مه‌دام میتران بۆ مو‌سا عه‌نته‌ر: "په‌یمانتان پێده‌ده‌م ئیدی ببمه دایكی كوردان!"
به‌شێك له په‌رتووكی بیره‌وەرییە‌كانی مو‌سا عه‌نته‌ر
له توركییه‌وه: محه‌ممه‌د عزه‌دین
هه‌ندێكجار پیاوێكی هه‌ژار، یان خه‌زێنه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه، یانیش به رێككه‌وت له یانسیبێك پاره‌یه‌كی زۆری بۆ ده‌رده‌چێ و له پڕێک ده‌بێته كوڕێك و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت. رێك وه‌ك ئه‌و نموونه‌یه، یه‌كتر ناسینی من و مه‌دام میترانیش به‌و شێوه‌یه بوو.
ساڵی 1991، به هه‌زاران كورد، له ده‌ست رژێمی سه‌دامی وه‌حشی بۆ رزگاركردنی گیانی خۆیان، له كوردستانی عێراقه‌وه په‌ناهه‌نده‌ی سنووری توركیا بوون. وه‌ك ئه‌وه‌ی حكومه‌تی تورك بۆ كورد زۆر باشتر بێ له حكومه‌تی سه‌ددام حوسێن. بنۆڕنه مێژوووی كورد چه‌ند سه‌یره، كورد به‌رده‌وام له كوردستانی نیشتمانی خۆی و له‌سه‌ر خاكی خۆی بووه‌ته په‌ناهه‌نده، یانیش به‌رده‌وام قاچاغ بووه. ئه‌و رووداوانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه به‌سه‌ر كورددا هاتووه، ته‌نیا له‌و به‌سه‌رهاته‌ی تازه باسمكرد كورت نه‌بووەته‌وه. چونكه گه‌ر سه‌یری په‌رتووكه‌كه‌ی لۆرد كوردزۆنی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئینگلته‌ره‌ی دوای ساڵانی 1895 بكه‌ین به‌ناوی (ئێران)، له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت رووداوێكی له‌و شێوه‌یه ده‌گێڕێته‌وه:
هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئیران و عوسمانی به‌رده‌وام لای ئێمه سكاڵایان له‌یه‌كدی ده‌كرد. زۆربه‌ی شكایه‌ته‌كانیشیان به‌و شێوه‌یه بوو" عوسمانییه‌كان و ئێرانییه‌كان زوو زوو سنووری یه‌كدی ده‌به‌زێنن و ده‌چنه ناو خاكی یه‌كدی. منیش، وه‌كو سه‌رۆكوه‌زیران، له کۆنسوڵی ته‌برێز و دیاربه‌كری خۆمانم پرسی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و وه‌ڵامی ئه‌وان بۆمن به‌و شێوه‌یه بوو: به‌ڕێزم ئه‌و شوێنه‌ی سكاڵای لێده‌كرێت كوردستانه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ش ده‌ژی كورده، ئه‌و كوردانه‌ش له‌سه‌ر خاكی خۆیان دێن و ده‌چن. یانی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به عوسمانییه‌كان و ئێرانییه‌كانه‌وه نییه، ئه‌وان ئاگاشیان له سنووره‌كانیان نییه، چونكه گه‌ر ئاگاداریش بن قبووڵی ناكه‌ن. واته ئه‌و سنووربه‌زاندنه‌ی ئێرانییه‌كان و عوسمانییه‌كان باسیان ده‌كرد به‌و شێوه‌یه بوو. واته هاتووچۆ و گه‌ڕان و سووڕانی كورد بوو له‌سه‌ر خاكی خۆیان، نه‌ك بۆ ئامانجێكی دیكه‌ی سیاسی ".
كورد، ئه‌وه‌نده‌ی پێیانكرابوو، خۆیان و ماڵ و منداڵیان له چه‌په‌ڵۆكی سه‌دامی فیرعه‌ونی كوڕی فیرعه‌ون رزگاركردبوو، كه‌چی له توركیا، وه‌كو په‌ناهه‌نده‌یه‌كی سیاسی نا، به‌ڵكو وه‌كو دیلی جه‌نگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا. له مێردین و دیاربه‌كر و موش، له‌سه‌ر زبڵدان به‌ناو كامپیان بۆ دروست كردبوون و له ژیانێكی مه‌مره و مه‌ژیدا رۆژیان ده‌كرده شه‌و. له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كات، دۆخ و هه‌واڵیان گه‌یشته ناوه‌نده‌كانی میدیای جیهانی، دوای ئه‌و هه‌واڵانه، راسته‌وخۆ، مه‌دام میترانی خێرخواز و خانه‌دان، له ساڵی 1988 بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه دۆخی ژیانی كورده‌كان له‌ناو ئه‌و كه‌مپانه‌ی دروستكرابوون ببینێ، سه‌ردانی توركیای كرد.
