رووداو - تەندروستی
ئەکادیمیای پسپۆڕانی پێست لە کەنەدا چوار رێگە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشیی بەقاوخبوون کە ناسراوە بە سەدەف ئاشکرادەکات کە یەکێک لە رێگەکان دوورکەوتنەوەیە لە جگەرە و نێرگەلە.
ئەکادیمیا کەنەدییەکە روونی دەکاتەوە، جگەرە و نێرگەلە هەوکردنی جەستە زیاددەکەن بەمەش هانی نیشانەی نەخۆشییەکە دەدات کە خراپتربێت.
یەکێکی دیکە لە رێگەکان کە ئەکادیمیاکە پێشنیازی دەکات ئەوەیە کە تووشبووان بایەخ بە خۆراکە دژەئۆکسێنەرەکان بدەن وەکو 'چای سەوز، هەنار، گوێز، شلیک، توو و شوکولاتە، چونکە یارمەتیی کەمکردنەوەی نیشانەی نەخۆشییەکە دەدەن.
پسپۆڕێکی پێست لە ئەکادیمیاکە دەڵێت: ''تووشبووان باشترە جلوبەرگی تەسک لەبەرنەکەن، بۆئەوەی ئەو شوێنەی پێستەکەی هەڵدەوەرێت زیاتر نەڕووشێت و نابێت بە ئاوی گەرمیش خۆیان بشۆن.''
ئەکادیمیاکەی پێست لە کەنەدا هۆشداری دەداتە تووشبووان کە گوشاری دەروونی کەمبکەنەوە، بۆ ئەمەش پێویستە بایەخی زیاتر بە وەرزش و یۆگا بدەن.
بە گوێرەی ناوەندی کۆتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ناڕێکیی لە بەرگریی جەستە هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە ''سەدەف''، هەروەها لە جیهاندا زیتر لە 120 ملیۆن تووشبوو هەن و هەرچەندە هیچ چارەسەرێکی نەخۆشییەکە نییە، بەڵام لەڕێگەی چەند دەرمانێک و چارەسەریی تیشکییەوە دەتواندرێت نیشانەکانی کەمتربکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