خاوەنی داوەتی نانخواردنەکەی دهۆک خۆیشی نازانێت چۆن تووشی کۆرۆنا بووە
رووداو - دهۆک
ئەو کەسەی بووە هۆی تووشبوونی 52 کەس لە دهۆک کە هەموویان ئامادەی داوەتێکی نانخواردن بوون، سەرچاوەی تووشبوونەکەی دیارنییە و نازاندرێ خۆی چۆن تووشبووە، بۆیە تەندروستی دهۆک هۆشداری دەدات کە تووشبووی شاراوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە هەبێت.
حەمزە رەزیکی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەمەنی ئەو 33 تووشبووەی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە راگەیێندران لەنێوان 11 بۆ 70 ساڵیدایە و هەموویان بەرکەوتەی کەسێکن کە دیار نییە چۆن تووشبووە و سەرچاوەی تووشبوونەکەی چییە.
داوەتەکە رۆژێک دوای جەژنی رەمەزان و لە 27-5-2020 بووە، ئەو کەسە کە ناوی لەلای تۆڕی میدیایی رووداو پارێزراوە خوانێکی بۆ کەسوکارەکەی خۆی رێکخستووە، بەپێی زانیارییەکان 60 کەس لە کەسوکاری تێیدا بەشداربوون کە منداڵیشیان لەگەڵدا بووە.
ئەو کەسە دوای داوەتەکە نیشانەکانی کۆرۆنای تێدا دەرکەوتووە و چووە بۆ نەخۆشخانە، لەوێ پزیشکەکان گومانیان لێکردووە و ناردوویانە بۆ پشکنینی کۆرۆنا، بەو شێوەیە دەرکەوتووە کە تووشبووی کۆرۆنایە، پاشان پشکنین بۆ 180 کەس لە بەرکەوتەکانی کراوە و تاوەکو ئێستا 52 کەس ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە.
تەندروستیی دهۆک ئێستا بەدواداچوون و پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکات کە بەریەککەوتنیان لەگەڵ ئەو 33 تووشبووە هەبووە، بۆیە پێشبینی دەکات ژمارەی تووشبووان لە دهۆک زیادبکات.
لە 33 تووشبووەکەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیێندران، 10 کەسیان نیشانەکانی کۆرۆنایان هەیە و ئەوانی دیکە نیشانەیان نییە.
تائێستا لە دهۆک 91 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 21 کەسیان چاکبوونەتەوە و ئێستا 70 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندان.
رەوشی زۆرینەی تووشبووانی کۆرۆنا لە دهۆک جێگیرە، حەمزە رەزیکی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، یەک نەخۆش کە تەمەنی 53 ساڵە، پێش چەند رۆژێک رەوشی تەندروستی باش نەبوو و پێویستی بە ئۆکسجین بوو، ئەوانی دیکە رەوشیان باشە.
لە کۆی تووشبووەکانی دهۆک، تائێستا سەرچاوەی تووشبوونی دوو کەسیان دیار نییە، بۆیە تەندروستی دهۆک دەڵێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە تووشبووی شارەوا لەناو دهۆکدا هەن، بۆیە داوا دەکات خەڵک خۆیان بپارێزن.
ئێستا لە دهۆک یەک نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا هەیە، نەخۆشخانەیەکی دیکەش ئامادەیە لە ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان، نەخۆشخانەیەکی دیکەی 100 قەرەوێڵەییش تەواوبووە. بەگشتی پارێزگاکە توانای وەرگرتنی 180 تووشبووی کۆرۆنای هەیە.
گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیادبکات، ئەوا پلانی دیکەیان دەبێت بۆ دابینکردنی شوێنی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا.
سەبارەت بە تووشبووەکان، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، لە تووشبووەکانی دهۆک، حەوت کەسیان لە شارەکانی عێراقەوە گەڕاونەتەوە کە خەڵکی قەزای ئاکرێن و لە بەغدا کاردەکەن.
تائێستا لە پارێزگای دهۆک 17 هەزار و 500 پشکنی کۆرۆنا کراوە بۆ دۆزینەوەی تووشبووانی کۆرۆنا ئەنجامدراوە، پلانی وەزارەتی تەندروستیش لە رۆژانی داهاتوودا ئەوەیە کە ژمارەی پشکنینەکان زیادبکات.