پڕۆگرامی پڕۆتۆكۆڵی سه‌ردانه‌كه‌ی خاتوون، به شێوه‌یه‌كی سه‌یر، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بوو:
1- له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی له توركیا یه‌كدییان نه‌ده‌بینی.
2- سه‌ردانی كامپی په‌نابه‌ره‌كانی ده‌كرد له دیاربه‌كر و موش و مێردین و قه‌زای خۆسه‌ر.
3- له‌گه‌ڵ له‌یلا زانا و دكتۆر ئه‌كره‌می سه‌رۆكی شاره‌وانیی موش و من كۆده‌بۆوه.
4- له گه‌ڕانه‌وه‌ی، هه‌رچی بینیبووی و زانیاریی له‌سه‌ر كۆكردبۆوه، له رێگای راپۆرتێكه‌وه ده‌یگه‌یانده ده‌زگا خێرخوازییه‌كانی جیهان و گرووپه دیموكراته‌كان و ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی مافی مرۆڤ و سه‌رۆكی وڵاتانی په‌یوه‌ندیدار و په‌رله‌مانتارانیان.
ئه‌وكاتی، له لادێكه‌ی خۆمان بووم. شه‌و ئۆتۆمبێلێك له دیاربه‌كره‌وه هات و داوایكرد له‌گه‌ڵی بچم، پرسیاری هۆكاره‌كه‌یم لێ‌كرد؟ ئه‌ویش پێیڕاگه‌یاندم به‌یانی مه‌دام میتران دێته دیاربه‌كر و له‌ناو پرۆگرامی سه‌ردانه‌كه‌یدا جه‌ختی له‌وه كردووەته‌وه، كه ده‌بێ تۆش ببینێت. خاتوو میتران ویستبووی له گونده‌كه‌ی خۆمان سه‌ردانم بكات، بۆیه له ئه‌نقه‌ره گوتبووی "مووسا عه‌نته‌ر به ته‌مه‌نه و شه‌رمه من بانگهێشتی دیاربه‌كری بكه‌م ". به‌ڵام په‌رله‌مانتاره كورده‌كان ئه‌ویان رازی كردبوو، كه له دیاربه‌كر یه‌كدی ببینین. به‌پێی ئه‌و قسانه بێت كه بۆیان باسكردم، ئاوایان به مه‌دام میتران گوتبوو: “كاك مووسا گوێ به‌و شتانه نادات، جا بۆ خانمێكی وه‌ك ئێوه‌ی به‌ڕێز كه بۆ پرس و حاڵی كورد تا ئێره هاتوون، نه‌ك بۆ دیاربه‌كر، مووسا عه‌نته‌ر بۆ دۆزه‌خیش ده‌چێت ".
به‌یانی زوو، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك، بۆ پێشوازیی مه‌دام میتران چووینه فڕۆكه‌خانه‌ی دیاربه‌كر. ده‌سكه‌گوڵێكیان دامێ، تا ئه‌و كاته‌ی خانم له فڕۆكه هاته خواره‌وه من پێشكه‌شی جه‌نابیان بكه‌م و به‌خێرهاتنی بكه‌م. كه‌چی هێزه‌كانی ئاسایش نه‌یانهێشت بچینه ناو فڕۆكه‌خانه، جا له‌وه خۆشتر هه‌ر كه مه‌دام له فرۆكه هاته خواره‌وه، هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌ویان له ده‌رگای تێرمیناڵه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیفڕێنن، خسته ناو ئۆتۆمبێلێك و بردیان، به‌ڵام ئێمه‌ش ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بووین و به سه‌دان ئۆتۆمبێلی دیكه به‌دوایداچووین. مه‌دام میتەران له هۆتێل پاڵاسی گه‌شتیاری له دیاربه‌كر دابه‌زی. به‌پێی پڕۆگرامی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌و رۆژه، مه‌دام میتەران به وته‌ی خۆی سه‌ردانی كامپی دیله‌كانی جه‌نگی له دیاربه‌كر و مێردین و موش ده‌كرد و، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژیش له‌گه‌ڵ ئێمه داده‌نیشت. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش پڕۆگرامه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرا.
سه‌ره‌تا جه‌نابیان، له‌گه‌ڵ له‌یلا زانا كۆبوونه‌وه، دواتر له‌گه‌ڵ دكتۆر ئه‌كره‌م و دواتریش من. به‌ر له دیداره‌كه، گه‌نجێك هاته لام و گوتی: "خانم ده‌ڵێ به چ زمانێك قسه ده‌كات، تا به‌پێی ئه‌وه وه‌رگێڕ ئاماده بكرێت؟ بۆ نموونه توركی، عه‌ره‌بی، فارسی، یان هه‌ر یه‌كێك له زمانه ئه‌وڕوپییه‌كان؟ ". منیش له وه‌ڵامدا گوتم: "برا ده‌شێ به یه‌كێك له‌و زمانانه‌ش قسه بكه‌ین، به‌ڵام گه‌ر وه‌رگێڕی كوردیتان هه‌یه، ده‌مه‌وێ به زمانی خۆم قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م". نێرده‌كه‌ی خانم رۆیشت و دوای ماوه‌یه‌ك هاته‌وه و فه‌رمووی لێكردم. چووینه ئه‌و ژووره‌ی مه‌دام میتران لێی ده‌ماوه، كاتێك خاتوون منی بینی، وه‌كو رێزێك بۆ پێشوازی لێكردنم تا به‌ر ده‌رگا هات.
ده‌سته‌كانی گرتم و چه‌ند هه‌نگاوێك به‌ره‌و شوێنی دانیشتنه‌كه چووینه پێش. به‌ر له دانیشتن گوتم: “ مه‌دام له‌ناو کولتووری ئێوه‌ی ئه‌وڕوپی گه‌ر پیاو چه‌ند به ته‌مه‌نیش بێ، ده‌ستی ئه‌و ئافره‌ته ماچ ده‌كات، كه یه‌كەمجاره یه‌كدی ده‌ناسن، جا گه‌ر ئافره‌ته‌كه گه‌نجیش بێت، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد خۆشیمان له‌و کولتووره نایه‌ت، چونكه ئه‌وه یه‌كێكه له نه‌ریته‌كانی چینی بورژوازی و جگه له‌وه‌ی ئه‌و عاده‌ته هه‌ستێكی سێكسیشی تێدایه، وه‌لێ ئێمه‌ی كورد، گه‌ر ده‌ستی ئافره‌تێكمان ماچ كرد و له‌سەرسه‌ری خۆمان دانا، ئیدی ئه‌و ئافره‌ته وه‌ك دایكی خۆمان هه‌ژمار ده‌كه‌ین. بۆیه گه‌ر ده‌رفه‌ت بده‌ن ده‌مه‌وێ ده‌ستتان ماچ بكه‌م و له‌سه‌ری خۆمی دانێم، تا ئێوه‌ش ببنه دایكی كوردان". ئینجا ده‌سته‌كانیم ماچ كرد و له‌سه‌ری خۆم دانا، ئه‌ویش بەجارێک كه‌وته ژێر کاریگەریی ئه‌و قسانه‌م و گوتی "سه‌یركه مامه گیان، منیش په‌یمانتان پێده‌ده‌م ئیدی ببمه دایكی كوردان! “. ئینجا باوه‌شی پێداكردم و چووین دانیشتین.
