توێژینەوەیەک: برنج دەشێت گەشەی منداڵ بوەستێنێت

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاستی مەترسیداری مادەی ئارسێنیک لە برنجدا ئاشکرا دەکات و دەریدەخات دوو جۆری برنجی ئەمریکی و ئیتاڵی بەرزترین ئاستی ئارسینیکیان هەیە لەکاتێکدا برنجی یاسمینی تایلەندی و بەسمەتی هیندی لە نزمترین ئاستدان.
 
توێژینەوەکە لە ئەمریکا لەلایەن رێکخراوی (تەندروستیی منداڵان بۆ داهاتوویەکی گەش) ئەنجام دراوە، هۆشداری دەدات لەبارەی بوونی رێژەیەکی بەرز و مەترسیداری مادەی "ئارسێنیک" لەو برنجانەی کە لە بازاڕەکانی ئەمریکادا دەفرۆشرێن. ئەمەش نیگەرانیی زۆری دروست کردووە، بەتایبەت بۆ خانمانی دووگیان، منداڵانی بچووک و ئەو کەسانەی کە برنج بەشێکی سەرەکیی خۆراکی رۆژانەیانە.
 
د. مارگرێت کاراگاس، پڕۆفیسۆر لە کۆلێژی پزیشکیی گەیسڵ لە زانکۆی دارتمۆس، کە یەکێکە لەو پسپۆڕانەی سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی کردووە رایگەیاند: "ئارسێنیک یەکێکە لەو کانزا قورسانەی کە بە شێوەیەکی باو لە برنجدا هەیە و پەیوەندیی هەیە بە تێکچوونی گەشەی مێشکی منداڵان، هەروەها شێرپەنجە، نەخۆشیی شەکرە و دڵ لە گەورەساڵانیشدا زیاد دەکات.
 
لە توێژینەوەکەدا، پشکنین بۆ 145 نموونەی برنج کراوە کە لە بازاڕە گەورەکانی ئەمرکا کراون. دەرکەوتووە؛ هەموو نموونەکان "ئارسێنیکی نائۆرگانیک"یان تێدایە، کە ژەهراویترین جۆری ئارسێنیکە. ئەوەش دەرکەوتووە، برنجی قاوەیی رێژەیەکی زیاتری ئارسێنیکی تێدایە بە بەراورد بە برنجی سپی، چونکە ئەم مادەیە لە توێکڵ و ناوکی دەنکە برنجەکەدا کۆدەبێتەوە.
 
توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە کە برنجی ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا و برنجی جۆری ئاربۆریۆی ئیتاڵی بەرزترین رێژەی ئارسێنیکیان تێدایە، لە کاتێکدا برنجی یاسمینی تایلەندی و بەسمەتی هیندی لە نزمترین ئاستدان.