نەخۆشخانەی هیوا: بەراورد بە پار 7٪ کەمتر تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە
رووداو دیجیتاڵ
تۆمارکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لە 8 مانگی ئەم ساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 7٪ کەمی کردووە. جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، "هێشتا کێشەی کەمیی قەرەوێڵە و نەبوونی دەرمانی پێویستمان هەیە."
ئەمڕۆ (سێشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2024) زەردەشت محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 8 مانگی ئەم ساڵدا 3 هەزار و 395 تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەمان تۆمارکراون، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 261 تووشبوو کەمترە."
زەردەشت محەممەد گوتیشی، "هیوا تاکە نەخۆشخانەیە لە سنووری سلێمانی کە تایبەتە بە تووشبووانی شێرپەنجە؛ بۆیە هەر کەیسێکی لەو جۆرە هەبێت تەنیا لای ئێمە تۆماردەکرێت".
سەبارەت بە دۆخی نەخۆشخانەکە و خزمەتگوزارییەکان، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت، "لە رووی چارەسەری کیمیاییەوە کێشەیەکی ئەوتۆمان نییە، بەڵام کێشەی کەمیی چارەسەرە نوێیەکانی شێرپەنجە هەیە کە ئێستا لە جیهاندا بەکاردەهێندرێن، جگە لەوەی کەمیی قەرەوێڵەش کێشەیەکی دیکەیە و بەرۆکی نەخۆشخانەکەی گرتووە، بەتایبەتی هۆڵی منداڵان و بەتەمەنەکان، بەجۆرێک هۆڵی منداڵان کە 26 قەرەوێڵەیە پڕبووە و جێگەی تووشبووی دیکە نابێتەوە."
زەردەشت محەممەد دەڵێت، "تووشبووی زۆر هەن کە دێن و لە نەخۆشخانەکە خۆیان تۆماردەکەن، بەڵام لەبەر نەبوونی قەرەوێڵەی بەتاڵ، ناچارین بیاننێرینەوە بۆ ماڵەوە و ناویان لە سەرەدا دەنووسین."
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا، شێرپەنجەی خوێن و دەمار لەمنداڵاندا باوترینە، لە ژنانیش شێرپەنجەی مەمک و لە پیاوان شێرپەنجەی پرۆستات زۆرترین تووشبوویان هەیە.