یه‌كه‌م قسه‌ی مه‌دام میتران به‌و جۆرە بوو: "مامه‌گیان گفتوگۆ و دانیشتنی نێوانمان له رووی كاته‌وه دیاریكراو نییه، بێ ئه‌وه‌ی په‌له بكه‌ی به ئیسراحه‌ت قسه بكه‌ن. سه‌ره‌تا هه‌ندێك پرسیارمان هه‌یه، ئینجا چیتان ده‌وێت بیڵێن. چونكه ده‌مه‌وێ به دوور و درێژی له‌گه‌ڵ ئێوه قسه بكه‌م ! ". دوای ئه‌و قسانه، باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا هاته ژووره‌وه، به‌ڵام خاتوون پێی راگه‌یاند تا بچێته ده‌ره‌وه. هۆكاری ئه‌وه‌م لێپرسی بۆچی ناردتانه ده‌ره‌وه؟ خاتوون له وه‌ڵامدا گوتی: "ئه‌و پیاوێكی باش نییه و كاتی خۆشی په‌یامنێری رۆژنامه‌ی (لی مۆندا) بووه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ". پرسیم "باشه گه‌ر كه‌سێكی باش نییه، بۆچی كردووتانه‌ته باڵیۆز؟ ". مه‌دام میتەران: " پیاوێكه پڕ به پێستی توركیا". دوای ماوه‌یه‌ك، گفتوگۆ فه‌رمییه‌كانمان كۆتاییپێهات و له‌سه‌ر پرسی جیاواز جیاواز ده‌ستمان به قسان كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر له‌یه‌كمان رابینی، هه‌ندێكجار له‌ناو قسه‌كان حه‌نه‌كیشمان ده‌كرد. بۆ نموونه له‌كاتی ئاخافتنه‌كانماندا من شتێكی ئاوام گوت:
"خاتوون زۆر سه‌یره به‌لامه‌وه، پیاوی ئه‌وڕوپی و ئه‌مریكی كوردیان خۆشناوێ، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئافره‌ته‌كانیان كوردیان لا ئه‌زیزه! ".
به پێكه‌نینه‌وه گوتی: "یانی چۆن؟ "
من: "له‌و باره‌یه‌وه دوو نموونه‌تان پێده‌ڵێم. ڕۆزڤێڵتی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، هیچ به‌لای پرس و دۆخی ئێمه‌ی كورده‌وه نه‌ده‌هات، به‌ڵام خوالێخۆشبوو ئه‌لینا خانمی خێزانی، تا ئه‌وكاته‌ی كۆچی دوایی كرد، هاوكاری و خۆشه‌ویستیی خۆی بۆ ئێمه نه‌پچڕاند".
دیسان به پێكه‌نینه‌وه گوتی: "نا نا، ئیدی پیاوه‌كانیش پشتگیری پرسه ره‌واكه‌تان ده‌كه‌ن". ئینجا به‌رده‌وام بوو: "مامه ته‌مه‌نت چه‌نده؟ ".
من: "نازانم ته‌مه‌نی راسته‌قینه‌م چه‌نده، چونكه له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان وه‌ك ئێستا تۆماری ساڵی له دایكبوون نه‌بوو، نه‌شده‌چووینه سه‌ربازی و باجیشمان نه‌ده‌دا، جا لای حكومه‌ت په‌یماننامه‌ی هاوسه‌رگیریشمان نه‌بوو، یانی ده‌توانم بڵێم نیمچه سه‌ربه‌خۆیه‌ك ده‌ژیاین؛ به‌ڵام دوای دامه‌زراندنی كۆماری توركیا، بیرم دێت كاتێك چوومه قوتابخانه، داوای ناسنامه‌یان لێكردم، بۆیه منیان برده دادگای نوسه‌یبین، له‌وێ دكتۆرێك و دادوه‌رێك و داواكارێكی گشتی سه‌یری ددانیان كردم، له‌گه‌ڵ شوێنێكی بەعه‌یبی جه‌سته‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی بزانن كه‌ی له دایك بوومه، به ساڵی كۆچی منیان به له دایكبووی 1336 واتا 1920ی زاینی له قه‌ڵه‌مدا، به‌ڵام دایكم ده‌یگوت: "كوڕم تۆ ساڵێك دوای كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نی و كریستیانه‌كان له دایك بووی !". كاتێك باسی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كانم كرد، مه‌دام دڵی پڕ بوو، ئینجا گوتی: “من زۆر خۆشیم له دیاربه‌كر هات“. له وه‌ڵامدا: “مه‌دام ئێوه خانمی یه‌كه‌می ئه‌وڕوپانه و خه‌ڵكی پاریسن و له كۆشكی ئێلیزێ ده‌ژین، سه‌یره چۆن دیاربه‌كری هه‌ژارتان پێ جوان و خۆش بووه؟".
