رووداو - تەندروستی
زانکۆی ئۆریگۆن لە ئەمریکا گەیشتووەتە دەرەنجامێک کە تێکەڵکردنی دوو دەرمانی باو دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو پرۆسەی چاکبوونەوەی برینە درێژخایەنەکان خێراتر بکات، ئەمەش هیوایەکی نوێ دەبەخشێت بەو کەسانەی بەدەست برینی شەکرە و برینی سەرجێگاوە دەناڵێنن.
زانکۆی ئۆریگۆن لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات تێکەڵەیەکی لە دوو دەرمانی جیاواز تاقیکردووەتەوە. دەرکەوتووە کە ئەم تێکەڵەیە بە دوو ئاراستەی سەرەکی کاردەکات: یەکەم، هەوکردن لە ناوچەی برینەکەدا کەمدەکاتەوە، و دووەم، هانی گەشەی شانە و دروستبوونی بۆڕییە نوێیەکانی خوێن دەدات، کە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ چاکبوونەوە.
لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکاندا، ئەم چارەسەرە نوێیە توانیویەتی برینەکان بە خێراییەکی زۆر زیاتر و کاریگەرییەکی باشتر لە چارەسەرە باوەکان ساڕێژ بکات. توێژەران دەڵێن، ئەم تێکەڵەیە ژینگەیەکی لەبار بۆ چاکبوونەوەی سرووشتیی لەش دروستدەکات.
میلانیا سپێرۆ پسپۆڕی بایۆلۆژی لە زانکۆی ئۆریگۆن دەڵێت " ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت رێگە بۆ دروستکردنی مەرهەمی نوێ خۆش بکات کە راستەوخۆ لەسەر برینەکان بەکاربهێنرێن. هەرچەندە هێشتا پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر و تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ هەیە، بەڵام وەک هەنگاوێکی گەورە بەرەو چارەسەرێکی کاریگەرتر بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا سەیر دەکرێت."
برینە درێژخایەنەکان، کێشەیەکی پزیشکیی باون و چارەسەرکردنیان قورسە، بەتایبەتی لەنێو تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە و ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر جێگا دەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