رزگاربوویەکی شێرپەنجە: بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە جەنگێکی ئاسایی نییە و توانیم سەرکەوم
رووداو - تەندروستی
خانمێکی رزگاربووی شێرپەنجە باس لەوە دەکات، چۆن بەسەر نەخۆشییەکە زاڵبووە و داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ''هاوکاریی تووشبووانی نەخۆشییە سەختەکان بکات''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1-10-2025 ئاشنا محەممەد، رزگاربووی شێرپەنجەیە و چیرۆکی خۆی لە بووڵتەنی تەندروستیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "هەستم دەکرد تەندروست نییە، ماندووبوونێکی زۆر، ئازارێکی زۆری جەستە و ماندووبوونێکی زۆر لە قاچەکانم هەبوو، بۆیە بڕیارمدا پشکنینی بایۆپسی بکەم." دوای دوو رۆژ، ئەنجامی پشکنینەکەی دەریخست کە تووشی شێرپەنجە بووم.
ئاشنا محەممەد، ئاماژە بەوە دەکات کە هەمیشە مۆراڵ و هێزی بەخۆی بەخشیوە بۆ ئەوەی بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵ بێت و دەڵێت، "شێرپەنجە جەنگێکی ئاسایی نییە و توانیم سەرکەوم."
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم ئاشنا محەممەد، نەبوونی دەرمانی پێویست بووە لە هەرێمی کوردستان. ئەو دەڵێت، "دەرمانەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان نییە و دەچوومە دەرەوە وەرم دەگرت، ئەمەش لەڕووی دەروونییەوە کاریگەریی زۆری خستبووە سەرم." بۆیە داوا دەکات، "حکومەتی هەرێم بودجەیەک تەرخان بکات بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشییەکی سەخت دەگرن."