لە کتێبخانەکەی جەلالەدینی رۆمیدا

 
بە ئەلیف شەفەق پێشکەشە.. 
 
ئەم شانۆنامەیە دوای خوێندنەوەی رۆمانی "چل رێساکەی عەشق" نووسراوە
 
*** 
کتێبخانەیەکی سەردەمی کۆن. تەواوی شوێنەکە بە کتێب داپۆشراوە. پەنجەرە و دەرگاش ھەر لەشێوەی کتێبدایە، ئەوەی لەو حوجرەیە دەردەکەوێت شێوەی کتێبێکی فراوانە، چرا و ھەندێک فەرشی رەنگاوڕەنگ و رەفە و شوێنی تایبەت دانراون بۆ پاراستن و دانانی کتێبەکان، جەلالەدینی رۆمی و شەمسی تەبرێزی لەوێدا نوقمی ناو کتێبەکان بوونە. 
 
ئەوان بێئاگا لەھەر چیرۆکێک لاپەڕە و دەستنووسی کتێبەکان ھەڵدەدەنەوە، ھەست بە گۆڕانکاریی زەمەن دەکەین لەڕێگەی تاریکبوون و پەنابردنە بەر چراکان، مۆسیقای فلوتێک تێکەڵ بەو کتێبخانەیە بووە کە لەوە دەچێت ئەوان لەڕۆحی خۆیان و لەناو کتێبەکاندا بیژەنن.
 
دەنگ: من شەمسی تەبرێزی دەستنووسی ئەو کتێبە بەجێدێڵم لەوانەیە ڕۆژگارێکی دوور کە ئێمە لەژیاندا نەمابین، ئەوکات ئێوە ئاشنای ئەو دەستنووسە ببن، ئەوە نووسینەوەی ساتە بوونگەراکانە لەگەڕان بەدوای عیشق و خودا کە بە کتێبی عیشق وخودا دەگات بەدەستی ئێوە، کتێبێک لە کتێبخانەکەی جەلالەدینی رۆمی نووسراوە. 
 
شەمس: دەزانی رۆمی من بە منداڵی خودام بینی، ئەو کات پێموابوو ئەوانیتریش وەک من دەیبینن، کەچی زۆری ویست تا تێگەیشتم ئەوە من بووم بینیم و ئەوانیتر نەیانبینیبوو.
 
رۆمی: من بەردەوام لەناو کتێبەکاندا بەدوایدا دەگەڕێم؟
 
شەمس: بۆ دۆزینەوەی دەبێت واز لەکتێبەکان بێنیت، لەناو ڕۆحی خۆت بیدۆزەوە، نەک لەناو کتێبەکان.
 
رۆمی: دەروونی ھەژاری من چۆن شوێنی دۆزینەوەیە؟
 
شەمس: کێشەکە لەوەیە لە ئاسمان و لەناو کتێبە پیرۆزەکاندا بەدوایدا بگەڕێین، ئەو لەناو دەروونی پاکی تۆ لە قوڵاییدایە، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن لەو قوڵاییەوە دەیبینیت.
 
رۆمی: ھێندە بڕوا بەپاکیی دەروونی من مەکە.
 
شەمس: مەترسە خودا تەنیا لەناو دەروونی ئێمەدا نییە، سۆزانیەکان و پیاوکوژەکانیش دەتوانن لەناو دەروونی خۆیاندا بیدۆزنەوە.
 
"رۆمی لێی ورد دەبێتەوە، بێئەوەی ھیچ شتێکی پێبڵێت، ڕووناکیی کتێبخانەکە بەرەو کزبوون دەڕوات، دەنگی مۆسیقاکە و ڕۆشنایی چراکان زیاتر دەردەکەون، رۆمی ھەڵدەستێتەوە بەناو ژوورەکەدا ھاتوچۆ دەکات، شەمس خەریکە لە شوێنی خۆی خەوی لێدەکەوێت، رۆمی ئاوڕی لێدەداتەوە شەمس خەوتووە و مۆسیقاکەش بێدەنگ بووە، تەنیا رۆمی و چراکان لە ژوورەکەدا ڕووناکی پەخش دەکەن، رۆمی چراکان دەکوژێنێتەوە، تەنیا ڕووناکییەک نەبێت لەناو کتێبەکان ھێشتا ڕۆشنایی دەبەخشێت، دەڕوات بەرەو لای ئەو ڕووناکیەی لە سووچێکی کتێبخانەکەیە، دەکەوێتە خوێندنەوەی دەستنووسێک"  
 
رۆمی: ڕێگای راستی بەدڵدا تێدەپەڕێت نەک بە عەقڵدا، ھەر ئەوەش دەتگەیەنێت بە خودا. 
 
"لە خوێندنەوە دەوەستێ، شەمس لەوەدا بەتەنیا رێگایەک نادۆزێتەوە بۆ گەیشتن بەخودا، ھێندەی ڕێگایەک بۆ عەشق دێنێت. ئەوە عەشقە، دڵ دەبات بۆ قووڵاییەکانی ناخ، ئاخۆ عەشقی دڵ دەنووسرێتەوە؟ یان تۆ دەدۆزمەوە؟ خودایە کۆمەکم بکە،  لەو عەشقە ڕووناکیی خۆتم پێ ببەخشە.
 
