کامەیان دایکم بوو؟

 
چکۆلە بوو. تەمەنی شەش یان حەوت ساڵان بوو. دوو سەعاتێك دەبوو کە لەوێ وەستابوو لەناو ئاپۆڕای ئەو خەڵکەی لێی کۆببوونەوە، بێ ئەوەی قسەیەك بكات، هەر گریابوو. جارجاریش چاوە ترساوەکانی بە هەموو لایەکدا دەگێڕا و چڵمەکەی هەڵدەلووشی. بووکەڵە قژ زەردە جلشینەکەشی، توند توند نووساندبوو بە سنگییەوە و، چەناگەی نووساو بە ئێخەی بلوزە پرتەقاڵییەکەی بە دەم هەنسکی گریانەوە دەجووڵا. خەڵکەکە سەرەتا یەک یەک و دوو دوو لە دەوری کۆبوونەوە، دەستێکیان بە قژیدا هێنابوو، پرسیاری دایکیان لێی کردبوو، ئەوەی کە دوایین جار لەکوێ دەستی لە دەستی دایکی بەربووە؟ ئەمیش لە وەڵامدا ڕووی گرژ کردبوو، گۆشەی لێوەکانی هێنابووە خوارەوە و، دڵۆپە فرمێسکەکانی گەورەتر و گەورەتر بە سەر کوڵمە لەڕ و لاوازەکانیدا شۆڕاوگەیان بەستبوو.
 
هەر کەسە شتێکی دەگوت؛ یەکێک دەیگوت دەستی لە دەستی دایکی بەربووە، ئەوی تر دەیگوت وێدەچێ زڕدایکی بووبێت و هێنابێتی و لەم جەنجاڵیی ناو بازاڕەدا فڕێی دابێ و رۆیشتبێ، یەکێکی تر دەیگوت خوا بناسن، لە خۆتانەوە کەس تاوانبار مەکەن با پۆلیس ئاگادار بکەینەوە، سەعاتێك نابا کەسوکارەکەی دەدۆزنەوە. ژنێکی چارشێو ڕەشی ئەسمەریش نەختێک چارشێوکەی لەسەر سەریەوە ڕێکخستبوو، گوتبووی: توخوا بزانن هەر دەتوانێ قسە بکات. پێموابێ لاڵە بەستەزمانە. چەند ناشیرینیشە توخوا!....
 
کیژۆڵەکە ئێستا ئیتر ئارام ببووەوە. لێوی دەلەرزی و بەرهەنسکی دەدا. بووکەڵەکەی نووساندبوو بە سنگییەوە و قامکە بچووکەکانی ڕۆچووبوونە ناو زگیەوە. هێشتا لەناو ئەو هەموو پێیە و ئەو هەموو بۆنە تێکەڵاوەدا بە دوای بۆن و چارشێو و دەستە لاوازەکەی دایکیدا کە لەژێر لۆی چارشێوەکەوە دەیهێنایە دەرەوە، دەگەڕا. خەڵکەکە ئیتر ماندوو ببوون، بەرە بەرە دەوری کچەکەیان چۆڵ دەکرد و، هەریەکە و بە ڕێگای خۆیاندا دەڕۆیشن. وەک بڵێی هیچ ڕووی نەدابێت و کچێکی قژ ڕەشی دەموچاو زەردهەڵگەڕاوێ چاو بەگریانی کراس پرتەقاڵی لەوێ لەناو ئەو هەموو جەنجاڵییەدا ون نەبووبێت و، ئەوە ئەوان نەبوون کە بۆ چەند ساتێک دەستیان بە سەریدا هێنابوو، هاوخەمییان دەربڕیبوو، هەوڵیان دابوو هەستی وردکۆڵی خۆیان دابمرکێنن. 
رەنگە کیژۆڵەکە بەیانی کاتێ بە تامەزرۆییەوە لەخەو هەستابێت تاکوو دوای نانی بەیانی جلە پرتەقاڵییەکەی لەبەر بکات و بڕوات بۆ بینینی باوکی، قەت بە خەیاڵیشیدا نەهاتبێت کە لە کاتی گەڕانەوەدا دەستی لە دەستی دایکی بەردەبێت و لەناو کۆمەڵێک خەڵکی نامۆدا، واقوڕماو ڕادەوەستێ و تێناگات ئایا دایکی ونی کردووە یان بەجێیهێشتووە.
 
