توێژینەوەیەک: دەنکۆڵەی رێگری لە دووگیانی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشک دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، دەرمانە هۆڕمۆنییەکانی رێگریکردن لە دووگیانی، کاریگەرییان تەنیا لەسەر کۆئەندامی زاوزێ نییە، بەڵکو دەتوانن گۆڕانکاریی بەرچاو لە پێکهاتە و فەرمانەکانی مێشکیشدا دروست بکەن.
بەپێی توێژینەوەکە، کە لەلایەن "کۆمەڵەی دەروونناسیی ئەمریکی" (APA) ئەنجامدراوە، گۆڕانکاری لە ئاستی هۆڕمۆنەکاندا دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەواوی جەستە هەبێت، لە کاردانەوەی مێشک بۆ گوشاری دەروونییەوە بگرە تاوەکو دەگاتە توانای فێربوون و پرۆسەی سۆزداری.
کۆمەڵەکە روونی دەکاتەوە، حەبی رێگری لە دووگیانبوون بە شێوازێک کاردەکات کە رێگری لە دەردانی هۆڕمۆنە سرووشتییەکانی وەکو ئیسترۆجین و پڕۆجسترۆن بکات. ئەمەش نەک هەر دەبێتە هۆی رێگریکردن لە پرۆسەی هێلکەدانان، بەڵکو کاریگەریی لەسەر ئەو بەشانەی مێشکیش دادەنێت کە هەستیارن بەم هۆڕمۆنانە.
د. نیکۆڵ پیتەرسن، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆی کالیفۆڕنیا گوتی: "مێشک پڕە لە وەرگری هۆڕمۆنی. کاتێک ئاستی هۆڕمۆنەکان دەگۆڕێت، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر مێشک دروست دەکات."