زانکۆی کوان لە ئوسترالیا: دووجۆری وەرزشکردن گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان خاو دەکەنەوە
رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی کوان لە ئوسترالیا دوو جۆری باوی وەرزشکردن کە وەرزشی قورس و مامناوەندن، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە خاوکردنەوەی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان، چونکە سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەکەن.
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کوان لە ئوسترالیا دەریدەخات کە وەرزشکردن، چ ئەوانەی چڕ و ماوە کورتن وەک راکردنی خێرا و پشوودان، چ ئەوانەی مامناوەند و بەردەوامن وەک رۆیشتن، دەتوانن سیستمی بەرگریی جەستە بۆ هێرشکردنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان "دابڕێژنەوە". بەپێی توێژینەوەکە، هەرچەندە هەردووکیان سوودبەخشن، بەڵام وەرزشی چڕ کاریگەریی بەهێزتری هەبووە و قەبارەی گرێی شێرپەنجەیی بە رێژەی 50٪ کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا وەرزشی مامناوەند بە ڕێژەی 45٪ کاریگەریی هەبووە.
زانکۆکە ئاماژە بەوەدەکات، لە کاتی وەرزشدا، هۆرمۆنی ئەدریناڵین دەردەدرێت، کە یارمەتیی جۆرێکی تایبەتی خڕۆکەی سپی خوێن بەناوی "خانەی T کوژەر" دەدات بچنە ناو گرێ شێرپەنجەییەکەوە و هێرشی بکەنە سەر.