"ڕوناکی دەکەوێتە سەر شەمس کە لەوە دەچێت ماوەیەک بێت گوێی لە قسەکانی رۆمی ڕاگرتبێت"
 
شەمس: ئاسان بە ڕووناکی ناگەیت، کە پێی گەیشتیت، بۆ ھەتا ھەتایە لەناو ڕووناکیدا دەمێنیتەوە.
 
رۆمی: بەڵام چۆن بزانم پێی گەیشتووم؟ چۆن بیدۆزمەوە؟
 
شەمس: کاتێک ھەستت بە ڕوناکی دڵت کرد ئەو کات تێدەگەیت نووری ئەو ڕێگات نیشان دەدات تا بەدوایدا بگەڕێیت، ئەو تەنیا لەڕێگەی دڵەوە پێیدەگەیت.
 
رۆمی: ڕۆژگارێک تەنیایی وەک ڕێگای گەیشتن بۆ من دەرکەوتبوو، من و کتێبەکان لە تەنیایی بەدوای ئەودا دەگەڕاین.
 
شەمس: ئەی ئێستا چی؟
 
رۆمی: ئێستا، نا ئێستا تەواو جیاوازە، ڕێگاکە تەنیایی نییە، بەڵکو خەڵوەتە
 
شەمس: زۆر ڕاستە رۆمی، خەڵوەت ناهێڵێ تەنیا بیت، بەڵکو گوزەرت پێدەکات بەناو ڕووناکیەکانی دڵ.
 
رۆمی: شەمس ئەگەر تۆ نەبوویتایە من چیم دەکرد.. ڕەنگ بوو ھەمیشە لەناو تەنیاییدا بەرەو نائومێدی بڕۆیشتبام
 
شەمس: من ھیچ کارێک ناکەم، ئەوەی کردوومە تەنیا پەنجە خستە سەر ترپەی لێدانی دڵی تۆیە کە چۆن ئاراستەکەی بەرەو 
 
ڕاستی بڕوات، تەنیا ناوەندی دڵتە کە ڕێرەوەکە بەرەو تیشکەکە ببەم
 
رۆمی: ئەوە سەختە، لەوە تێدەگەم، بەڵام خۆ گەیشتن بە خۆشەویستی ھەر دەبێت لەڕێگەی ئازارەوە بێت
 
شەمس: ئەوە خۆشەویستیە دەمانگۆڕێت و دەمانکات بە کەسێکیتر، مرۆڤ ئەو دەمەی لەڕێگەی خۆشەویستیەوە دەست بە گەڕانەکانی دەکات ئیدی دەبێت بە کەسێکی تر.
 
رۆمی: شەمس ئاخۆ خۆشەویستی خودا بەتەنیا لەخودادا بەرجەستە دەبێت؟
 
شەمس: نازانم ئەوە پرسیاری تۆیە یان خواستە کە بزانیت بۆچوونی من چییە، بەبێ خۆشەویستی بەندەکانی خودا چۆن دەتوانین بەدوای خۆشەویستی خودادا بگەڕێین، رۆمی من دڵنیام تۆ دەزانی بۆ ئەوەی خودامان خۆشبوێت و بەدوایدا بگەڕێین دەبێت بەر لە خودا تەواوی بەندەکانی خودامان خۆشبوێت.
 
رۆمی: شەمس قسەی منیش لەوەیە کاتێک لە ئاسماندا بەدوای خودادا بگەڕێین و بەندەکانی ئازار بدەین چۆن دەتوانین خودا بدۆزینەوە؟
 
شەمس: بۆیە دەبێت دەروونی خۆمان پاک راگرتبێت، دڵمان پڕ بێت لە خۆشەویستی و ڕق و کینەمان نەبێت، گەڕان بەدوای خودا نابێت کاری یەکەم بێت، بەڵکو دواھەمین کارمان بێت.
 
رۆمی: شەمس مەگەر خودا لەیەکەم ساتەوە بەتەرازووی چاکە و خراپە کارەکانمان ھەڵناسەنگێنێت؟
 
شەمس: باشە تۆ پێتوایە خودا لە مەکە یان مەدینەیە؟
 
رۆمی: ئەو لە ھەموو شوێنێکە
 
شەمس: بەڵام خەڵکانێک سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەوێ ماڵی خودایە وەک ئەوەی ھەر مزگەوتێکی تر ماڵی خودا نەبێت
 
رۆمی: قسەکەت لەوە نییە کە سەردانی ئەوێ نەکەن، ئەوە دەزانم، مەبەستتە بڵێی خودا دەبێت لەدڵماندا بێت نەک لە شوێنەکان.
 
شەمس: ھەر ئەوەیە، کە خودا لە دڵماندا بوو، ئەوە نیازی دڵمانە دەزانێت کاری خراپ ئەنجام دەدەین یان چاکەکار دەبین، ئەو کاتە تەرازووی چاکە و خراپەش نامێنێت.
 
