رۆژانە بایەخدان بە خواردنی میوە لە نەخۆشیی شەکرە دەتپارێزێت
رووداو- دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکانی ئوستراڵیا پەیوەندی نێوان بایەخدان بە خواردنی میوە و کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمی ئاشکرادەکات.
توێژینەوە نوێیەکە لەلایەن پزیشکانی پەیمانگەی پێرس بۆ توێژینەوە لە زانستی خۆراک لە ئوستراڵیا ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی (Clinical Endocrinology & Metabolism) بڵاوکراوەتەوە.
د. نیکۆلا بۆندۆنۆ، پسپۆڕی زانستی خۆراک و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، بۆمان دەرکەوتووە ئەوانەی رۆژانە دوو ژەم لە میوە دەخۆن مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمی بە رێژەیی ٪36 کەمتردەبێتەوە.
پسپۆڕەکەی زانستی خۆراک روونیدەکاتەوە ئەوەی بۆمان دەرکەوتووە تەنیا پەیوەستە بە خواردنی خودی میوەکە نەک شەربەتی میوە.
توێژینەوەکە بە سوود وەرگرتن لە 7،675 کەس ئەنجامدراوە، تێیدا پزیشکان بەدواداچوونیان بۆ شێوازی ژیان و خۆراکی بەشداربووان کردووە و بۆیان دەرکەوت ئەو بەشداربووانەی رۆژانە لایەنی کەم دوو ژەمی میوەیان خواردووە مەترسیی تووشبوونیان بە شەکرە بە رێژەی ٪36 کەمتربووە بە بەراورد بەوانەی بایەخ بە خواردنی میوە نادەن.
لەبارەی هۆکارەکەشی کە بۆچی میوە لە تووشبوون بە شەکرە دەمانپارێزێت، پزیشکانی ئوستراڵیا دەڵێن ئەوانەی میوە دەخۆن کەمتر ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنن بۆ ئەوەی شەکری خوێن دابەزێنێت، واتە ئەو شەکرەی لەنێو میوەکاندا هەیە گوشارێکی ئەوتۆ لەسەر پەنکریاس دروستناکات و رێگە لە بەرهەڵستیکردنی خانەکان بۆ کاری ئەنسۆلین دەگرێت.