دایکی توند توند دەستی گرتبوو، هەوڵی دەدا لە ناوەڕاستی ئەو حەشیمەتە، شوێنێک بۆ خۆیان بکاتەوە و بپەڕێتەوە و خۆی بگەیێنێتە بەر دەرگای چوونە ژوورەوەی بەندیخانە. لەوێیش جگە لە پێ و چارشێو و پانتۆڵی ڕەش و نیلی و قاوەیی، هیچی تری نەدەبینی. سەری لەگێژەوە دەهات، گێژ لە بۆنی عارەقە، هەڵواسراو بە چارشێوەکەی دایکی بەملا و ئەولادا ڕادەکێشرا. ئەگەرچی دایکی خۆی گەیاندبووە بەر دەرگای بەندیخانەکە، بەڵام لەوێیش بۆ ماوەیەکی زۆر بە دەم بیستنی قیژە و هەرا و  بێدەنگ بن خوشکم و بێدەنگ برادەرینەی پاسەوانەکانەوە، چاوەڕێی چوونە ژوورەوەیان کردبوو. کە چووبوونە ژووریشەوە دیدارەکە بە ماچی بابە کە ئێستا ئیتر بە پێچەوانەی جاران ڕوومەتەکانی خوێنیان تێزابوو و نەختێک چەوری نووسابوو بە ورگیەوە و لەسەر کەمەری بیجامەکەی زەق زەق خۆی دەنواند، دەستی پێکردبوو. پاشان لە سایەی شەڕەقسە و تانە و تەشەری دایە و بابە، دڵخۆشیی ئەو دیدارەش بۆ کچەکە جێی خۆی دابوو بە دڵەڕاوکێ و خەم و هەست بە تاوانکردن. 
 
کیژۆڵەکە، بە ترسەوە لێوەکانی دەگەست وەک بڵێی گریانێك لە ئەوكیدا بێت. سەیری سەرپەنجە ڕووشاوەکانی خۆی دەکرد. کاتێ لە بەندیخانە هاتبوونە دەرەوە، لە حاڵێکدا کە ئەم بە دەم ڕۆیشتنەوە دەستی بەسەر دیوارە سپییە چڵکنە لە مێژە نۆژەننەکراو و بەرزەکەی بەندیخانەکەدا دەهێنا، دایکی بە تووڕەییەوە دەستی چەپی هێندە توند گرتبوو، هێندە خێرا بە شوێن خۆیدا ڕایکێشابوو، کە قامکەکانی دەستی ڕاستی نەختێک ڕووشابوون. پاشان کە گەیشتبوونە ئەو سەری شەقام و کۆتایی دیواری بەندیخانەکە، لەسەر چوارڕێیانەکە سواری تەکسییەک ببوون و لەبەر مانەوە لەناو ترافیک، دایکی تاقەتی نەمابوو لە نزیک بازاڕ دابەزیبوون. 
 
هێشتا هەر هیچی نەدەگوت. چەند کەسێک  ئیتر لە بێدەنگیی کچەکە وەڕەس ببوون و دەیانگوت با بیبەین بۆ بنکەی پۆلیس. کچەکە بە بیستنی ئەو قسەیە واقوڕماو و ترساو چڵمەکەی هەڵلووشی و دەموچاوی لەناو لەپی دەستەکانیدا شاردەوە. لەپڕ هەستی کرد، دەستێکی نەرم و خڕ و خەپان لەسەر سەری دانراوە و دەیەوێ بیلاوێنێتەوە. هەموو گیانی کەوتە لەرزین. حەزی دەکرد ئێستا لەبری ئەو دەستە قورسە دەستە لەڕولاواز و هەمیشە ماندووەکانی دایکی بەر ڕوومەتەکانی بکەوتبان، بێگومان ئیتر لە زبریی دەستی دایکی بێزار نەدەبوو. لەناو ئەو هەموو جەنجاڵییەدا بیری ماچە تاڵ و دووکەڵاوی و چاوە هەمیشە خەواڵووەکانی باوکی و جنێو و پرتەوبۆڵەکانی دایکی دەکرد.
نائومێدانە سەرێکی لەقاند و، دیسانەوە خەیاڵە بچووکەکەی فڕییەوە بۆ ناو بازاڕ. دایکی هێشتا هەر تووڕە بوو، توند توند پەنجە چکۆلەکانی کیژۆڵەکەی دەگوشی و بەشوێن خۆیدا ڕایدەکشا و وەک هەمیشە لەبەر خۆیەوە جنێوی دەدا. پەنجە چکۆلەکانی لەناو دەستی دایە ئازاریان پێدەگەیشت، بە هەنگاوە چکۆلەکانی بە دوای دایکیدا ڕایدەکرد. دایکی بۆ چەند ساتێک دەستی بەردا و چارشێوە ڕەشەکەی ڕێکخستەوە و ئەمیش بۆ ئەوەی لێی ون نەبێ، بە دەستی چەپی بووکەڵەکەی توند توند نووساندبوو بە سنگییەوە و، دەستی ڕاستیشی لە چارشێوەکەی دایکی گیر کردبوو، سووکتر لە بووکەڵەکەی ناو باوەشی، هەڵواسراو بە چارشێوکەی دایە، بە شوێنیدا ڕادەکێشرا. لەپڕ بووکەڵەکە لە دەستی داکەوت، هاواری دەکرد و هەوڵی دەدا بە دایکی بڵێ بووکەڵەکەی داکەوتووە، بەڵام دایکی لەناو ئەو هەرا و هوریایەدا هیچی نەدەبیست.
 
چەند هەنگاوێک بە شوێن دایکیدا ڕایکرد، پاشان بە دوودڵییەوە لۆی چارشێوەکەی دایکی بەردا. بە ڕاکردن گەڕایەوە دواوە و بووکەڵەکەی لەسەر زەویەکە هەڵگرتەوە. تۆزەکەی تەکاند، پاشان ئاوڕی دایەوە تاکوو بە پەلە خۆی بگەینێتەوە دایکی، بەڵام لەپڕ خۆی لەناو کۆمەڵێک چارشێوی ڕەشدا بینییەوە، کە داوێنەکانیان بە دەم ڕۆیشتنی ئەو هەموو ژنەوە دەلەرییەوە. لە بینینی سەمای خێرای ئەو هەموو چارشێوە لە گێژەوە هات. "خودایە ئاخۆ کامەیان چارشێوەکەی دایکمە؟ دەبێت دەست بە لۆی کامیانەوە بگرم؟" ڕاوەستا و بە دەور خۆیدا سووڕایەوە تەنانەت لەبیری چووبووەوە بەرەو کام لا دەڕۆیشتن. لەوێش وەکوو بەر دەرگای بەندیخانەکە خۆی لە گەمارۆی مانتۆ و پانتۆڵ و چارشێوی بە جووڵەی ڕەنگاوڕەنگدا بینی، هەناسەی بە هەڵمژینی ئەو هەموو بۆنە نامۆیە توند ببوو. بووکەڵەکەی بە سنگیەوە نووساند و ڕایکرد و، چنگی لە لۆی چارشێوێک گیر کرد. بەر لەوەی هەنگاوێک بگوازێتەوە، چارشێو لەسەرەکە ئاوڕی دایەوە. لەپڕ بە بینینی دەموچاوی کەسێکی تر جگە لە دەموچاوی دایکی لەناو چوارچێوەی ڕەشی چارشێوەکەدا، دڵی داڕما. دەستی بەردا، دیسانەوە بە ڕاکردن خۆی گەیاندەوە بە چارشێوێکی تر و چارشێوێکی تر و چارشێوێکی تر... هەموویان بە سەرسوڕمانەوە ئاوڕیان دەدایەوە و سەیری کچێکی لەڕ و لاوازی قژ ڕەشی جل پرتەقاڵییان دەکرد، کە بووکەڵەیەکی جلشینی لکاندبوو بە سنگیەوە. زگیان پێی دەسووتا، پاشان هەنگاوەکانیان خێراتر دەکردەوە و بەجێیاندەهێشت. دەلەرزی. بە دەستی چەپی بووکەڵەکەی نووساندبوو بە سنگیەوە و بەو دەستەکەی فرمێسکەکانی دەسڕییەوە و بەرەو هەموو لایەک رایدەکرد. ڕایدەکرد... ڕایدەکرد... ڕایدەکرد... ڕەنگە هەندێ جاریش پێی خلیسکابێت.
 
پاشان هیوا لێ بڕاو لەناو ئەو جەنجاڵییەدا و لە نێوان چارشێو و پانتۆڵ و داوێنی مانتۆ ڕەنگاوڕەنگەکاندا ڕاوەستا و بە دەم هەنسکی گریانەوە سەری داخست تاکوو لانیکەم لەناو ئەو هەموو پێڵاوە گەورە و بچووکەدا کە سەرشێتانە بەرەو ئەملا و ئەولا لە جووڵەدا بوون، جووتە پێڵاوە ڕەشە بنبەرزەکانی دایکی کە نووسابوون بە قاچە بچووکەکانییەوە، بدۆزێتەوە. 
 
