پسپۆڕێک: زوو دەستنیشانکردنی غودە لە منداڵاندا گرنگە

03-11-2025
بڕوا فەرهاد
دکتۆر لونا خالید - د. محەممەد مستەفا
دکتۆر لونا خالید - د. محەممەد مستەفا
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایگەیاند، دوو جۆر نەخۆشیی غودەی دەرەقی هەن، زیادبوون و کەمبوون، بەڵام زۆربەی منداڵان تووشی کەمبوونی غودەی دەرەقی دەبن و دەڵێت، "گرنگ ئەوەیە زوو دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت، چونکە ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت ئەوە منداڵەکە بێکێشە دەتوانێت ژیانی خۆی بەسەرببات."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 3-11-2025 د. محەممەد مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، "هەندێک هۆکاری دەرەکی هەن، هەروەها ئەگەر دایکی منداڵەکە هەڵگری نەخۆشییەکە بێت یان خواردن و خواردنەوەی رێژەیەکی زۆر لە ئایۆدین کاریگەریی هەیە، هەندێک منداڵ هەر لەگەڵ لەدایکبوونیانەوە تووشی دەبن."
 
سەبارەت بە چارەسەر، ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵان ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرییەکان بەگوێرەی کێشی منداڵەکە و رێژەی غودەکە دەدرێت بە منداڵەکە و گوتیشی، "دوای 2 بۆ 4 هەفتە لە دەستپێکردنی چارەسەر، هەروەها دوای مانگێک یان دوو مانگ و دواتریش ساڵێک، پێویستە پشکنینی غودەی دەرەقی دووبارە بکرێتەوە."
 
د. محەممەد مستەفا، روونیکردەوە کە زۆربەی منداڵان پێویستە چارەسەرەکان بۆ هەمیشە وەربگرن، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، "دوای ساڵێک بۆ ماوەی 4 بۆ 8 هەفتە دەرمانەکان رادەگرین، ئەگەر دوای ئەو ماوەیە پشکنینکرایەوە و منداڵەکە لە پشکنینەکان دەرچوو، ئەوا لە نەخۆشییەکە رزگاری بووە، بەڵام ئەگەر دەرنەچوو، ئەوا پێویستە منداڵەکە هەتا هەتایە دەرمانەکان وەربگرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە