توێژینەوەیەک لە چین: حەبی رێگری لە دووگیانی نیشانەکانی خەمۆکی کەم دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
زانکۆی ژێجیانگی چینی دەریدەخات، بەکارهێنانی حەبی رێگریکردن لە دووگیانی نیشانەکانی خەمۆکی کەم دەکاتەوە، بەتایبەت لە قۆناخی پێشوەچوونە نێو تەمەنی وەستانی سووڕی مانگانە.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ژێجیانگی چینی کراوە و دەرکەوتووە، ئەو خانمانەی بۆ ماوەیەکی درێژ حەبی رێگریکردن لە دووگیانی بەکاردەهێنن، ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکییان لە قۆناخەکانی دواتری ژیانیاندا کەمترە.
توێژینەوەکە پشتی بە ئاماری زیاتر لە 960 خانم بەستووە، کە تەمەنیان لە نێوان 45 بۆ 65 ساڵیدا بووە دەرکەوتووە ئەو خانمانەی کە بۆ ماوەی 10 ساڵ یان زیاتر حەبی رێگری لە دووگیانییان بەکارهێناوە، بە شێوەیەکی بەرچاو ئەگەری تووشبوونیان بە نیشانە مامناوەند و تووندەکانی خەمۆکی کەمتر بووە، بەراورد بەو خانمانەی کە هەرگیز ئەو حەبەیان بەکارنەهێناوە. ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییەکی پێچەوانە هەیە لەنێوان ماوەی بەکارهێنانی حەبی رێگریکردن لە دووگیانی ئاوێتە و تووندیی نیشانەکانی خەمۆکی.
د. یاجینگ سون، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "بەکارهێنانی درێژخایەنی حەبی رێگری لە دووگیانی رەنگە کاریگەریی پارێزگاریی هەبێت دژی نیشانەکانی خەمۆکی لە خانمانی پێگەیشتوودا."
کاریگەرییە نەرێنییەکانی حەبی رێگریکردن لە دووگیانبوون
-گۆڕانی سووڕی مانگانە
-لاوازیی سێکسی
-زۆربوونی بەکتریایی ئەندامی زاوزێی خانمان
-تێکچوونی دەروون
-گۆڕانی کێش
-ئازاری مەمک
-سەرئێشە و لاسەرئێشە
- رشانەوە