هێدی هێدی زانی لە دایکی ون بووە. داماو و بێدەسەڵات لە سووچێکی ئەو جەنجاڵییەدا ڕاوەستا. بە دوو دەستەکەی باوەشی بە بووکەڵەکەیدا کرد. چەناگەی نووساند بە ئێخەی کراسە پرتەقاڵیەکەیەوە و بێدەنگ گریا. لە دڵی خۆیدا گوتی: "دایکم ون بووە؟" 
خەڵکەکەش كە زانییان لەبەردەم دووكانی شیرنەمەنییەكەدا، كچێكی قژڕەشی جل پرتەقاڵی دایكی لێ ون بووە و لەوێ وێستاوە، یەک یەک و دوو دوو هاتن و لە دەوری کۆبوونەوە. 
 
بارانی پرسیارەکان لە زار و لە چاو و لە ئاماژەی دەستەکانی ئەو خەڵکەوە دادەباری و خۆیان بە جەستە لاوازەکەیدا دەکێشا. بەڵام، ئەو بێ ئاوڕدانەوە لە پەلاماری ئەو هەموو پرسیارە، تەنیا و واقوڕماو، بیری لە دایکی دەکردەوە. لێوی توند قووچاندبوون و چەناگەی دەلەرزی. لەوەی دایکی هیچ هەوڵێکی بۆ دۆزینەوەی نەدابوو، لەوەی لەناو ئەو هەموو خەڵکە نامۆیەدا بەتەنیا بەجێیهێشتبوو، تووشی شۆک ببوو. هەموو گیانی دەلەرزی. بووکەڵەکەی توند توند بە سنگیەوە نووساندبوو، سەری بووکەڵەکەی ماچ دەکرد و دەگریا. ڕەنگە بۆ دڵدانەوەی خۆیشی بووبێت، بیری لەوەش کردبێتەوە کە بێگومان دایکی لە لایەکی دیکەی بازاڕەکەوە بە خۆی و چارشێوە ڕەشەکەیەوە وەکوو باڵندەی بێچوو لێونبوو بەرەو ئەملا و ئەولا دەفڕێت و سۆراغی کچێکی لەڕ و لاوازی قژڕەشی جلپرتەقاڵی دەکات کە بووکەڵەیەکی قژکاڵی جلشینی لە باوەشە. بەڵام  دەمەقاڵێیەکەی ناو بەندیخانەی بیرکەوتەوە. پێیوابوو کچێکی باش نییە دەنا، دایک و باوکی هێندە شەڕیان نەدەکرد. هەر بۆیە دایکی بە ئانقەست لەناو ئەم جەنجاڵییەدا بەجێیهێشتووە.
 
لەپڕ ئەو پیاوە درێژە چاکەت و پانتۆڵ ڕەساسیەی بیر کەوتەوە کە جارێکیان لەگەڵ دایکی چووبوونە دووکانەکەی و دووکانەکەشی لە شوێنێکی ئاوها جەنجاڵدا بوو. ئەم سەرەتا لێی دەترسا و لەپشت چارشێوەکەی دایکییەوە خۆی شاردبووەوە. کابراش لەحاڵێکدا کە زەردەخەنەیەکی سەیر لەسەر لێوە شینەکانی بوو، مۆڕەیەكی لێ كردبوو، پاشان دەستی چەپی بە سمێڵە ڕەشەکەیدا هێنابوو، ئەو دەستەکەشی لە درزی چارشێوەکەی دایکیەوە بردبووە ناو. ڕوومەتەکانی دایکی سوور هەڵگەڕابوون، بەڵام هیچی نەگوتبوو. پاشان بەبێ ئەوەی ئاوڕ لەم بدەنەوە، بۆ چەند ساتێک ئەمیان لەگەڵ شاگردەکەی کابرا بەتەنیا بەجێهێشتبوو و چووبوونە ناو ئەو ژوورەی دەرگاکەی لە پشت تاقە قوماشەکانەوە بوو... بیری هاتبووەوە لە پاش چەند ساتێک  دایکی  و پیاوەکە کە هێشتا هەر زەردەخەنە سەیرەکەی لەسەر لێو بوو، یەک لە دوای یەک لە پشت تاقە قوماشەکانەوە هاتبوونە دەرەوە. پیاوەکە چاوێکی لە دایکی قرتاندبوو، پارەی خستبووە ناو جانتاکەی و بە دەنگێکی گڕەوە گوتبووی: "هەمیشە ئاوا بە، کچی باش جار و بار سەردانمان بکە..."  ئەم سەرەڕای ئەوەی لێی ترسابوو، لە خەیاڵی خۆیدا گوتبووی: چەند پیاوێکی باشە پارە دەداتە دایكم. پاشان دایکی دەستی گرتبوو، لە گەڕانەوەدا گوتبووی: "بە کەس مەڵێ چووینە ئەو دووکانە باش؟" ئەمیش سەری تەکان دابوو.
 
