زانکۆی ڤیەننا: گەیشتووینەتە رێگەیەکی نوێ بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمک
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی ڤیەننا، گەیشتوون بە رێگەیەکی نوێ بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک، ئەویش لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنیکێکی نوێی وێنەگرتنەوە.
زانکۆی ڤیەننا لە نەمسا، رایانگەیاند، کە جۆرە پێپتایدێکی فلۆرۆسێنتیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت لە یەک کاتدا وێنەی وەرگرەکانی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین بگرێت و چالاکیشیان بکات.
زانکۆکە ئاماژە بەوەدەکات ئەم تەکنیکە نوێیە، یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دابەشبوونی وەرگرەکانی ئۆکسیتۆسین لە شانە گرێییەکاندا، و شیکردنەوەی کارەکانیان، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دۆزینەوەی نیشانەی نوێی دەستنیشانکردن یان ئامانجی چارەسەری، کە رەنگە شێوازی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک بگۆڕێت.
پڕۆفیسۆر د. مارکوس موتێنتالەر سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت "پێشتر، پەیوەندی نێوان ئۆکسیتۆسین و شێرپەنجەی مەمک روون نەبوو. هەندێک توێژینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاستی بەرزی وەرگرەکانی ئۆکسیتۆسین لەوانەیە پەیوەندی بە زیادبوونی هەستیاری خانە شێرپەنجەییەکانەوە هەبێت، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە پێیانوابوو کەمبوونەوەی ئەم وەرگرانە لەوانەیە هانی دروستبوونی گرێ شێرپەنجەییەکان بدات."