پزیشکێک: حەبی رێگریکردن لە دووگیانی لە هەندێک خانمدا دەبێتە هۆی شێرپەنجە
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز رایدەگەیێنێت، حەبی رێگری لە دووگیانی ئەگەری شێرپەنجەی مەمک لە هەندێک خانم زیاد دەکات، بەڵام لە دوو جۆری دیکەی شێرپەنجە دەتپارێزێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 1-9-2025 دکتۆر هێڤین حەمەئەمین، پزیشکی دەرمانساز لە بووڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، مەترسیی حەبی رێگری لە دووگیانی بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەو خانمانە زیاد دەکات کە بازدانی بۆماوەیی یان مێژووی خێزانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکیان هەیە، بۆیە پێوستە بەر لە بەکارهێنانی راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.
دکتۆر هێڤین حەمەئەمین دەڵێت "پێش ئەوەی دەرمانساز حەبی رێگری لە دووگیانی بداتە هەر خانمێک، پێویستە چەند پرسیارێکی سەرەکی لێبکات، لەوانە پرسیارکردن لە مێژووی تەندروستیی کەسەکە، بەتایبەتی گرفتی خوێنمەین و بەرزیی پەستانی خوێن".
دکتۆر هێڤین حەمەئەمین ئاماژە بەوەدەکات "دەبێت پرسیار لەبارەی بەکارهێنانی دەرمانی دیکەوە بکرێت''، چونکە "بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی دیکە وەکو دژەبەکتریا، هەندێک لە تەواوکەرە خۆراکییەکان و دەرمانەکانی پەرکەم (فێ) کاریگەرییان لەسەر حەبەکە هەیە."
سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی حەبەکە، دکتۆر هێڤین دەڵێت: کاریگەرییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێن و هەندێک لە باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکان بریتین لە دەرکەوتنی زیپکە، قژوەرین و تێکچوونی سووڕی مانگانە.
دکتۆر هێڤین گوتی، "حەبی رێگریکردن لە دووگیانی یەکێکە لە رێگەکانی رێکخستنی خێزان و پلاندانان بۆ وەچەخستنەوە، کە دەرفەت بە خانمان دەدات بڕیار لە کاتی منداڵبوون بدەن''.