جەنجاڵییەکی سەیر دروست ببوو. کچەکە هەر وا باوەشی بە بووکەڵەکەیدا کردبوو، هەرچی راشیاندەکێشا بیبەن بۆ بنکەی پۆلیس نەدەجووڵا، تەنانەت ئیتر بێدەنگیەکەی شکاندبوو، بە دەنگی بەرز دەگریا. پیاوی خاوەن دووکانی شیرینەمەنییەکە وەڕەس لەو جەنجاڵییە درێژخایەنە، گوتی:  ئەی هاوار دەرەقەتی ئەو فیسقەیە نایەن بیگرنە باوەش و بیبەن؟ پاشان دەستی ڕاوەشاند و گوتی: بیبەن. بۆ هەرکوێیەکی دەبەن بیبەن. بەس لەم بەر دووکانەدا نەیبینم، ئەمڕۆی لێ تێکدام. ویستیان لە باوەشی بگرن و بە زۆر بیبەن، بەڵام یەكبەخۆی دەیزریکاند. دەست و قاچی ڕادەوەشاند و دەگریا و دەپاڕایەوە کە نەیبەن. دەیگوت کە کچێکی باشە و نەیخەنە بەندیخانەوە. لەناو ئەو بگرە و بەردەیەدا لەپڕ چنگی لە چاوی ئەو ژنە ئەسمەرە چارشێوڕەشەی کە بە هێزەوە هەوڵی دەدا لە باوەشی بگرێ، گیر کرد. زیڕە لە ژنەکە بەرزبووەوە و دەستی کرد بە جنێودان. بەر لەوەی خەڵک و ژنە ئەسمەرەکە بە خۆیاندا بێنەوە، پرتەقاڵێکی بچووک لەناو سەرسوڕمانی خەڵکەکەدا تلی خوارد و خێرا هەڵهات.
 
بۆ هەڵهاتن لەو خەڵکە و بە هیوای دۆزینەوەی دووکانی پیاوە جل ڕەساسییە زەبەلاحەکە کە پێیوابوو ڕەنگە دایکی چووبێتە ئەوێ، بە هەموو توانایەوە رایدەکرد... رایکرد... رایکرد.. رایکرد تا گەیشتە کۆڵانێکی چۆڵ. هێشتا هەر خەریکی راکردن بوو کە بە بیستنی دەنگی پێیەکانی خۆی بەئاگا هاتەوە و، زانیی کە ئیتر لەو جەنجاڵییە رزگاری بووە. راوەستا. هانکەهانک سەری بەرز کردەوە و خۆی لە گەمارۆی دیوارە خشتییە بەرزەکانی کۆڵانەکەدا بینی کە ملیان بەرەو ئاسمان هەڵکشابوو. بە ترسەوە لە حاڵێکدا کە دەمی وشک ببوو، سەرنجی دەرگاکانی دەدا. 
 
هیچکام لەو دەرگایانە لە دەرگاکەی ئەوان نەدەچوو. لە حاڵێکدا کە پەنجەکانی دەستی راستی بە دیوارە کۆنە خشتیەکاندا دەهێنا، بە ترسەوە چەند هەنگاوێک چووە پێشێ. زبریی دیوارەکان رووشانی قامکەکانیان هێنایەوە سوێ. خێرا دەستی لە دیوارەکە بەردا. لەپڕ دەنگی هەناسەبڕکێیەک لە پشت سەریەوە ڕایچڵەکاند. بە ترسەوە ئاوڕی دایەوە. بووکەڵەکەی بوو. وا دیاربوو لە کاتی ڕاکردندا بەرببووەوە و ئەویش بۆ ئەوەی لە یەکتر ون نەبن، بە شوێنیدا رایکردبوو، ئێستا هانکەهانک لە پشت سەریەوە ڕاوەستابوو. کچەکە بە بینینی بووکەڵەکەی هەناسەی ئاسوودەیی کێشا، باوەشی پێیدا کرد و داسەکنا. بووکەڵەکە زەردەخەنەیەکی بۆ کرد. دەستەکانی گرت و بە میهرەبانییەوە گوشی. پاشان پێکەوە لە تەنیشت  دیوارێکەوە و لەسەر زەویەکە دانیشتن. کچەکە سەری نایە سەر شانی بووکەڵەکە و چاوەکانی لێكنان. 
 
هەتاوە گەرمەكەی نیوەڕۆی لەسەر كەوتبوو. دەنگی لای لایە دەهات. کچەکە لە باوەشی بووکەڵە جلشینەکەیدا خەوتبوو.