لە ئیزمیر نەشتەرگەرییەکی جوانکاریی لووت بە کارەسات کۆتایی هات
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا، کچێکی تەمەن 23 ساڵان دوای نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت، تەندروستیی تێکچوو و دوای هەشت رۆژ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، گیانی لەدەستدا. دایکی کچەکەش دەڵێت: "ئەو پارەیەی بۆ نەشتەرگەرییەکەمان دا، پارەی کفنی کچەکەم بوو."
خەدیجە ئۆنجوو، تەمەن 23 ساڵ، رۆژی چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026 بە مەبەستی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت، چووە نەخۆشخانەی تایبەتیی (مەترۆپۆل) لە شارۆچکەی چیغلی لە ئیزمیر، بەڵام لە ژووری نەشتەرگەریدا تەندروستی تێکچوو و جارێکی دیکە بەئاگا نەهاتەوە.
دوای تێکچوونی بارودۆخی، خەدیجە بۆ بەشی چاودێریی چڕی هەمان نەخۆشخانە و دواتر بۆ نەخۆشخانەی شار لە ئیزمیر گوازرایەوە، بەڵام هەوڵی پزیشکەکان بێسوود بوون و رۆژی پێنجشەممە 30ـی نیسان گیانی لەدەستدا.
رەمزیە کاناک، دایکی خەدیجە، بە دڵێکی شکاوەوە باس لە ساتە مەرگئامێزەکانی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "کچەکەم کاژێر 14:00 بردرایە ژووری نەشتەرگەری. بڕیاربوو تەنیا کاژێر و نیوێک بخایەنێت، بەڵام بەئاگا نەهاتەوە. پزیشکەکان بە درۆ کاتیان دەکوشت و دەیانگوت تەنیا کەمێک ئاوساوی هەیە، بەڵام راستییەکەی مێشکی مردبوو."
دایکی خەدیجە ئاماژە بەوەش دەکات کە کچەکەیان بە مردنی مێشکەوە بۆ نەخۆشخانەی شار گواستووەتەوە و دەڵێت: "هەشت نۆ رۆژ کچەکەم چاوی نەکردەوە. من بە چ زەحمەتێک کچەکەم گەیاندە تەمەنی 23 ساڵی، ئەگەر بمزانیایە دەیکوژن هەرگیز نەمدەبرد بۆ ئەوێ."
کەسوکاری خەدیجە سکاڵایان لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەکە و پزیشکەکان تۆمار کردووە. دایکی خەدیجە دەڵێت: "ئەو 70 هەزار لیرەیەی وەک خەرجیی نەشتەرگەرییەکە دام، راستییەکی وەک پارەی کفنی کچەکەم بوو. دەمەوێت دادپەروەری جێبەجێ بێت و ئەو نەخۆشخانەیە دابخرێت."
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ئیزمیر دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و کارگێڕی کردووە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە گەنجە و دیاریکردنی ئەوەی ئایا کەمتەرخەمیی پزیشکی هەبووە یان نا.
تەرمی خەدیجە ئۆنجوو بۆ دادپزیشکی گواستراوەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، دوای نوێژی نیوەڕۆ، لە شارۆچکەی کۆناک لە ئیزمیر بە خاک بسپێردرێت.