکاتەوە و لەگەڵ کتێبێکدا بەناوی "دەرگاکان بە زەردەخەنە دەکرێنەوە" بەرەو سادەیی فۆرممان دەبات، ئەو سادەبوونەوەیە وامان لێ دەکات خەیاڵمان بۆ لای شیعرەکانی ژاک پریڤەر بڕوات، کە چۆن وێنەی ڕەوان دەمانباتە ناو قووڵایی وێنە و ماناکانی، بۆیە ئێمە لەبەردەم ئەو کتێبەدا هەر لەناونیشانەوە دەبینە ئەو خوێنەرەی ساتێکی گەشبینانەمان دەبێت و زەردەخەنە دەکەین تا دەرگای کتێبەکەمان بۆ بکرێتەوە.

ناونیشان ئێمە دەخاتە بەردەم کتێبێکەوە کە سادەبوونی شاعیر و خوێنەر لەساتی پاکیزەیی بەرکەوتنە، ئەوە بۆ خۆی پەیوەندییەک دەخوڵقێنێ کە توانای بەشداریی خوێنەری هەبێت لەناو تێکستێکدا کە شایانی خۆی بێت لەڕێگەی گوتارێکی شیعرییەوە.

"مۆتیڤەکانی تری جەنگ" 

لێرەوە ئێمە دەکەوینەوە ناو تێگەیشتنێکی نوێ، بەوەی منی خوێنەر لەبەردەم مۆتیڤی جەنگدام، بەڵام ئەو مۆتیڤانەن کە پێم نیشان نەدراون، ئەوانەی گرنگە منی خوێنەر لە جەنگ و دوای جەنگدا ئەوانە ببینم، بەڵام شاعیران وەک سیاسیەکان فریویان داین و لێیان شاردینەوە، ئەوان عاشق بوون و بەزۆر بردران بۆ جەنگەکان، خەونی یاریان هەبوو، بەزۆر داکۆکی لە خاکیان پێکرا، لێرەوە ئارەزووی ژیان لە جەنگدا نەهاتنە بۆ جەنگ، ئەو هاوار ناکات بەشداری جەنگ ناکەم، بەڵکو لەڕێی چوونە نێو هەستی جەنگاوەرێکەوە تێدەگەین کە درۆیەکی گەورەیە شەڕکردن لەپێناوی داکۆکی لە خاک ناو بنرێت، لێرەوە خەونی پاشەڕۆژ شتێک نییە شاعیرەکەمان هەڵگری بێت، دەنا لە بنەڕەتدا هەر شیعری نەدەنووسی و وەک ئەوانیتر دەیگوت شیعر کەی گرنگە، بەڵام بۆ ئەو شیعر گرنگە چونکە زمانە، زمانیش تێڕامانی خەونە لە ژیان.

لێرەوە خەونبینینی کچەکان بە سەربازەکانەوە وەک پاڵەوان، لەڕاستیدا خەونبینینە بە مەرگەوە، چونکە سەربازەکان هەرگیز ناگەڕێنەوە، چونکە ئەوان لەجەنگدا خەون دەبینن، بەڵام چونکە لەبیابانی ئاگردان نەک لە باخچە، بۆیە خەونەکەیان ناگاتە هیچ شوێنێک کە شاعیرەکەمان ئەوە ناو دەبات بە "سەربازەکان بەر لەوەی هەنار گوڵ بگرێت دەمرن". 

ئەوە جەنگە مۆتیڤی ڕاستەقینە، کە لەبری خوڵقاندنی خەون، دەبێتە هۆی زەوتکردنی خەون، ئەو درۆیەی جەنگ بۆ پاشەڕۆژ هەڵگریەتی هیچ نییە جگە لەو وێرانکاریەی شاعیران فریویانداین و لەبەردەم مۆتیڤە شاراوەکانی جەنگ رووبەڕووی دەبینەوە، بۆیە عاشقەکان کە چارەنووسیان هەر سەربازیە، ئیتر بۆچی عاشق بن، با عاشق نەبن و لەبنەڕەتدا ببنە سەرباز، ئەو ڕامانە شیعریەی عاشق لەناو زماندا شاعیر و عاشق بەیەک دەگەیەنێت بۆ بێبەهاکردنی عەشق لە کۆمەڵگای جەنگدا.