وه‌ڵامی دامه‌وه:
"با پێت بڵێم چۆن! دوێنێ شه‌و، كاتێك ئه‌و شاره هه‌مووی خه‌وتبوو، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ هاوكارانم گوتمان با پیاسه‌یه‌كی ناو شار بكه‌ین. باوه‌ڕبكه‌ن، كاتێك به‌ناو دیاربه‌كردا گه‌ڕاین، هه‌ستمده‌كرد دار و به‌ردی ئه‌و شاره ده‌یه‌وێت قسه‌م له‌گه‌ڵ بكات، بۆیه گه‌ر ئه‌و شاره به شه‌ڕه‌فه مێژوووییه جوان نه‌بێت، ئه‌ی چی جوانه؟ راسته پاریسی ئێمه به یه‌كێك له كۆنترین شاره‌كانی ئه‌وڕوپا داده‌نرێت، به‌ڵام گه‌ر سه‌یری بكه‌ین ته‌مه‌نی ته‌نیا 900 ساڵه، به‌ڵام سه‌یری دیاربه‌كری دایكی مێژوو بكه، ئه‌وه‌نده كۆنه كه مرۆڤایه‌تی ناتوانێ مێژوویه‌كی راستی دامه‌زراندنی ئه‌و شاره‌مان پێبڵێت. رەنگە ته‌مه‌نی پێنج یان ده هه‌زار ساڵ بێت". منیش ئه‌و وتانه‌ی مه‌دامم وه‌كو ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزێك بۆ من و نه‌ته‌وه‌كه‌م قبوڵكرد و پێی دڵخۆش بووم. ئینجا به پێكه‌نینه‌وه گوتی "ئێوه تۆزێك پێش ئێستا باسی شكۆ و گه‌وره‌یی و جوانی كۆشكی ئێلیزێتان كرد، باشه گه‌ر من داوه‌تی ئه‌و كۆشكه‌تان بكه‌م، ئایا دێنه لامان؟".
له‌وه‌ڵامی میوانداریه‌كه‌ی گوتم:
"سوپاسی ئه‌و میواندارییه گه‌رمه‌تان ده‌كه‌م، جا بۆ كۆشكی ئێلیزی نا، به‌ڵكو با میواندارییه‌كه بۆ باخێکی پاریس بێت، هه‌رچه‌نده حكومه‌تی توركیا پاسه‌پۆرتیشم ناداتێ ". وه‌ڵامی دامه‌وه: " باشه گه‌ر من شتێك بكه‌م و پاسه‌پۆرتتان بۆ وه‌رگرم، ئه‌وكات سه‌ردانمان ده‌كه‌ن؟".
من: "به دڵنیاییه‌وه".
دوای دیداره‌كه، خانم زۆری هه‌وڵ دابوو بۆ وه‌رگرتنی پاسه‌پۆرتی من، بۆ ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش قسه‌ی كردبوو، بۆیه داوه‌تنامه و بلیتی فڕۆكه‌شی بۆ ناردم تا به‌شداری كۆنفڕانسی كورد بكه‌م له پاریس، به‌ڵام حكومه‌تی توركیا پاسه‌پۆرتی نه‌دامێ تا بتوانم ئه‌و گه‌شته بكه‌م. هۆكاری نه‌دانی پاسه‌پۆرته‌كه‌شم له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه زۆر پێكه‌نین ئامێز بوو. ئه‌وان ده‌یانگوت گوایه له دادگای نوسه‌یبین دۆسیه‌یه‌كم له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی من كاری قاچاغ و كلاوات ده‌كه‌م و خه‌ڵك هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنم، بۆ وه‌رگرتنی پاسه‌پۆرته‌كه‌شم ئه‌و دۆسیه‌یه ده‌بووه رێگر. له‌سه‌ر ئه‌و به‌هانه‌یه چوومه دادگای نوسه‌یبین، به‌ڵام پێیانگوتم هیچ داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ت له‌سه‌ر نییه. گه‌ڕامه‌وه لای پۆلیس و گوتیان له نوسه‌یبینه‌وه نووسراوێكی فه‌رمیمان بۆ بهێنه له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ت، به‌ڵام دادوه‌رانی دادگای نوسه‌یبین گوتیان ناتوانین هیچ كتابێكت بۆ بكه‌ین له‌سه‌ر دۆسیه‌یه‌ك كه له‌دادگا نییه لای ئێمه. به‌و شێوه‌یه كاتی بەستنی كۆنفرانسه‌كه تێپه‌ڕی و منیش تووڕه بووم و پێمگوتن به‌ر نه‌عله‌تی خوا بكه‌ون، ئیدی وازم له مامه‌ڵه‌ی دەرهێنانی پاسه‌پۆرت هێنا.