FDA بەکارهێنانی حەبی فلۆرایدی بۆ ددانی منداڵان سنووردار کرد

رووداو - تەندروستی

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا(FDA)، رایگەیاند، کە رێکاری نوێ دەگرنەبەر بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی حەب و قەترەی فلۆراید.
 
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پێویستە حەب و قەترەی فلۆراید بۆ منداڵی خوار تەمەن 3 ساڵ، یان ئەو منداڵانەی کە مەترسیی کلۆربوونی ددانیان کەمە، بەکارنەهێندرێت."
 
دەزگا ئەمریکییەکە، لە راگەیێندراوەکەیدا هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە فلۆراید کاریگەریی لەسەر مایکرۆبایۆمی ریخۆڵە دەبێت.
 
د. مارتی ماکاری، کۆمیسیاری دەزگاکە، گوتی، "رێگەی باشتر هەن بۆ پاراستنی ددانی منداڵان لەوەی حەبی فلۆراید بەکاربهێنن، کە ئێستا دەرکەوتووە مایکرۆبایۆمی ریخۆڵە تێکدەدات، مایکرۆبایۆمیش زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی منداڵان و گەشەیان."
 
فلۆراید کانزایەکە بە شێوەیەکی سروشتی لە هەندێک خۆراک و ئاوی ژێرزەویدا هەیە و یارمەتی بەهێزکردنی چینی دەرەوەی ددانەکان (مینا) دەدات بۆ رێگریکردن لە کلۆربوون.