توێژینەوەیەکی نێوخۆیی: نیوەی منداڵانی هەرێمی کوردستان بە خراپی شاشەکان بەکاردەهێنن
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هەڵەبجە ئاشکرای دەکات، زیاتر لە نیوەی منداڵانی هەرێمی کوردستان شاشەکان خراپ بەکاردەهێنن و 12.8٪ـیان ئالوودەی شاشەکانن.
توێژینەوەکە لە زانکۆی هەڵەبجە لەسەر 655 منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵی هەرێمی کوردستان کراوە و دەرکەوتووە، 53.8٪ـی منداڵانی بەشداربوو شاشەکانیان خراپ بەکارهێناوە و 12.8٪ـیش ئالوودەی شاشەکانن.
توێژینەوەکە دەریدەخات، نزیکەی 88٪ـی منداڵان کێشەی تەندروستیی کورتخایەن و 97٪یان کێشەی تەندروستیی درێژخایەنیان هەبووە. توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئالوودەبوون بە رێژەی 57.7٪ هۆکارە بۆ کێشە کورتخایەنەکان و بە رێژەی 26.2٪ هۆکارە بۆ کێشە درێژخایەنەکان.
یەکێکی دیکە لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەیە، ئالوودەبوون لەنێو ئەو منداڵانەی لە خێزانە دەوڵەمەندەکان یاخود گوندنشینەکانن زیاتر بووە.
د. جەعفەر ئەحمەد، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند: "ئەم ئامارانە زەنگێکی مەترسیدارن بۆ دایک و باوکان و سیستمی پەروەردە. پێویستە هۆشیاریی زیاتر بڵاوبکرێتەوە و رێنوێنی بدرێتە خێزانەکان بۆ سنووردارکردنی کاتی بەکارهێنانی شاشەکان و هاندانی منداڵان بۆ چالاکیی جەستەیی و کۆمەڵایەتی."
ئێمەش بۆچوونی هاونیشتمانییانمان وەرگرتووە و گوتمان، بزانین چی دەڵێن لەبارەی بەکارهێنانی شاشە لەلایەن منداڵەوە.
منداڵەکەم بەهۆی زۆر بەکارهێنانی شاشەکان قسەکردنی دواکەوت ئەمە قسەی یەکێک لە هاونیشتمانییان بوو، یەکێکی دیکەش دەڵێت، منداڵەکەی 6 بۆ 7 کاژێر مۆبایل بەکاردەهێنێت و باوکێکیش دەڵێت، رۆژانە ناهێڵێت منداڵەکەم زیاتر لە نیو کاژێر بۆ کاژێرێک موبایل بەکاربهێنێت.