کاتێک سەربازبوون وێنەیەک بێت بازنەیەک بۆ نێرەکان درووست بکات، ئیتر لێرەوە تێدەگەین ئەوە جەنگە باوک بوون ئامادە دەکاتەوە بۆ سەربازێکی تر، نەوەکان دەبنەوە سوڕانەوە بەناو بازنەی باوکدا، هەمووشیان لەناوەڕاستی بازنەی جەنگدان. 

لێرەدا ململانێکە لەنێوان شاعیر و سەربازدایە، دوو کارەکتەر لەناو مرۆڤێکدا، بۆیە کاتێک دەڵێن شیعر کەی گرنگە، ئەو کاتە شاعیرەکە دەمرێت و سەربازەکەش لە گۆڕەپانی جەنگدا دەکوژرێت، ئەوەی درێژە بەچیرۆکی مەرگ دەدات، ژنێکە تا کۆتایی تەنیا، یاخود دایکێکە کۆرپەکەی گەورە دەکات تا ببێت بە سەرباز بۆ مردن.

کێن ئەوانەی ناچن بۆ جەنگ؟ ئەوانەی بەشداری لە جەنگەکان ناکەن بە خائین ناویان دەبەین، ئەوانەی دەیانەوێت بۆ ژیان بژین، وەک شوورەیی لەناو کۆمەڵگادا دەیانبینین، بەڵام بەڕاست ئەوانەی ژنێکیان لە تفەنگ خۆشتر ویست خائین بوون؟ ئەی ئەوانەی نیشتیمانیان لەژووری نووستن لەلا شیرینتر بوو، ئێستا لەکوێن؟ ئەوە پرسیاری ئێمە نییە لەژیان، ئەوە پرسیاری ترسنۆکانەی ئاراستەنەکراوە لەناو ئەو تێکستە شیعریەدا، پرسیارێک لەناو زماندا خۆی شاردووەتەوە، شاعیر ناتوانێت لەڕێی زمانەوە بیگەیەنێت، بۆیە بە بیانووی کەسێکی تر دەیهێنێتەوە "هاوڕێکەم ژووری نووستنی لە نیشتمان خۆشتر ویست".

بەڵام لەو ڕاستیە تێدەگات کە ئەو نە جەنگاوەر بوو نە عاشق، بۆیە ئەوە شکست و مەرگن رووبەڕوومان دەبنەوە، خەون هیچ نییە جگە لە مەرگێکی ترسنۆکانە کە شاعیرێک بۆمانی دەگێڕێتەوە، ئەو وێنەیە بەئاگاهاتنی یادەوەریی نەوەیەکە کە جەنگ ڕایکێشایە ناو مەرگ و ژیانی لێ زەوت کرد، نەوەیەک زیاد لە نیو سەدەیە خەونی هەیە و سەرەنجام خەونەکانی بوون بە سەرکەوتنی جەنگاوەرێک کە نە جەنگ هی ئەو بوو نە ژیان.

سەرەنجام کۆمەڵگا لەخۆڕا ناڵێت شیعر کەی گرنگە، چونکە دنیابینیەکی ترە کە ئێمە نەمانبینی و داباب بینییان، ئەوانیش دەست بە دوعان منداڵەکان عاشق نەبن، کاتێک قافڵەکان تێدەپەڕن و کچێک عاشقی سەربازێک دەبێت، ئەوە تەنیا شیعرە دەچێتە ئەو قووڵاییەوە. سەربازەکان دەمرن، یاخود ئەوە زیندەگی شاعیرانەی داباب بوو وتیان ئێمە شاعیرانە ژیاین و مردین، ئێستا ئێوە بۆ دەتانەوێت شیعر بنووسن، دەنووسن بۆ ئەوەی بمرن.

نووسین و مەرگ گێڕانەوەی چیرۆکی مردن نییە، بەڵکو شیعرێکی خەمناکی ژیانە، ئەوە بێباکی زەمەنی چاوەڕوانیە، شیعرێکە دڵشکاو، فرمێسکی منداڵێکە لەبەردەم سوڕاندنی ئەتڵەسەکەی دەستی مامۆستا کە دەڵێت "لەوێدا باوکم شەهید بوو". ئێمە لەبەردەم تێکستێکی شیعریداین کە نامۆ نییە بەژیان، بەڵکو یادەوەری ئێمەیە بۆ ژیان، لێرەدا پێویستی و گرنگیی شیعر دەردەکەوێت و دەبێت بڵێین "بێ شیعر مێژوو چۆن دەنووسرێتەوە، وااای چما هێندە گرنگ بوو شیعر".