"رۆمی بێدەنگ دەبێت سەیری دەکات سەری کەمێک دادەگرێت و دواتر دەکەوێتە قسەکردن"
 
رۆمی: مەبەستتە بڵێی ئەو تەرازووە نییە و ئەوە دڵی ئێمەیە بەرەو لای چی دەڕوات؟
 
شەمس: خودایەک بەو ھەموو مەزنیەوە چۆن دەکرێت وەک بەقاڵ سەیری بکەین و تەرازوو بخەینە بەردەستییەوە، خودای ئێمە لەنیەتی دڵمانەوە سەیری چاکە و خراپە دەکات نەک لە تەرازووی بەقاڵێکەوە.
 
رۆمی: ئەو وردبینی و تێڕامانەت دەمگەیەنێتە ئەوەی کە دەڵێن پردی سیرات موسوڵمانان پێی دەپەڕنەوە بۆ بەھەشت و ئەوانیتر لێی دەکەونە خوارەوە بۆ ناو ئاگری دۆزەخ، ئەویش بوونی نییە؟
 
شەمس: بەدڵنیاییەوە مرۆڤ لەکاتی گوناھدا ھەست بەخراپەکاری خۆی دەکات، بەر لەوەی خودا بڕیاری دۆزەخی بۆ بدات ئەو دەزانێت چ خراپەیەکی کردووە، وەک چۆن لەچاکەکاریدا ھەمان شت دەزانێت.
 
"رۆمی لە شوێنەکەی خۆی ھەڵدەستێتەوە دەچێت لە سووچێکی کتێبخانەکە ئەو سینییە نەخشەدارە دێنێت کە قاپێک شەراب و دوو پیاڵەی مسی لەسەرە، شەمس چاودێری دەکات و دێتەوە پیاڵە مسەکان پڕ دەکات لە شەراب و ئەوەی خۆی لەدەمی خۆی نزیک دەکاتەوە و شەمس دەستی دەگرێت و نایەڵێت بیخواتەوە"
 
شەمس: مەیخۆرەوە 
 
رۆمی: چی بووە؟ ئەی بۆچی منت نارد تا بچمە مەیخانەکە و بەبەرچاوی ئەو خەڵکەوە شەراب بکڕم و وەک نیعمەتێکی خودایی قسەیان بۆ بکەم.
 
شەمس: بۆ ئەوە نەمگوت شەراب بێنێت تا لەبەر من بیخۆیتەوە، تەنیا کاتێک کە ھەستت کرد پێویستت بەو مەستییەیە.. ناردنی تۆ تەنیا وەک ئەزموونێکی ڕۆحی گوتم ئەو کارە بکە.. تۆ وەک کارێکی ڕۆحی ئەوەت کرد
 
رۆمی: بەڵام ئامادە بووم بیخۆمەوە.
 
شەمس: کاتێک بیخۆوە گەر ھەستت کرد ئەو عەشقەی دڵت پێویستی بە مەستیە.
 
"مۆسیقایەک لە ئامێرێکی فلوتەوە، باڵ بەسەر کتێبخانەکەدا دەگرێت و بەھۆی تۆنی مۆسیقاکەوە ئەوانیش بێدەنگ دەبن و تەنیا جوڵەکانیان دەبینین، شەمس شەرابەکە لەخۆی نزیک دەکاتەوە و دوو پیاڵە لە شەرابەکە دەخواتەوە رۆمی کڵاوەکەی خۆی لەسەر دەکات، ھەڵدەستێتەوە، ئەو کتێبەی بەردەستی دەخاتەوە شوێنی خۆی، ئاوڕێک لە بۆشاییەکی ناکۆتا دەداتەوە و دەکەوێتە جوڵەکردن. جوڵەیەک لە پێشەوەی کتێبخانەکە دەیبینین کە لە قوڵاییدا شەمس سینیی قاپە شەرابەکە دەخاتەوە شوێنی خۆی، رۆمی جوڵەکانی لەگەڵ مۆسیقاکە ڕێکخستووە و سەمایەکی عاریفانە دەکات، شەمس بەشداری لە سەماکەیدا دەکات تا ڕیتمی کتێبخانەکە سەما داگیری بکات، دیمەنەکە بریتیە لەسەما و مۆسیقا، سەماکەی رۆمی دەچێتە حالەتێکی بێھۆشی کە تیایدا خۆی لەناودا ون دەکات و بەئاگا نایەتەوە لێی، دەنگی بانگی مزگەوت زاڵ دەبێت بەسەر دەنگی مۆسیقاکەدا".
 
شەمس: رۆمی ئەوە بانگی بەیانیە با دەست بە نوێژەکانمان بکەین
 
رۆمی: ئەی ئێمە لەکەیەوە خەریکی چین؟ 
 
"رۆمی سەماکەی ڕانەگرتووە، بەڵام دوای ئەو دیالۆگە شەمس بەردەوام دەبێتەوە لە سەماکەی و سەما عاریفانەکەیان کتێبخانەکەی داگیر کردووە و سەر شانۆ تەواو ڕووناک دەبێتەوە و خۆی ھاتووەتە ناو کتێبخانەکەوە".