توێژەران ئامێرێکی زیرەکی دەستکرد بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنی شوێنی نەشتەرگەری پەرەپێدەدەن

رووداو - تەندروستی

مایۆکلینیک رایدەگەیێنێت، سیستمێکی ژیریی دەستکرد (AI)یان پەرەپێداوە کە دەتوانێت بە وردییەکی زۆرەوە هەوکردنی شوێنی نەشتەرگەری لەڕێگەی ئەو وێنانەوە دەستنیشان بکات کە نەخۆشەکان خۆیان دەینێرن. ئەم داهێنانە دەتوانێت شێوازی چاودێریکردنی نەخۆش دوای نەشتەرگەری بگۆڕێت.
 
سەنتەری مایۆکلینیک ئاماژە بەوەدەکات، ئەم سیستمە توانای شیکردنەوەی وێنەی برینی نەشتەرگەری هەیە کە نەخۆشەکان لەڕێگەی  ئۆنڵاینەوە بۆ پزیشکەکانیانی دەنێرن، سیستمەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی شوێنی برینەکە دەناسێتەوە، کواڵیتیی وێنەکە هەڵدەسەنگێنێت و نیشانەکانی هەوکردن دیاری دەکات.
 
سەنتەرەکە جەختیکردەوە، سیستمەکە لەسەر زیاتر لە 20,000 وێنە راهێنانی پێکراوە کە لەلایەن زیاتر لە 6,000 نەخۆشەوە لە 9 نەخۆشخانەی مایۆکلینیک نێردراون، مۆدێلەکە توانیویەتی بە رێژەی 94% شوێنی برینی نەشتەرگەری دەستنیشان بکات و بە رێژەی 81%ش نیشانەکانی هەوکردن بناسێتەوە.
 
دکتۆر کۆرنیلیۆس سیڵز، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەم مۆدێلە زیرەکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پۆلێنکردنی وێنەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، کە ئەمەش دەستنیشانکردنی پێشوەختە باشتر دەکات و پەیوەندیی نێوان نەخۆش و تیمی پزیشکی ئاسانتر دەکات."