توێژینەوەیەک: نابێت ئازاری سووڕی مانگانەی تەمەنی نەوجەوانی پشتگوێبخرێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک هۆشداری دەدات لە پشتگوێخستنی ئازاری تووندی سووڕی مانگانە لە تەمەنی نەوجەوانی و رایدەگەیێنێت، دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستیی جیدی لە داهاتوودا.
 
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کوینزلاند لە ئوسترالیا لەسەر 9 هەزار خانم کراوە و دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی لە تەمەنی نەوجەوانی 14 بۆ 16 ساڵدا تووشی ئازاری سووڕی مانگانە دەبن، لە تەمەنی بیستەکاندا سێ هێندە ئەگەری تووشبوونیان بە ئازاری درێژخایەن زیاترە بە بەراورد بە هاوتەمەنەکانی.
 
توێژینەوەکەی زانکۆی کوینزلاند ئاماژە بەوەشدەکات، جگە لە ئازاری درێژخایەن، ئەم نەوجەوانانە دووچاری کێشەی دیکەی وەک نەخۆشییەکانی هەرس، هەستیاری، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبنەوە.
 
د. دیئیردری مۆلۆنی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "نزیکەی 90٪ی کچانی گەنج ئازاری سووڕی مانگانە ئەزموون دەکەن، بەڵام زۆرجار ئەم ئازارە بە "ئاسایی" دادەنرێت و چارەسەری پێویستی بۆ وەرناگیرێت. ئەم پشتگوێخستنە دەبێتە هۆی ئەوەی سیستمی دەماری ناوەندیی جەستە زۆر هەستیار بێت بەرامبەر بە ئازار، ئەمەش حاڵەتێکە پێی دەگوترێت "هەستیاریی ناوەندی".
 
د. دیئیردری دەڵێت: "ئەم هەستیارییە وا دەکات جەستە بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست وەڵامی ئازار بداتەوە، کە دواتر دەبێتە بنەمایەک بۆ گەشەکردنی ئازاری درێژخایەن لە بەشەکانی دیکەی جەستەدا، وەک ئازاری پشت، شەقیقە، و ئازاری حەوز".